وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەواڵێکى سایتى (باسنیوز) ڕەتدەکاتەوە

wazaret logooo4

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەڕاگەیەنراوێکدا هەواڵ و زانیارییەکى هەڵەو گوماناوى سایتى باسنوز رەتدەکاتەوەو ڕایدەگەنێت بەداخین دەبینین کاتێک دەزگایەکى ڕاگەیاندن لە ڕێچکەى کارو پیشە سەرەکى خۆی لادەدات و پەنا بۆ زانیارى دروستکراو و گوماناوى دەبات .

کە ئەمە دەقى ڕاگەیەنراوەکەیە:

وەک پیشەى پێشتر و لە زانیارییەکى تەواو گوماناوى و بێ بنەماى دروستکراو کە هیچ بەڵگەیەکى هاوپێچ نیە، سایتى (باسنیوز) هەواڵێکى بڵاوکردۆتەوە لەبارەى سکاڵاى مامۆستایەکى زانکۆ لە پرۆسەى دانان و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک زانکۆ.

بەپێویستى دەزانین بۆ ڕاى گشتى و تەواوى ئەکادیمیستان ڕونبکەینەوە کە ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەقى یاساو ڕێنماییەکان وەک خۆى جێبەجێ دەکەین، کە بەپێى دەقى یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشنیازکردنى سەرۆکى زانکۆ تەنها لە دەسەڵاتى خودى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیە، بەڵام بۆ شەفافیەتى زیاتر و ڕەخساندنى دەرفەت و پێدانى هەلى کێبڕکێ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەپێى ئەو دەسەڵاتەى هەیەتى لێژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ شێوازى ئەنجامدانى چاوپێکەوتن بۆ کاندیدە پێشنیازکراوەکان و دواتر ناردنى ناوى ٣ کاندید بۆ ئەنجومەنى وەزیران بۆ هەڵبژاردنى یەکێکیان بۆ هەر پۆستێک. لەکاتێکدا پرۆسەى ڕاگەیاندنى پۆست و پێشکەشکردنى سى ڤى و ئەنجامدانى چاوپێکەوتن بۆ پڕکردنەوەى پۆستەکان، جگە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لە هیچ دامەزراوەکى دیکەدا نیە.

لەلایەکى دیکەشەوە لە هەواڵەکەى باسنیوز ئاماژە بە سکاڵاى مامۆستایەکى زانکۆ دەکرێت لەبارەى پرۆسەکانى دانانى سەرۆک زانکۆ، ئەمەش خۆى لەخۆیدا جێگەى گومانە، چونکە ئەگەر هەر مامۆستایەکى زانکۆ هاتبێت بۆ چاوپێکەوتن ئەوا دەزانێت یاساکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چۆنە و چۆنیش پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەمە گومانى زیاتر دەخاتە سەر زانیاریەکەى باسنیوز بەناوى مامۆستاى زانکۆ.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا هیچ جۆرە هاوپێچێک لە هەواڵەکە بونى نیە، ئەمەش هێندەى تر هەواڵەکانى ئەم سایتە دەخاتە ژێر پرسیار و بەم جۆرە کارانەیان متمانەى خوێنەرانیان تەواو لەدەست دەدەن. بەتایبەت بڵاوکردنەوەى ئەم هەواڵە لە ئێستادا تەواو گومانوییەو جێگەى پرسیارە، لەکاتێکیشدا لەم ماوەیەدا چەندین سەرۆک زانکۆ لە تەواوى ناوچەکانى کوردستان بەم پرۆسەیەدا تێپەڕیون ناوەکانیان بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکراوەتەوەو بەبێ بونى هیچ تێبینیەک ئەنجومەنى وەزیران پەسەندى کردون.

لەکۆتایشدا بۆ سایتى باسنیوز و تەنانەت ڕاگەیاندنەکانیش دوپاتدەکەینەوە، بۆ زانیارییان لەبارەى پرۆسەکانى هەڵبژاردنى سەرۆک زانکۆکان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەقى یاساى وەزارەت و دۆکیۆمێنت و نوسراو و ڕاگەیەنراوە ڕەسمیىەکانى وەزارەت، بۆ ئەوەى بەلاڕێدا نەچن و لەکاتى بڵاوکردنەوەى هەواڵەکانیان دوربکەونەوە لە جێبەجێ کردنى زانیارى گوماناوى.

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

٢٩/٥/٢٠١٩