ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەبارەت بە پشوى هاوینە

DSC00640.jpg

    لە چەند ڕۆژى ڕابردودا لەلایەن بەشێکى زۆرى فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکان، هەروەها لەلایەن چەند دەزگایەکى ڕاگەیاندن داواى ڕونکردنەوەمان لێدەکرێت، سەبارەت بەنەمانى پشوى هاوینە بۆ فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتەکەمان بەباشى زانى ئەم ڕونکردنەوەیە بخاتەڕوو:

دواى ئەوەى هەرێمى کوردستان دوچارى ئەو دۆخە ناهەموارەى بوارى سیاسى و ئابورى بوەوە، کە لەهەمویان دیارتر قەیرانى ئابورى و دواکەوتنى موچەى فەرمانبەرانە، لەو ڕوانگەیەوە فەرمانبەرانى وەزارەتەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان بەردەوام گلەیى و گازندەیان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەکرد، کە بۆچى فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هاویندا پشوو وەردەگرن؟

بۆیە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بەنوسراوى ژمارە (٥٦٢٥) لەڕێکەوتى (٨/٩/٢٠١٤) داواى ڕونکردنەوەى لە وەزارەتەکەمان کرد و پرسیاری ئەوەیان کرد، کە ئایا پشت بەچ بنەمایەکى یاسایى دەبەسترێت بۆ پێدانى مۆڵەت بەفەرمانبەران لە مانگەکانى (تەمووز و ئاب)؟، لە وەڵامدا وەزارەتەکەمان بە نوسراوى ژمارە (٢٠٥٠٨) لە ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠١٤) وەڵامى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى دایەوە، کە بۆ پشوى مامۆستایان پشت بەمادەى (١٠) بڕگەى سێیەم لە یاساى ڕاژەى زانکۆى ژمارە (٢٣) لە ساڵى (٢٠٠٨) بەستراوە. سەبارەت بەپشوى فەرمانبەران، ڕونمان کردەوە کە ئەوان پشوو وەرناگرن، بەڵکو بەشێوەى (تناوب) دەوام دەکەن، ئەوەش وەک عورفێکى ئیدارى کە پیش دامەزراندنى وەزارەتەکەمان لە زانکۆکان پەیڕەو کراوە، بەهۆى ئەوەى لە ماوەى ئەو (٢) مانگەدا پشوى خوێندنى قوتابیان و خوێندکارانە لەسەرجەم زانکۆکان، لەهەمان کاتدا کاروبارى کارگێڕیش کەمتر دەبێتەوە، بۆیە بەشێوەى (تناوب) بۆماوەى مانگێک مۆلەتیان پێدراوە.

 بەڵام سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە نوسراوى ژمارە (٧٦٠٠) کە لە ڕێکەوتى (٢٦/١١/٢٠١٤) ئاڕاستەى وەزارەتەکەمانى کردوە، تێیدا ئەوەى ڕونکردۆتەوە کە ئەو جۆرە عورفە ئیدارییە پێچەوانەى یاساى ڕاژەى شارستانیە، کە فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هاوشێوەى فەرمانبەرانى وەزارەتەکانى دیکە بەیاساى ڕاژەى شارستانى فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، واتا یاساى ڕاژەى زانکۆى تایبەتە بە مامۆستایانى ئەندامى دەستەى وانەوتنەوە، کە هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرو دکتۆران، لەسەر ئەو بنەمایە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا کە نابێت ئەو پشووە بدرێت بەفەرمانبەرانى خوێندنى باڵا،  لەو چوارچێوەشدا وەزارەتەکەمان بە نوسراوى ژمارە (١٢٦٨٦) لە ڕێکەوتى (٢٣/٦/٢٠١٥) گشتاندنى بەو نوسراوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کرد.

سەبارەت بەپشوى هاوینەى مامۆستایان، لێرەدا بەپێویستى دەزانین مامۆستایان دڵنیابکەینەوە کە ئەو بڕیارە ئەندامانى دەستەى وانەوتنەوە ناگرێتەوە و پشوەکەیان هەڵنەوەشاوتەوە، بەڵکو بەپێى یاساى ڕاژەى زانکۆیى ژمارە (٢٣)ى ساڵى ٢٠٠٨ ماددەى (١) بڕگەى سێ، مامۆستایان هاوشێوەى ساڵەکانى دیکە ڕێگەیان پێدراوە کە لە مانگەکانى (٧ و٨) پشوو وەربگرن.

تبینى:

بڕوانە نوسراوەکانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى سەبارەت بە پشوى هاوینەى فەرمانبەران