کۆمیتەیەکى باڵا بۆ پێداچونەوە بە پڕۆگرام و سیستمى وەرگرتن لە بەشەکانى کشتوکاڵ پێکهات

kshtukaliyaekan

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: هەرێمى کوردستان خاوەن بنەما بەهێزەکانى کشتوکاڵە، بەڵام تا ئێستا نەتوانرا وەک پێویست سودى لێ وەربگیرێت، بۆیە وەزارەتەکەمان دەیەوێ ڕایەڵەیەک لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى کشتوکاڵ و کەرتى کشتوکاڵ بۆ بەهێزکردنى سێکتەرى کشتوکاڵ بدۆزینەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکى لەگەڵ ڕاگرى کۆلێژەکانى کشتوکاڵى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هات.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ئامادەیبون، لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ئامانجى کۆبونەوەکەى خستەڕو ڕاگەیاند: لە ماوەى دو ساڵى ڕابردودا دەستمان بەپێداچونەوە بە پڕۆگرام و شێوازى وەرگرتن لە زۆربەى بەش و کۆلێژەکان کردوە، بەهەمان شێوە بەپێى پیداویستى و گۆڕانکارییەکانى سەردەم، دەمانەوێ پێداچونەوەى تەواو بەبەشەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى کوردستان بکەین.

د.یوسف گۆران وتى: لە ماوەى ڕابردودا بەهۆى تێکدانى لادیەکان و ڕاگواستنى دانیشتوانەکەى لەلایەن ڕژێمى لەناوچوى بەعس کەرتى کشتوکاڵى زیانى زۆرى بەرکەوت، بەڵام ئێستا ئاراستەیەکى بیرکردنەوە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ ئەوەى چیتر پشت بەیەک سەرچاوەى داهات نەبەسترێ، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە پێویستە بایەخى زیاتر بە بوارى کشتوکاڵى بدەین، چونکە بنەماکانى کشتوکاڵى لە کوردستان زۆر بەهێزە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئێوە نوێنەرى زانست و زانکۆکانتانن لەم کۆبونەوەیەدا، بۆیە دەبێ زانکۆ و بەشەکانى کشتوکاڵى وا لێ بکەین تا بتوانن ڕۆڵێکى کاراتر بگێرین لە بواژنەوەى کەرتى کشتوکاڵى و، نامانەوێ وەک ئەوەى ئێستا زانکۆکان تەنها ناوەندێک بن بۆ پێدانى بڕوانامە، بەڵکو دەمانەوێ زانکۆکان ببنە ناوەندێک بۆ ئەوەى دەرچوان بتوانن لەگەڵ بازارى کوردستاندا خۆیان بگونجێنن و دەرفەتى کاریش بۆ خەڵکى دیکە بڕخسێنن.

د.یوسف گۆران سوپاسى نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى کرد کە بەشدارى کۆبونەوەکەى کرد، وتیشى دڵنیام ئامادەبونى نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵ بەداتا و ئامار بەرچاوى کۆمیتەکە ڕونتر دەکات لەبارەى پێداویستیەکان و کێشە کشتوکاڵیەکانى هەرێمى کوردستان، وتیشى ئامانجمان لەم کارە بۆ ئەوەیە دەمانەوێ بەهەمو بەشەکاندا بچینەوە تا کەسێک دروست بکەین  بتوانێ لە بازارى کارى کشتوکاڵى کار بکات و، تەنها چاوی لە دەستى حکومەت نەبێ، بەڵکو خۆیان بتوانن پڕۆژەى وەبەرهانیان هەبێ، وتیشى ئەم کۆمیتەیە دەبێ بیر لەوە بکاتەوە چ جۆرە سیستمێک بۆ وەرگرتنى خوێندکاران دابنێین، لەهەمان کاتدا پێداویستیەکان دەستنیشان بکەن، ڕونتر لەوبارەیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: کارى ئەو کۆمیتەیە کە ئەمرۆ بڕیارى لەسەر دەدەین، تەنها پێداوچونەوە بەپڕۆگرامەکانى خوێندن نیە، بەڵکو دەستنیشانکردنى شێوازى وەرگرتنیشە، ئاشکراشیکرد کە ئامانجیان لەو کارە بریتیە لە دۆزینەوەى ڕایەڵەیەک لە نێوان دامەزراوە کشتوکاڵیەکانى هەرمى کوردستان و وەزارەتى کشتوکاڵ و کەرتى کشتوکاڵ لە کوردستان تا کەرتى کشتوکاڵ لە کوردستان بەهێز ببێ، هەروەک کۆمیتەکەى ڕاسپارد تەنها بیر لە کردنەوەى بەشى نوێ بەپیى پیداویستیەکانى بازار و، داخستنى ئەو بەشانە بکەن کە بۆ ئەمرۆى کوردستان پێویست نین، وتیشى ئەو کارەشمان بۆ ئەوەیە هەوڵ و ماندونەکانى مامۆستایان و خوێندکاران و خەرجیەکانى حکومەت بەفیڕۆ نەڕوات، بەڵکو دەمانەوێ ئەنجامەکان بەرهەمدار بن.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، بریارى پێکهێنانى کۆمیتەیەکى باڵا درا بۆ ئەوەى میکانزمەکانى گۆڕانکارییەکان و شێوازى وەرگرتن لە بەشەکانى کشتوکاڵى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشنیاز بکەن و، بڕیارى کۆتایى لەبارەوە بدرێ.