لە چەند ڕۆژى داهاتودا دەرەنجامەکانى دیاریکردنى توانستى زمان ڕادەگەیەنرێت

ئه‌نجامه‌كانی دیاریكردنی ئاستی زمان ڕاده‌گه‌ێندرێ

دواى ئەوەى تێستى دیاریکردنى ئاستەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ کاندیدانى ماستەرو دکتۆرا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى بەڕێوەچوو، لە ئێستادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى بەهاریکارى ڕێکخراوى ئیمیدیست و سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان سەرقاڵى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان و ڕێکخستنى کۆرسەکانن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لەماوەى ڕابردودا وەزارەتەکەمان چەند کۆبونەوەیەکى هاوبەشى لەگەڵ ستافى سێنتەرەکانى زمان و ڕێکخراوى ئیمیدیست ئەنجامداوەو تەواوى ئامادەکارییەکان کارى لەسەر کراوە بۆ ئەوەى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان و رێکخستنى کۆرسەکان لە کاتى دیاریکراودا بەڕێوەبچێت.

 

هەروەک وتیشى وابڕیارە لەسەرەتاى هەفتەى یەکەمى مانگى نۆڤێمبەر دەرەنجامەکانى دیاریکردنى ئاستەکان بۆ کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى ڕابگەیەنرێت، لەهەمان کاتیشدا لە سەرەتاى مانگى دێسێمبەر کۆرسەکانى زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات.