کارەکانى لێژنەى وردبینى موچە لە دیوانى وەزارەت و هەندێ لە زانکۆکان کۆتایى هات

wrdbbini 22

کارەکانى لێژنەى وردبینى لە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى هەریەک لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى سەڵاحەددین، بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و زانکۆى هەولێرى پزیشکى کۆتایى هات و، لە زانکۆکانى دیکە دریژە بەکارەکانیان دەدەن.

دواى ئەوەى لە ڕؤژى  سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠١٨)  هەنگاوە کردارییەکانى وردبینى موچەى مامۆستایان و فەرمانبەران لەلایەن لێژنەیەکى تایبەت لە بەغداد لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٥/٢/٢٠١٨) کارەکانیان بەکۆتاهات.

لە ماوەى مانەوەیان لە دیوانى وەزارەت وەفدى لێژنەى وردبینى حکومەتى ئێراقى لە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توژینەوەى زانستى وردبینیان لە سەرجەم ئەو داتا و زانیارییەکانى دیوانى وەزارەت کرد، لەوانە وردبینیکردن  لە دۆسیەى  میلاکى دیوانى وەزارەت کە ژمارەیان دەگاتە (٦٣٤) مامۆستا و فەرمانبەر، هەروەک وردبینیان لە لیستى مامۆستایان و فەرمانبەران مۆڵەت (ئاسایى، بێ موچە، تەنسیب، ئیعارە)، لەگەڵ کۆى موچەى مامۆستا و فەرمانبەرانى وەزارەت لە پێش پاشکەوتى  موچە و دواى پاشەکەوتى موچە، هەروەک پێش جێبەجێکردنى سیستمى بایۆمەترى و دواى سیستمى بایۆمەترى بەسەرجەم ناو و ناویشانى وەزیفى و کۆى ئەو دەرماڵانەى بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران خەرج دەکرێ کرد، لەگەڵ بودجە و خەرجى فیعلى ساڵەکانى (٢٠١٣تا ٢٠١٧).

دوا بەدواى کۆتایى هاتنى کارەکانیشان لە دیوانى وەزارەت، وەفدەکە لەگەڵ د.خەتاب شێخانى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا سوپاسى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و ستافى هەماهەنگى لێژنەکەیان کرد، کە لە ماوەى مانەوەیان لە ماوەیەکى زۆر کورتدا بەدروستى و بەتەواوەتى تەواوى ئەو زانیارى و داتاو پێداویستیانەى کە داوایان کردبو خرابوە بەردەستیان، بەهەمان شێوە لە سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەددین-یش لێژنەکە لەگەڵ د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و، لە سەرۆکایەتى زانکۆى هەولێرى پزیشکى لەگەل د.دارا میران سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و، لە سەرۆکایەتى بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان لەگەڵ د. سەلیم قادر  سەرۆکى بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان بەجیا کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا سوپاسى پێزانینى لێژنەکەیان ئاراستەى ئەو سەرۆکایەتیانە کرد بۆ هەماهەنگیان و بەردەستخستنى داتا و زانیارییەکان بەشێوەیەکى دروست و لەماوەیەکى کەمدا.

لێژنەکە تا ئێستا لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، زانکۆى سەڵاحەددین، بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و زانکۆى هەولێرى پزیشکى کارەکانیان بێ کێشە و گرفتە تەواو کردوە، هەر ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٥/٢/٢٠١٨) لێژنەى وردبینى کارەکانیان لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەستپێکرد.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نزیکەى (٣٠,٠٠٠) سی هەزار مامۆستا و فەرمانبەرى هەیە، بەبێ پاشکەوت پێویستى بە زیاتر لە (٣٧,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینار بۆ موچەى مانگانە هەیە.