یەکێتیى ئەوروپا (178) سكۆله‌رشیپى خوێندن بۆ ئاوارەکانى سوریا لە زانکۆکانى کوردستان دابین ده‌كات

awarey surya

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (2017-2018) ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى (178) خوێندکارى ئاوارەى سوریا و، وڵاتانى دیکە بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، وەرگرتنى ئەو خوێندکارانەش لە چوارچێوەى بەرنامەیەکى یەکێتیى ئەورپا دێت بۆ خوێندکارانى ئاوارەى سوریا، کە بڕەکەى نزیکەى (350,000) سێ سەد و پەنجا هەزار دۆلار ده‌بیت، كه‌ وەک کرێى خوێندن بۆ هەر ساڵێکی خوێندن له‌ زانكۆكانی كوردستان له‌لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه‌ دابین كراوه‌.

ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لە ماوەى ڕابردودا لە ڕێگەی بەرنامەیەکى تایبەتەوە، یەکێتیى ئەوروپا لەگەڵ ڕێکخراوى پەنابەرانى جیهانى (UNHCR) ، گرانتێکى گەورەیان بۆ گەنجانى ئاوارەکانى سوریا تەرخان کرد، بەتایبەت ئەوانەى کە ئارەزوى خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتەکانى تورکیا، لوبنان و میسر و ئوردون و هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ ئەوەى لە زانکۆکانى ئەو وڵاتان بخوێنن.

بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى ئەم بەرنامەیە (کرێى خوێندن، تێچوی ژیان و مانەوە، هاتوچۆ و بیمەى تەندروستى) دەگرێتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا وەک بەشى یەکەمى ئه‌و پڕۆگرامه‌ یەکێتیى ئەوروپا پار ساڵ بڕى (264،684) دووسەد و شەست و چوار هەزار و شەش سەد و هەشتاو چوار دۆلارى، وەک کرێى خوێندنى ساڵى یەکەمى ئەو خوێندکارانە خستە سەر ئەژمارى بانکى زانکۆکان کە تیایدا (116) خوێندکار لە زانکۆکانى هەرێم وەرگیران.

وتیشى: بۆ ئەمساڵى خوێندن پرۆسەکە بەردەوامى هەیە و، بە فه‌رمانى وزارى ژمارە (17340) لە ڕێكه‌وتی 29/11/2017 (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى (148) خوێندکارى ئاوارەی سوریا و (30) خوێندکارى دیکەى وڵاتان بەسیستمى پارالێڵ لە زانکۆکانى (دهۆک، پۆلیتەکنیکى دهۆک، زاخۆ، سلێمانى، پۆلیتەکنیکى سلێمانى، سەڵاحەددین/ هه‌ولێر، هەولێرى پزیشکى، پۆلیتەکنیکى هەولێر، کۆیە و سۆران)، به‌و شێوه‌یه‌ کۆى گشتى وەرگیراوان بۆ ئەمساڵی خوێندن گه‌یشته‌ لە (178) خوێندکار، له‌ به‌رامبه‌ردا وەک قۆناخی یەکەم یەکێتیى ئەوروپا نزیکەى (350,000) سێ سەد و پەنجا هەزار دۆلارى ئەمریکى وەک کرێى خوێندنى ساڵى یەکەمى ئەو خوێندکارانە تەرخان كرد، ئەوە جگە لە (کرێى ژیان و مانەوە، هاتوچۆ و بیمەى تەندروستى). ئاشكراشیكرد بەرنامەکە بۆ خوێندکارانى ئاوارەى سوریا لە زانکۆکانى کوردستان بەسیستمى پارالێڵ بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەى خوێندکاران خوێندنەکانیان تەواو دەکەن.

بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن هەر لە لێدوانەکەیدا وتى: وەرگرتنى ئەو ژمارەیە خوێندکارە جگە لەوەى لە ڕووى داراییەوە بەسود دەبێ بۆ زانکۆکانى کوردستان، لەهەمان کاتیشدا هێنانى خویندکارى نێودەوڵەتى و تێکەڵبونیان بەزانکۆکانى کوردستان لە ڕوى زانستیەوە کاریگەرى دەبێ لەسەر بەرەوپێشبردنى ئاستى زیاترى زانکۆکانى کوردستان.

لە ڕابردودا چەند کۆبونەوەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچو، لەو کۆبونەوانەدا دواى تاوتوێکردنى چۆنیەتى وەرگرتنى خوێندکارانى ئاوارەی سوریا، میکانزمێک داڕێژرا بۆ وەرگرتنى ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەوەش ڕێکخراوى پەنابەرانى جیهانى (UNHCR) ستایشى هەوڵ و هەماهەنگییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکات کە لە قۆناخى دوەمدا و، بۆ ساڵی خوێندنی (2017-2018) ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر وه‌رگرتنی (178) خوێندکار بە شێوەی پارالێل لە زانکۆکانى کوردستان.