د.یوسف گۆران: هەمو گۆڕان و وەچەرخانێک بەبێ توێژینەوەى زانستى مەحاڵە سەرکەتو بێ

konfrans poli hewler1

توێژینەوەى زانستى هەمو کایەکانى ژیانى مرۆڤایەتى تەنیوە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ڕوژ دواى ڕۆژ بایەخدان بەتوێژینەوەى زانستى لەسەر ئاستى جیهان زیاد دەکات، چونکە کاریگەرى توێژینەوەى زانستى هەمو کایەکانى ژیانى مرۆڤایەتى تەنیوە و، هەمو گۆڕانکارى و وەچەرخانێکى نوێ لە بوارەکانى ئابورى، سیاسى، کۆمەڵایەتى بەبێ توێژینەوەى زانستى مەحاڵە سەرکەوتو بێت.

دەسپێکردنى دوەم سیمپۆزیەم

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا هات، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٢/٥/٢٠١٧) لە دوەمین سیمپۆزیەمى زانستى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر پێشکەشیکرد. لە مەراسیمى کردنەوەى سیمپۆزیەمەکەدا دواى ساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان، فیلمێکى دۆکیۆمێنتارى لەسەر زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر نمایش کرا، بەدوایدا وتارى کردنەوەى دوەمین سیمپۆزیەم لەلایەن د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکینکى هەولێر پێشکەشکرا، لە وتارەکەیدا سەربارى ئاماژەکردن بەگرنگى لایەن و تەوەرەکانى سیمپۆزیەمەکە، کورتە باسێکیشى لەسەر زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر خستەڕو بەتایبەت لە بەرنامەکانیان بۆ بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى، لەهەمان کاتدا سوپاسى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ پاڵپشتیە مادییە بەردەوامەکانى بۆ بەستنى ئەو سیمپۆزیەمەو هاوکارییەکانى بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەکانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر.

ڕاسپاردەکانى سیمپۆزیەمەکە لە داڕشتنى سیاسەتى گشتى توێژینەوەى زانستى سودیان لێ وەردەگیرێ

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى سیمپۆزیەمەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى گرنگى پێشکەشکرد و، لە وتارەکەیدا چەند مژدەیەکى خۆشى بە توێژەران ڕاگەیاند و، بەداتا و ئامار باسى لە دۆخى توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان کرد، بۆ ئەوەش لەسەرەتاى وتارەکەیدا دواى ئەوەى سوپاسى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و تیمە هاوکارەکەى کرد بۆ بەستنى ئەو سیمپۆزیەمە، وتیشى بێگومان گفتوگۆ و ڕاسپاردەکانى بۆ ئێمە جێگەى بایەخە و، لە داڕشتنى سیاسەتى گشتى توێژینەوەى زانستى لە وڵاتەکەمان سودى لێ وەردەگرین.

زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکان ڕوبەڕوى تەحدیاتى نوێ بونەتەوە

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسى لە توێژینەوەى زانستى کرد و لەوبارەیەوە وتى: توێژینەوەى زانستى یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکانى کارنامەى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، لە پێشینەو پلان و کارەکانى وەزارەتەکەمان، وتیشى: ئێمە لە قۆناخێکدا کاردەکەین، کە ڕۆڵى زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکان لەسەرتاسەرى جیهان لە ژێر کاریگەرى بەجیهانیبون و گەشەسەندنى تەکنەلۆژى و گۆڕانکارى ئابورى ڕوبەڕوى ئەرک و تەحدیاتى نوێ بونەتەوە و، کاریگەرى توێژینەوەى زانستى هەمو کایەکانى ژیانى مرۆڤایەتى تەنیوە، هەمو گۆڕانکارى و وەچەرخانێکى نوێ لە بوارەکانى ئابورى، سیاسى و کۆمەڵایەتى بەبێ توێژینەوەى زانستى مەحاڵە سەرکەوتو بێت.

لەسەر ئاستى جیهان گرنگیدان بەتوێژینەوە زۆر زیادى کردوە

هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەداتا و ژمارە باسى لە گرنگیدانى جیهان بە توێژینەوەى زانستى کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لەسەرتاسەرى دونیا تا دێت گرنگى زیاتر بە توێژینەوەى زانستى دەدرێت و، بودجەى ساڵانەى تەرخانکراو بۆ توێژینەوەى زانستى تا دێت ڕو لە زیادبونە، بۆ ئەوەش چەند نمونەیەکى خستەڕو وتى: بۆ نمونە (فەندى) نێودەوڵەتى توێژینەوە لە ساڵى (١٩٩٦) بڕکەى (٥٢٢) بلیۆن دۆلار بوە، لە ساڵى (٢٠٠٩) گەیشتە (١) ترلیۆن و (٣٠٠) بلیۆن و، لە ساڵى (٢٠١٤) ئەو بڕە زیاد بو و گەیشتە (١) ترلیۆن و (٦٠٠) بلیۆن دۆلار، هەروەک لە ساڵى (٢٠١٦) ژمارەکە بەرەو (٢) ترلیۆن دۆلار هەڵکشا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەو هەڵکشانە ماناى ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە توێژینەوەى زانستى لەسەر ئاستى دونیا ڕۆژ دواى ڕۆژ ڕو لە زیادبونە، ڕاشگەیاند: کە گرنگە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لەو فەندە نێودەوڵەتیانە پشکیان هەبێ.

پێویستە زانکۆکان پەیوەندى توندوتۆڵیان لەگەڵ کێشەکانى کۆمەڵگە و بازارى کار هەبێ

د.یوسف گۆران بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ ئەرکى ئێستاى زانکۆکان و لەو بارەیەوە وتى: شاراوە نیە کە شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتە زانستیەکان لەسەدەى (٢١)دا نۆرمێکى گۆڵۆباڵى وەرگرتوە، توێژەران لە هەر شوێنێکى دونیا بن پێویستیان بەهاوکار و هەماهەنگى هەیە، وتیشى پڕۆسەى وەبەرهێنانى مەعریفە و توێژینەوەى زانستى سنورى نیە، ئاشکراشیکرد لەبەر ئەو هۆکارانە هەرێمى کوردستان پێویستى بەوەیە لەگەڵ تۆڕى توێژەرانى نێودەوڵەتى گرێدراو بن، وتیشى پێویستمان بەوەیە کە گرنگى تەواو بەزمانى (ئینگلیزى) وەک زمانى دوەم بدەین، چونکە ئەم زمانە لە ئێستادا زمانى گەیشتنە بەسەرچاوە ڕەسەنەکانى مەعریفە و زمانى لێکگەیشتنى کۆمەڵگەى زانستى و ئەکادیمى نێودەوڵەتیە. هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەمڕۆ توێژەران لەسەرتاسەرى دونیا لە ڕێگەى ڕێکخراوى زانستى هاوبەش و تۆڕى پەیوەندى نێودەوڵەتى پێکەوە بەستراون و، پێکەوە ڕوبەڕوى بابەت و تەحدیاتى هاوبەش دەبنەوە، بۆیە لە ئێستادا لە هەمو کات زیاتر زانکۆکان پێویستیان بەپەیوەندى توندوتۆڵ هەیە لەگەڵ کێشەکانى کۆمەڵگە و بازارى کار و پیشەسازى و پڕۆژەکانى دەستپێشخەرى داهێنەرانە لە بوارەکانى سیاسى، ئابورى، تەکنەلۆژیا، پیشەیى و بەرهەمهێنانى مەعریفى. د.یوسف گۆران ڕونیشیکردەوە کۆمەڵگەى ئەکادیمى نێودەوڵەتى میتۆدى نوێ و کاریگەر بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنى کواڵیتى و ئاستى کارایى و بەشدارى توێژەران لە پڕۆسەى بەرهەمهێنانى مەعریفە بەکاردەهێنن، وتیشى توێژەرانى زانکۆکان (بەتوێژەرانى کوردستانیشەوە) لەهەر جێگایەکى دونیا بن پرۆفایل و ئاستى چالاکى و کاریگەریان بەشێوازێکى زانستى دەبینرێت، بەتایبەت داتا بەیسە جیهانیە دەوڵەمەندەکانى وەک (تۆمسۆن ڕویتەرز و سکۆپاس و گۆگڵ سکۆلەر) کە لەو بوارانەدا ڕۆڵى گەورە دەبینین، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لەمەودوا ئێمەى ئەکادیمی و توێژەرانى کوردستان چیتر ناتوانین لە کۆمەڵگەى ئەکادیمى نێودەوڵەتى دابڕاو بین، لەهەمان کاتدا ناتوانین حەقیقەتى ئاستى بەشداریمان لە نەخشەى ئەکادیمیاى نێودەوڵەتى بشارینەوە.

ئاراستەیەکى بەهێز بۆ کاراکردنى توێژینەوەى زانستى هەیە

هەر لە وتارەیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە بارودۆخى توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان کرد و، لەو بارەیەوە وتى: جێگاى داخە کە هێشتا ئاست و ژمارەى توێژینەوە زانستیەکان لە زانکۆکانماندا جێگەى دڵخۆشى گەورە نین، بەڵام ئەوەى مایەى خۆشحاڵیە کە ژمارەیەک توێژەرى ئاست بەرز لە زانکۆکانمان دەرکەوتون و، ئاراستەیەکى بەهێز بۆ کاراکردنى توێژینەوەى زانستى و پراکتیزەکردنى ستانداردە نێودەوڵەتیەکان لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى هەیە.

کارنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ توێژینەوەى زانستى دەوڵەمەندە و توێژینەوەکان زۆر زیادیان کردوە  

د.یوسف گۆران بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ کارنامەى وەزارەتەکەى بۆ گەشەپێدانى توێژینەوەى زانستى، کە لە ساڵى (٢٠١٤)ەوە دەستیان پێکردوە و، کۆمەڵێک هەنگاوى کرداریشى بەدوادا هاتوە، بۆ ئەوەش ڕاگەیاند:

  • سەرەتادا بەجێبەجێکردنى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەستمان پێکرد، وتیشى ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە هەلسەنگاندنى زانستیانەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى پێوەرو ستانداردى زانستى و بەکارهێنانى ئەو پێوەرانە بۆ ڕێکخستنى پێشبڕکێ لە نێوان زانکۆکانى کوردستان، ئاشکراشیکرد لە پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى پشت بە (٧) پێوەرى سەرەکى و (٤٧) پێوەرى لاوەکى بەستراوە، لە نێو پێوەرەکانیشدا پشکى شێر بۆ بەرهەمى توێژینەوەى زانستى زانکۆکانە. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان گۆڕانکارى زۆر گرنگى لەگەڵ خۆیدا هێنایە ئاراوە، کەلتورى کێبڕکێی زانستى تۆخکردەوە، پێوەر و ستاندارد و کەلتورى نوێى هێنایە ناو ئەزمونى ئەکادیمیاى کوردستانەوە، لەهەمان کاتدا لە دواى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بەبەراورد بە ساڵەکانى (٢٠١٥-٢٠١٦) بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لە گۆڤارە زانستیە ئاستبەرزەکانى دونیا بەڕێژەى (٨٠%) زیادى کردوە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى ناوخۆیى بەڕێژەى (١٤٣%) زیادیکردوە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى (١٠٠%) زیادى کردوە، هەروەک خولى ڕاهێنان و پەرەپێدانى تواناکان بەڕێژەى (٦٣%) زیادى کردوە. ئەوەشى ڕاگەیاند: ئێستا پۆرتاڵى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى یەکێکە لە دەوڵەمەندترین داتا بەیسەکانى هەرێمى کوردستان و، وردەکارى و ڕیکۆردى تەواوى چالاکیە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەخۆگرتوە.
  • د.یوسف گۆران ڕاشگەیاند: خوێندنى دکتۆرا بۆ ماوەی چوار ساڵ ڕاگیرابو، بەڵام بەهاوکارى زانکۆکانى کوردستان توانیمان بەسەرکەوتوى کۆى سیستمى خوێندنى دکتۆرا دابڕێژینەوە، بەجۆرێک لە پڕۆسەى خوێندنى دکتۆرا کۆرسەکان و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و بەرزکردنەوەى ستاندارد و پاراستنى کواڵیتى و بەشداریکردنى ڕاستەقینە لە بەرهەمهێنانى مەعریفە بایەخى زۆرى پێدرا.
  • هەر بۆ بایەخدان بەتوێژینەوەى زانستى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەهۆى پڕۆژەى سەربەخۆى دارایى زانکۆکان ئەمساڵ توانیمان ڕێژەى داهات لە زانکۆکان زیاد بکەین، ئەوەش ئەکەمجارە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کوردستان ببێتە یەکێک لەسەرچاوەکانى داهات، ئاشکراشیکرد بەشێکى ئەو داهاتە تەرخانکرا بۆ وەبەرهێنان لە توێژینتەوەى زانستى.

 دامەزراندنى بۆردى توێژینەوەى زانستى ڕایگەیندرا

هەر لە وتارەکەیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مژدەى دامەزراندن و دەستبەکاربونى بۆردى توێژینەوەى زانستى (NATIONAL Research Council) ڕاگەیاند، ئاشکراشیکرد بۆردەکە بریتیە لە ئەنجومەنێکى زانستى ستراتیژى نیشتیمانى.

ئەرکەکانى بۆردەکە جۆراو جۆرە

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوردى باسى لە ئەرکەکانى بۆردەکە کرد و وتى: ئەرکى سەرەکى ئەم بۆردە بریتیە لە داڕشتنى چوارچێوەى سیاسەت و ستراتیژى گشتى توێژینەوەى زانستى و، هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوە لە بوارى پسپۆڕى جیا، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایى پێداویستیە زانستى و تەکنەلۆژى، ئابورى، سیاسى و کۆمەڵایەتیەکانى هەرێمى کوردستان، جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە کە لە ڕێگەى ئەو بۆردەوە هەوڵ دەدەن بەرهەمى توێژینەوە زانستیەکان لە کایە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەکاندا کارایى زیاتریان هەبێت و، چارەسەرى ئەو کێشەو بابەتە هەستیارانە بکەن پرسیارى زانستى و، بەتەواوەتى تێکەڵاوى ئەکادیمیا و توێژینەوەى زانستى بکەن، لەهەمان کاتدا ئەو بۆردە کاردەکات بۆ ئاراستەکردن و پشتیوانیکردنى چالاکى توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى دەستەبەرکردنى گرانتى ساڵانە و، هەوڵى دۆزینەوەى پارتنەرى نێودەوڵەتى بۆ پڕۆژەکانى توێژینەوە و بەخشیننى بەو پڕۆپۆزەڵانەى کە ئاستى زانستیان بەرزەو لە ئەولەویەتى بەرژەوەندى نیشتیمانى هەرێمى کوردستانن.

 (١٠٠) ملیۆن دینار وەک گرانتى یەکەم بۆ بۆردەکە تەرخانکرا

بۆ بەڕێوەبردنى کارەکانى بۆردەکەش، د.یوسف گۆران لە بۆنەیەدا ڕاگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى (١٠٠) ملیۆن دینار وەک گرانتى یەکەم پێشکەش بەبۆردى توێژینەوەى زانستى دەکات، تا لە ڕێگەى پێشبڕکێ بدرێتە پرۆپۆزەڵى ئەو توێژینەوانەى کە دەچنە خزمەتى چارەسەرکردنى بابەتەکانى تایبەت بەهەرێمەکەمان و، ئاشکراشیکرد کە هەر لەم هەفتەیەوە بۆردەکە دەستبەکار دەبێت و، دەرگاى پێشکەشکردنى پڕۆپۆزەڵى توێژینەوەکان بەڕوى توێژەرانى هەرێمەکەمان دەکاتەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا دەرفەتى گەیشتن بەسەرچاوە زانستیەکان بۆ توێژەران دەڕەخسێنێ

هەر لە وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مژدەیەکى دیکەى بە توێژەران دا و ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان لە ئێستادا سەرقاڵى ڕێکخستنى گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەکانى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى بۆ ئەوەى بتوانین دەرفەتى گەیشتن بەسەرچاوە و گۆڤار و بڵاوکراوە زانستیە نێودەوڵەتیەکان بۆ توێژەرانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڕخسێنین، بۆ ئەوەش وتى: توێژەرەکانمان کاتێک دەتوانن بەشدارى زیاتر لە بەرهەمهێنانى مەعریفە بکەن، ئەگەر خۆیان دەستیان بەنوێترین سەرچاوەى زانستى بگات، ئاشکراشیکرد لە ئایندەیەکى زۆر نزیکدا (ئەکسێسى) یاسایى بۆ گۆڤارە زانستیەکان لەبەردەم توێژەرانى کوردستان و، سەرجەم مامۆستایانى زانکۆ دەکەینەوە، وتیشى ئەم هەنگاوە هەمو بوار و پسپۆڕییەکان دەگرێتەوە، هیواشى خواست پێکەوە بتوانن سودى تەواوى لێ وەربگرن، ڕونیشیکردەوە ئەو هەنگاوەشمان پابەندبونى هەرێمەکەمانە بەبنەماکانى ڕێزگرتن لە (کۆپى ڕایت) و، دەسکەوتنى سەرچاوە زانستیەکان لە ڕێگەى یاساییەوە.

بۆ داهێنەرانى کوردستان بەڕێوەبەرایەتى زانست و تەکنەلۆژیا دەکرێتەوە

هەر لەو وتارەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەم هەفتەیەوە بەڕێوەبەرایەتى زانست و تەکنەلۆژیا لە دیوانى وەزارەت دەستبەکار دەبێت، وتیشى مەبەستى سەرەکى لە دروستکردنى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بریتیە لە چاودێریکردن و پشتگیریکردن و هاندانى زانایان و داهێنەرانى کوردستان و، کاراکردنى پڕۆسەى گەشەپێدانى زانست و تەکنەلۆژیا و داهێنان لە هەرێمى کوردستان، ئاشکراشیکرد ئەو بەڕێوەبەرایەتیە کار بۆ پشتیوانیکردنى پرۆسەى دەستەبەرکردنى تەکنەلۆژیاى نوێ بۆ بوارە جیاکانى توێژینەوەى زانستى و، زامنکردنى ڕاهێنانى ستافى لۆکاڵى بۆ بەکارهێنان و پراکتیزەکردن و پاراستنى بەردەوامى کارپێکردنیان دەکات، ڕونیشیکردەوە، کە هەر لە ڕێگەى ئەو بەڕێوەبەرایەتیە نوێیەوە هەوڵ بۆ داڕشتنى یاسا و ڕێنمایى تایبەت بە داهێنانى ڕەسەن (براءة الاختراع) دەدەن، بەجۆرێک کە لەگەڵ ڕێنمایى و ستانداردە نێودەوڵەتیەکاندا بگونجێت.   

دەبێ ئەنجامى توێژینەوە زانستیەکان ببنە بنەماى نەخشە ڕێگەى چاکسازى

لە کۆتایى وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کارکردن بۆ گەشەپێدان و چالاککردنى جوڵانەوەى توێژینەوەى زانستى و پاراستنى ئاست و کواڵیتى توێژینەوەکان پڕۆسەیەکى دورودرێژە و نەفەسدرێژى و شەونخونى و کارى پێکەوەیى دەوێت، بۆ ئەوەش هیواى خواست هەموان پێکەوە بتوانن بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە تێبکۆشن، وتیشى خەونى گەورەى ئێمە ئەوەیە کە توێژەران و پڕۆسەى تویژینەوە ببەستینەوە بەچارەسەرکردنى هەمو گرفتەکانى وڵاتەکەمان،  تا ئەنجامى تویژینەوە زانستیەکان ببنە بنەماى نەخشە ڕێگەى چاکسازى و گەشەکردنى هەمەلایەنەى هەرێمەکەمان و، سەرئەنجام زانست بکەینە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانى توانا و پێشخستنى کوردستانەکەمان.

لە دوەمین سیمپۆزیەم باس لە چى دەکرێ

لەو کۆنفرانسەکەدا، کە بەناونیشانى (بەنێودەوڵەتیکردنى توێژینەوەى زانستى) و، بەئامادەبونى، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و،د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆى حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەکى زۆر لە توێژەران و مامۆستایان و شارەزاییان و خوێندکاران لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سێنتەرى ڕۆشنبیرى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد، ماوەى دو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و، لە ڕێگەى چەند پەنێڵێکەوە گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى بەنێودەوڵەتیکردنى توێژینەوەى زانستى و، چۆنیەتى بەبەرەوپیشبردنى توێژینەوەى زانستى و، ڕۆڵى توێژینەوە لە بەرزکردنەوەى ڕانکینگى زانکۆ دەکرێت، لەهەمان دو سمینار دەربارەى گۆڤارە باوڕپێکراوەکان و، چۆنیەتى شیکردنەوەى زانیارى لە توێژینەوە پێشکەش دەکرێت.