وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازى لە سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی لە هەولێر کرد

وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازى لە سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی لە هەولێر کرد

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەئكیدی لەقوڵكردنەوەی زیاتری گیانی تەبایی و لێبوردن لە نێوان پێکهاتەو ئاینزا جیاوازەکانى کوردستان كردەوەو ڕایگەیاند: لە هەرێمەکەمان لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتی بون ڕێز لەئیرادەو ویستی هەموو تاكێك دەگیرێت.

ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٤/٩/٢٠١٩) لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی لە هەولێر .

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی لە هەولێر ، پیرۆزبایى دەستبەکاربونى لێکرد وەک وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پاڵپشتى و پشتیگرى خۆى بۆ کارەکانى وەزارەت دوپاتکردەوە، باسێکى لەبارەى بارودۆخى مەسیحیەکانى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش کردو ڕایگەیاند: ئەو ئاسانكاری و هاریكارییەی لەكوردستان بۆ مەسیحییەكان كراوە لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە پێزانراوەو مایەی دەستخۆشی هەمومانەو هیوادارین بتوانین پارێزگاری لێبكەین و زیاتریش گەشەی پێبدەین.

لە بەرامبەردا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى سوپاس و خۆشحاڵى خۆى بە سەردانەکەیان، ڕایگەیاند ئەم وڵاتە هی هەموومانە بە سەرجەم پێكهاتەو ئایینەكان و بەم فرەچەشنی و فرەڕەنگییەوە هاتووەو ئێوەش بەشێكی زیندووی كۆمەڵگەی كوردستانن فەرهەنگ و كلتوری وڵاتەكەمان بەو جیاوازیەوە دەوڵەمەندتر بووە.

تەئكیدیشی لەقوڵكردنەوەی زیاتری گیانی تەبایی و لێبوردن كردەوەو باسی لەوەكرد حكوومەتی هەرێم لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتی بوون ڕێز لەئیرادەو ویستی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەو پێداویستییەكانی دەگرێت، بەتایبەتی كەپەیوەندییەكی مێژوویی لەنێوان موسڵمان و مەسیحیەیكانی كوردستان هەیە.

لە کۆتای کۆبونەوەکەدا باس لە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری پەیوەست بە خوێندنى باڵاو پەرەپێدانى ئاستى زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان کە بێ جیاوازی خزمەتی هەمو نەتەوەو ئاین و پێكهاتەكان دەكەن کرا.