وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆمەڵێک گۆڕانکارى لە ناوەندى وەرگرتن-ى خوێندکاران دەکات

kongrey rozhnamey11

بەئامانجى سود وەرگرتن لە ئەزمونى وڵاتانى پێشکەوتو و، ڕەچاوکردنى حەزو ئارەزوى خوێندکار و بەرزکردنەوەى زیاترى ئاستى زانستى زانکۆکان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) کۆمەلێک گۆڕانکارى گرنگى و گەورەى لە ناوەندى وەرگرتن و سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان پەسند کرد، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیەدا وردەکارى ئەو گۆڕانکاریانە خرانەڕو.

لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، کە ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (٢٣/٤/٢٠١٧) لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ کۆمیتەى باڵاى وەرگرتن-ى خوێندکاران لە زانکۆکان ڕێکخرابو لایەنەکانى گۆڕانکارییەکان باسکران.

سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى فراوان دەکرێ

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆى، کە لە ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) دەست بەجێبەجێکردنى کرا، بەشێوازێکى فراوان لەلایەن دەرچوانى پۆلى دوانزدەى ئامادەیى و کەسوکاریان پێشوازییەکى گەرمى لێکرا و، خۆشبەختانە توانیمان بۆ یەکەمین جار بەسەرکەوتوى جێبەجێى بکەین، وتیشى بەهۆى جێبەجێکردنى ئەو سیستمە نوێیەوە فشار لەسەر بەشە ناوخۆیى زانکۆکانیش کەم بوەوە.

د.محمد سابر ڕونیشیکردەوە ساڵى ڕابردو ئەو سیستمە لە زیاتر لە (١٠٠) بەشى زانستى لەسەرجەم زانکۆکان جێبەجێکرا، ئاشکراشیکرد بەسود وەرگرتن لەو ئەزمونە سەرکەوتوە ئەنجومەنى وەزارەتەکەمان بڕیاریدراوە بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) ئەو سیستمە فراوان بکات، بەشێوەیەک سەرجەم بەشە زانستیەکان بگرێتەوە، جگە لە کۆلێژە (پزیشکیەکان، ئەندازیارى، یاسا) و، بەشەکانى (بایەلۆژى، کیمیا، زانستەکانى کۆمپیوتەر) لە کۆلێژەکانى زانست و، بەشەکانى (زمانى ئینگلیزى) لە کۆلێژەکانى زمان و زانستە مرۆڤایەتیەکان و ئەدەبیات.

ئەمساڵ خوێندکاران بەدو قۆناخ لە زانکۆ وەردەگیرین

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتى: بەئامانجى زوتر دەستپێکردنى دەوامى خوێندکارانى قۆناخى یەکەم لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) ڕاگەیاندنى وەرگرتنى ناوى خوێندکارانى  بەدو قۆناخ بێت، بەشێوەیەک بۆ هەر قۆناخێکى دەرچون ڕێژەیەکى گونجاو لە پلانى وەرگرتنیان بۆ دانراوە، د.محمد سابر ڕونکردنەوەى زیاترى داو وتى: ڕێژەى (٥٥%)، یان زیاتر کورسیەکانى خوێندنى قۆناخى یەکەم بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ئەمساڵ و ساڵى پێشو(ئەوانەى لە هیچ زانکۆەیەک وەرنەگیراون)  تەرخان دەکرێت، هەروەک ڕێژەى (٤٥%)ى کورسیەکانى خوێندنیش کە لە قۆناخى دوەم ڕادەگەێندرێت بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى خولى دوەمى تاقیکردنەوەکانى ئەمساڵ دەبێت.   

خوازیارانى کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) لە ئەژمارکردنى نمرەى چەند وانەیەک سەرپشک دەکرێن

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، د.محمد سابر بڕیارێکى دیکەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراکرد و ڕایگەیاند: بۆ لەمەودوا دەرچوانى لقى زانستى پۆلى دوانزەیى ئامادەیى بۆ پێشکەشکردنى داواکارى وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانى (کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) دەتوانن تەنها نمرەى وانە پەیوەندیدارەکانى (فیزیا، کیمیا، بیرکارى، زیندەوەرزانى، زمانى ئینگلیزی) ئەژمار بکەن و، ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانى تر بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەى دەبێ پێشکەشکار لەسەرجەم وانەکان دەرچوبێت، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و وەرگرتن ئاشکراشیکرد، ئەم بڕیارە لە وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، واتا دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئەمساڵ دەتوانن سود لەو بڕیارە وەربگرن.

ئەژمارکردنى تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکان

لە بەشێکى دیکەى ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، مژدەیەکى دیکە بە دەرچوانى پۆلى دوانزەیى ئامادەیى درا بەتایبەت ئەو خوێندکارانەى کە خاوەن تاقیکردنەوە ستانداردە نێودەوڵەتیەکانن، بۆ ئەوەش د.محمد سابر وتى: ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا تاقیکردنەوە ستاندارە نێودەوڵەتیەکان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەژمار بکرێ، بۆیە ئەو خوێندکارانەى دەرچوى پۆلى دوانزەیى ئامادەیى کە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانى وەک (SAT1 and SAT2 ) و(AlEUEL EXAM) ئەنجام داوە، دەتوانن لە کاتى پێشکەشکردنى داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامى تاقیکردنەوەکانیان هاوپێچ بکەن تا بۆیان ئەژمار بکرێت، ئاشکراشیکرد ئەم تاقیکردنەوانە لە زانکۆ و حکومى و تایبەتەکان خوێندکاران دەتوانن پێیى بچنە پیشبڕکێ و، دواى ئەوەى لەلایەن کۆمیتەیەکەوە ڕێنمایى بۆ دەردەچێت، لە ئەمساڵیشەوە دەچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.

دابینکردنى کورسى خوێندن (زمانى و ئەدەبى کوردى) بۆ خەڵکى بیانى

لە بەشى کۆتایى کۆنگرە ڕۆژنامەیدا، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ یەکەمین جار بڕیاریدا بەجێبەجێکردنى پڕۆژەیەکى گرنگـ، ئاشکراشیکرد پڕۆژەکە تایبەتە بەبایەخدان بەزمان و ئەدەبى کوردى، چونکە ئێستا هەرێمى کوردستان و کورد بەشێوەیەکى گشتى بۆتە جێگەى گرنگ و بایەخى خەڵکى بیانى، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیاریدا بەجێبەجێکردنى پڕۆژەیەک کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کورسى خوێندنى فول سکۆلەرشیپ بەناوى  (Kurdish studies ) بۆ خەڵکى بیانى تەرخان دەکات، وتیشى پڕۆژەکە سەرجەم ئاستەکانى خوێندنى باڵا (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) دەگرێتەوە و، ساڵانە بەپێى تواناى زانکۆکان ژمارەیەک کورسى خوێندنى تایبەت بەزمان و ئەدەبى کوردى بۆ خەڵکى بیانى تەرخان دەکات، ئەوەشى ڕاگەیاند: لە ئێستادا کۆمیتەیەکى باڵا-یی بەناوى کۆمیتەى باڵا نیشتمانى بۆ کورد سکۆلەرشیپ ( National committee for kurd scholarships - NCKS) پێکهاتوە و، کۆمیتەکەش نەخشە ڕێى کارکردنى داڕشتوە، د.محمد سابر وتیشى بەجێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکى گەورە بەزمان و ئەدەب و مێژو و کەلتور و کەلەپورى کوردى دەکرێ.

لە کۆتایى کۆنگرە ڕۆژنامەکەشدا لەلایەن میدیاکاران و ڕۆژنامەوانانەوە چەندین پرسیار ئاراستەى ڕێکخەرانى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکە کرا و، دواتریش وەڵام درانەوە.