ڕەوانەکردنى خوێندکار و مامۆستا بۆ خوێندنى باڵا لە فەرەنسا دەستپێدەکات

وه‌زاره‌تی خوێندنی بالا- لۆگۆی وه‌زاره‌ت89

ەمەبەستى ئەنجامدانى پڕۆژەى ئەکادیمى هاوبەشى بەرنامەکانى (ماستەر  دکتۆرا  پۆست دکتۆرا  ڕاهێنانى ستافى ئەکادیمى و کارگێڕى و ئەندازیارى)، لەمانگى ئەیلولى ئەمساڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش لەگەڵ باڵیۆزخانەى وڵاتى فەرەنسا – بەغدا بە نوێنەرایەتى حکومەتى ئەو وڵاتە ئیمزادەکات.

(د. جوان جەلال شەریف) بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وا بڕیارە لە مانگى ئەیلولى ئەمساڵ وەزارەتەکەمان بە هاوبەشى لەگەڵ باڵیۆزخانەى وڵاتى فەرەنسا بە نوێنەرایەتى حکومەتى ئەو وڵاتە پڕۆژەى ئەکادیمى (ماستەر  دکتۆرا  پۆست دکتۆرا  ڕاهێنانى ستافى ئەکادیمى و کارگێڕى و ئەندازیارى)، ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش ئیمزا بکات, بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان وتیشى بەشێوەیەکى گشتى مەرجەکان بریتین لەمانەى خوارەوە:

 بۆ خوێندنى دکتۆرا پێویستە پێشکەشکار تەمەنى لە (٤٠) ساڵ زیاتر نەبێت، بۆ ماستەر پێویستە تەمەنى پێشکەشکار لە (٣٠) ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها خوێندن بە هەردوو زمانى فەرەنسى و ئینگلیزى دەبێت و ئاستى زمانەکەش بەپێى سروشتى زانکۆ و پرۆگرامى خوێندنەکە دیاریدەکرێت, بۆ خولەکانى ڕاهێنانیش تەمەن وەک مەرج هەژمار ناکرێت.

لەبارەى کاتى ئیمزاکردنى ڕێککەوتننامەکەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ وڵاتى فەرەنسا، (د. جوان جەلال شەریف) وتى: ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەى ٣ ساڵ بەردەوام دەبێت و, وابڕیارە لەمانگى ئەیلولى ئەمساڵ ئیمزابکرێت, کە لە قۆناخى یەکەمدا بە مەبەستى ڕاهێنان توێژەرەکان ڕەوانە ئەو وڵاتە دەکرێن، لە قۆناخى دوەمیشدا یەکەم گروپى خوازیارانى دکتۆرا ڕەوانە دەکرێن و دواتریش قۆناخەکانى دیکەى ماستەر و پۆست دکتۆرا ڕەوانە دەکرێن.

سەبارەت بەخەرجى ئەم بەرنامانە، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان ئەوەى ڕونکردەوە, کە تەواوى خەرجیەکانى ئەم بەرنامانە لە ئەستۆى حکومەتى  فەرەنسا دەبێت، جگە لە بژێوى ژیان کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەئەستۆى دەگرێت، هەروەها چاوپێکەوتنى خوازیاران لەڕێگەى لێژنەیەکى تایبەت ئەنجامدەدرێت، کە پێکهاتوون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و  نوێنەرى باڵیۆزخانەى فەرەنسا.