ڕوپێو و توێژینەوەى زانستى بۆ گەشەکردنى هەمەلایەنەى پارێزگاى هەڵەبجە لەگشت ڕوەکان ئەنجام دەدرێت

ديدارى وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ پارێزگارى هەڵەبجە

لە کۆبونەوەیەکى نێوان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پارێزگارى هەڵەبجە، بڕیاردرا وۆرک شۆپێکى هاوبەش بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لەبارەى چۆنیەتى گەشەکردنى شارى هەڵەبجە لە گشت ڕوەکان بەتایبەت ئابورى و کلتورییەوە ئەنجام بدرێت.

ئەم جەختکردنەوەیە لەمیانى کۆبونەوەیەک هات، کە لەنێوان د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى کاوە عەزیز جێگرى پارێزگارى هەڵەبجەو د. ئامانج عەبدولا سەعید راوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، تیایدا باس لە چۆنیەتى پتەوکردن و گەشەپێدانى پەیوەندى نێوان دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم لە شارى هەڵەبجە لەگەڵ زانکۆ و چۆنیەتى کارلێککردنى نێوان زانکۆ و شار لەگشت ڕوەکان کرایەوە.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە پێویستە شارى هەڵەبجە خاوەن گەشەکردنێکى هەمەلایەنەى پشت بەخۆ بەستو و بەردەوام بێت، بۆ ئەوەش كاردەکرێت بۆ ئەنجامدانى ڕوپێو و توێژینەوەى زانستى هاوبەش و ورد دەربارەى چۆنیەتى گەشەکردنى شارى هەڵەبجە لە گشت ڕوەکان بەتایبەت ئابورى و کلتوری جەختى لەسەر کرایەوە، بۆ ئەوەى زانکۆ ڕۆڵى لە ئەنجامدانى توێژینەوە دەربارەى پێداویستییەکانى گەشەکردنى هەڵەبجە و ئامادەکردنى سەرمایەى مرۆیى بۆ فراوانكردنى شارەکە هەبێت.

بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجانەش بڕیاردرا وۆرک شۆپێکى هاوبەش لە نێوان پارێزگا و زانکۆى هەڵەبجە، لە هەفتەى یەکەمى مانگى شوباتى ساڵى ٢٠١٩ ئەنجام بدرێت، ئامانج لەم وۆرک شۆپە بریتی دەبێت لە ئاڵوگۆڕى بیروڕا و پتەوکردنى پەیوەندى نێوان شار و زانکۆ، هەروەها دۆزینەوەى نەخشە ڕێگەى کاراکردنى کارلێکى داینامیکى نێوان شار و زانکۆ و، چۆنیەتى داڕشتنى نەخشە ڕێگەى گەشەکردنى شارەکە, بەشێوەیەک سەرجەم لایەنەکان بگرێتەوە.

لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەدا هەریەک لە پارێزگارى هەڵەبجە و وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد لەبارەى هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنى زیاتر بە پارێزگاى هەڵەبجە و، سەرخستن و ئەنجامدانى پڕۆژەى گرنگ و ستراتیژى بۆ شارى هەڵەبجەى شەهید بەگەڕانەوە بۆ ئەو کارەسات و مەرگەساتە تراژیدییانەى بەسەر ئەم شارەدا هاتوە.