د. یوسف گۆران سێنتەرى فێربونى زمان و بەشى فەلسەفە لە زانکۆى سلێمانى بەسەردەکاتەوە

سه‌ردانی وه‌زیری خوێندنی باڵا بۆ زانكۆی سلێمانی

بۆ دەستەبەرکردنى سەرچاوەى زیاترى زانستى و پڕکردنەوەى پێداویستی و کەموکوڕییەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە هاوکارى و پاڵپشتیکردنى سێنتەرى فێربونى زمان و بەشى فەلسەفە لە زانکۆى سلێمانى.

ئەم بڕیارانەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى بەسەرکردنەوەى سێنتەرى فێربونى زمان و بەشى فەلسەفە لە زانکۆى سلێمانى هات، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٦/١/٢٠١٩) بەیاوەرى د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکارى وەزارەت و، د. رەزا سەرۆکى زانکۆى سلێمانى بەسەرى کردەوە.

لە یەکەم بەسەرکردنەوەیدا بۆ زانکۆى سلێمانى د. یوسف گۆران سێنتەرى فێربونى زمانى زانکۆى سلێمانى بەسەرکردەوە کە لەئێستادا کۆرسەکانى فێربوونى زمان بۆ ئامادەکردنى کاندیدانى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆراو ئەوانەى دەیانەوێت نازناوى زانستى بەدەستبهێنن لە زانکۆکە دەستى پێکردەوە، لەو کۆرەسەدا زیاتر لە (٥٦٠) کاندیدو خوازیار بەردەوامن لە فێربون و سەرجەم پێداویستیەکانیان، کە بریتین لە مامۆستاو پرۆگرام و ستافى بەڕێوەبردن بۆ دابینکراوە، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ بەڕێوەبەرو مامۆستایانى سێنتەرەکە دەربارەى پێداویستیەکان گفتوگۆى کرد و پشتیوانى وەزارەتى بۆ سێنتەرەکانى فێربونى زمان لە زانکۆکان دوپاتکردەوە، هەروەک بڕیاریشدا بە دابینکردنى هاوکارى مادى بۆ سێنتەرەکە بەمەبەستى پەیداکردنى سەرچاوەى زانستى و پەرتوک، داواشى لێکردن کارو و پرۆژەکانیان فراوان بکەن بەجۆرێک کە بەشە جیاکانى زانکۆ سود لەم سێنتەرە وەربگرێت، لەلایەکى دیکەشەوە هاوڵاتیان لە دەرەوەى زانکۆش بتوانن لەتواناو بەرنامەو پرۆگرامەکانى سێنتەرى زمان سوودمەندبون.

لەبەشێکى دیکەى بەسەرکردنەوەکەیدا بۆ زانکۆى سلێمانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشى فەلسەفەى کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتییەکانى زانکۆى سلێمانى بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکارانى ئەو بەشە گفتوگۆى کرد دەربارەى ئەرکەکانى بەشى فەلسەفەو ئاکامەکانى پرۆسەى خوێندن و راهێنان لەم بەشە کە خوێندن بە زمانى ئینگلیزییە.

لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند فەلسەفە دایکى زانستەکانەو هۆکارێکى گرنگى فرانکردنى دونیابینى و تێگەیشتنى لۆجیک و ئەقڵانیەتە، کە سەرجەم بوارەکانى زانستى بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

لە گفتوگۆیەکى کراوەشدا لەگەڵ خوێندکارانى ئەم بەشە داواى لێکردن هەوڵ بدەن ئاسۆى بیرکردنەوەو دونیا بینینەکانیان فراوانتر بکەن و سود لە دەرفەتى فیربونى زمانى ئینگلیزى وەربگرن بۆ ئەوەى دەستیان بگاتە سەرچاوە رەسەنە نوێیەکانى بوارى فەلسەفە، لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بریاریدا بە هاوکاریکردنى بەشەکە بەمەبەستى دەستەبەرکردنى سەرچاوەى زانستى و پێداویستیەکانى ئەم کۆلێژە.

لەلایەن خۆشیانەوە خوێندکارانى بەشى فەلسەفە تێگەیشتنى پۆزەتیڤانەیان لەبارەى بەشەکە خستەڕوو و رایانگەیاند: درک بە بەرپرسیارەتى سەرشانیان دەکەن و هەوڵ دەدەن لەگەڵ کۆمەڵگەو واقعى کوردستان بە بەردەوامى لێک گرێدراو بن.