د.ئارام محمد: بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى، پێویستى بە شەونخونى هەیە

وه‌ریری خوێندنی باڵا وه‌زاره‌ت به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا، پێویستى بە شەونخونى و کارى بەردەوام هەیە، بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى دامەزراوەکانیشمان، پێویستە هەمووان لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتیدابین.

ئەم جەتکردنەوەى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى بەسەرکردنەوەى هۆبەو بەش و بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگەکانى وەزارەت هات، کە ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (١٦/٧/٢٠١٩) لەگەڵ ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، یەکە بە یەکەى فەرمانگەکانى دیوانى وەزارەتى بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لەگەڵ مامۆستاو فەرمانبەرو ئەو هاوڵاتیانەى بۆ ڕایکردنى کاروبارەکانیان سەردانى وەزارەتیان کردبو گفتوگۆی کرد.

لەمیانى به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌یدا د. ئارام محمد قادر سوپاسىى ستافى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردو، ڕوو لە مامۆستا و فەرمانبەرانى وەزارەت دوپاتیکردەوە پێویستە هەموان لە ئاست خواست و داواکارى ئەو کەسانە بین کە ڕۆژانە بۆ ڕایکردنى کاروبارەکانیان سەردانى وەزارەت دەکەن و پێویسته‌ بە باشترین شێوە خزمەتیان پێشکەش بکرێت.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمەکەمان، پێویستى بە شەونخونى و کارى بەردەوام هەیە، پێوستە هەموان لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتیەدابین بۆ ئەوەى ئامانجەکانمان بێنینە دى.

لەبەشێکى دیکەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى وەزارەت، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کەموکوڕی و داواکارى مامۆستاو فەرمانبەرانى وەزارەتى کۆڵییەوەو، بەڵێنیدا کاربکەن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بە پشتیوانى هەمولایەک کەموکوڕییەکان چارەسەربکرێن و کار بۆ جێبەجیکردنى داواکاریەکانیش بکرێت.

لەبەرامبەریشدا هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەکان و فەرمانبەرو مامۆستایانى وەزارەت، بەڵێنیان دوپاتکردەوە هەمیشە خەمخۆرى کەرتى خوێندنى باڵا بن و درێغى نەکەن لە بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى لە هەرێمى کوردستان.