ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد

kobwney anjwmani wezaret

بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بەئامادەبونى ڕابەر سدیق بریکارى وەزارەتى دارایى و ئابورى یەکەمین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ساڵى نوێ بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەمە ڕێکەوتی (٢٨/٢/٢٠١٧) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو، لە چەند تەوەرێکى جیادا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەبردنى لایەنى دارایى زانکۆکان و، سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى و، سیستمى بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا  و، گرنگیدان بەتەندروستى و سەلامەتى و چەند بابەتێکى دیکەى پەیوەست بەخوێندنى باڵا تاتوێ کران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەناوى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنى ڕابەر سدیق بریکارى وەزارەتى دارایى و ئابورى کرد و، هیواى خواست بەیەکەوە لەبەر ڕۆشنایى بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ (هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان) هاوکار و هەماهەنگى یەکتر بن تا زانکۆکان باشتر لە ڕوى دارایى و کارگێڕى و زانستیەوە بتوانن کارەکانیان ڕاى بکەن و چارەسەرى کێشەکان بکەن.

تاوتوێکردنى دۆخى دارایى زانکۆکان

لەو چوارچێوەیەدا و، د.خەتاب  شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى کورتەیەکى لەسەر کیشە داراییەکان باس  کرد بەتایبەت ئەو کێشانەى پەیوەستن بەڕێنماییەکان بۆ ئەوەش وتى: بەپێى بڕیارى ژمارە (٨٦)ى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران داهاتى زانکۆکان بەڕێژەى (٧٠%) بۆ خودى زانکۆکانە و، (٧%) بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی-یە و، (٢٣%) بۆ وەزارەتى دارایى و ئابورییە، وتیشى خۆشبەختانە لەماوەى ڕابردودا بەڕێژەى جیاواز زانکۆکان سەرکەوتنى باشیان بەدەستهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارەکان بێ کێشە و کەموکوڕى نەبوە بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتى دارایى و ئابورى، بۆ ئەوەش ئاماژەى بەچەند کێشەیەک کرد، بۆ ئەوەش داواى کرد کارئاسانى بکەن بۆ ئەوەى هەنگاوەکان باشتر بەڕێوەبچن.

لێژنەیەک بۆ پێداچونەوە بەکرێى وانەبێژى پێک دێ

 لەبەرامبەردا، ڕابەر سەدیق بریکارى وەزارەتى دارایى و ئابورى دواى ئەوەى سوپاسى ئەو دەرفەتەى کرد بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئاگادارى کێشەکان بن، ڕایگەیاند: ئێمە لە قەیرانێکى سەختداین، بەڵام بەردەوامیدان بەپڕۆسەى خوێندن یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى سەرکەوتو بۆ داهاتوى گەلەکەمان، بۆ کێشەکانیش وتى: بە نوسراوى ڕەسمى ئەو بانکانە ئاگادار دەکەین کە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا کاتێک ئەژمارى تایبەت دەکەنەوە بەهیچ شێوەیەک دەستکارى داهاتەکەیان نەکرێ، بەڵکو تەنها بۆ خودى زانکۆکان خەرج بکرێ، سەبارەت بەشایستە داراییەکانى مامۆستایانیش بەتایبەت و ئەوەى پەیوەستە بەکرێى وانەبێژى لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بریکارى وەزارەتى دارایى ڕایگەیاند: لە ڕێگەى لێژنەیەکى تایبەتى وەزارەتەکەتان لەگەڵ وەزارەتەکەمان پێداچونەوە بەڕێنماییەکان دەکەین، وتیشى مافى خۆتانە گلەیى لە وەزارەتى دارایى بکەن، بەڵام داواکارم دۆخى دارایى ئێمەش لەبەرچاوبگرن، کە لە ژێر فشارێکى زۆرداین.

چەند میکانزمێک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان گەڵاڵە کران

لە کۆتایى بەشى یەکەمى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وتى: وەک دەزانین کۆدەنگیەک لەسەر  پێداچونەوە بەپاشکەوتى موچە هەیە، بەڵام وەک دەزانین لە پاشکەوتى موچە زۆرترین ڕیژە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کەمکرایەوە، بۆیە داواکارین لە پێداچونەوە بە پاشکەوتى موچەدا هاوشێوەى مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە ڕەچاوى مامۆستایانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بکەن، بەشێوەیەک شایستەى ژیان و گوزەرانیان بێ، وتیشى خۆشحاڵین بوین بەئامادەبونى بریکارى وەزارەتى دارایى لەم کۆبونەوەیە، چونکە دەرگایەکى باشى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانمان کردەوە، بەهیواین لە ڕێگەى ئەو میکانزمانەى پێشنیاز کران، هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکان بدەین.

دانانى ڕێنمایەکى تایبەت بەبەرزکردنەوەى نازناوى زانستی

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: داواکارییەکى زۆر لەلایەن ئەوانەى کە خوێندکارى دکتۆران بۆ وەزارەتەکەمان بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەى (بەرزکردنەوەى پلەى زانستى)یان ڕانەوەستێ و، لەکاتى پڕۆسەى خوێندندا (بەرزکردنەوەى پلەى زانستی)یان ڕانەوەستێ و، بەڵکو بەردەوامى پێ بدرێ، ئەوەش بەڕەچاوکردنى گۆڕانکارییەکان و هاوکاریکردنى کەسانى بەتوانایە، بۆ ئەوەش دواى تاوتوێکردنى لایەنەکانى ئەو بابەتە، لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، لە پێناو هاندان و پاڵپشتیکردنى ئەو توێژەرە بەتوانا و لێهاتوانەى کە چالاکى زانستى و توێژینەوەى بەردەوامیان هەیە و، ئەنجامى توێژینەوەکانیان دەگەێننە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دەرەوەى وڵات، کۆبونەوەکە ڕەزامەندى نیشاندا بۆ دانانى ڕێنماییەکى تایبەت بۆ بەرزکردنەوەى نازناوى زانستى بۆ ئەو توێژەر و مامۆستا خاوەن شارەزاییە تایبەتانە.

مەرجى زمانى ئینگلیزى

هەر لە کۆبونەوەیەدا، د.یوسف گۆران داواى کاندیدەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ پێداچونەوە بە مەرجى زمانى ئینگلیزى خستە بەردەم ئەندامانى ئەنجومەن، بۆ ئەوەش دواى تاوتوێکردنى سەرجەم لایەنەکان و، وەرگرتنى پیشنیازى ئەندامان، کۆبونەوەکە بڕیاریدا مەرجى زمان هەر وەک خۆى بمێنێتەوە.

ڕەزامەندى لەسەر کردنەوەى لقى زانکۆى زانست و تەکنەلۆژیا درا

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى پارەوە پەیوەندییەکانمان بەتایبەت پەیوەندییە ئەکادیمى و زانستیەکانمان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران گەشەى زۆرى بینیوە و، ڕێککەوتنامەشمان هەیە، وتیشى ئاراستەیەکى حوکمی هەیە بۆ بایەخدان بە خوێندنى پیشەیى لە کوردستان، ئاشکراشیکرد ماوەى ساڵێک لەگەڵ زانکۆى زانست و تەکنەلۆژیا (علوم و صنعتى) لە گفتوگۆدا بوین بۆ ئەوەى لقێکى زانکۆکەیان لە کوردستان بکەنەوە، ئێستاش ئەوان پڕۆپۆزەڵەکەیان پێشکەشکرد و، لەلایەن لێژنەى باڵاى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین هەڵسەنگاندنى تەواوى بۆ کراوە، د.یوسف گۆران ڕونیشیکردەوە زانکۆى (علوم صنعتى) کۆمارى ئیسلامى ئێران لەسەر ئاستى ئێران لە ڕێزبەندى یەکەمى زانکۆکانە و، لەسەر ئاستى جیهان-یش  لە ڕیزبەندى (٥٠٠)ە کاندایە، کردنەوەى ئەم زانکۆیەش لە چوارچێوەى بیرۆکەى هێنانى کۆمەڵێک ئەزمونى سەرکەوتوى وڵاتانە بۆ هەرێمى کوردستان، هەر بەوەش دەتوانین ئابورى مەعریفە لە کوردستان گەشەى پێ بدەین، بۆ ئەوەش  کۆبونەوەکە بڕیاریدا بەپێى ڕێنماییەکان داواکەیان بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ پەسندکردنى بەرز بکرێتەوە.

وەزارەت زەمالەى خوێندنى کوردى بۆ خەڵکى بیانى دابین دەکات

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە پڕۆژەیەکى نەتەوەیى وەزارەت کرد بۆ دابینکردنى زەمالەى خوێندنى کوردى بۆ خەڵکى بیانى بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخوێنن، بۆ ئەوەش د.یوسف ڕایگەیاند: لە ئێستادا بایەخدانێکى تایبەت بەناوچەکە هەیە، بۆیە ئەم پڕۆژەیە بۆ ئێستا زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ ئێمە، ئاشکراشیکرد پڕۆسەکە بریتیە لە دابینکردنى ژمارەیەک کورسى ساڵانەى خوێندن بۆ خوێندنى بەرایى بۆ زمان و ئەدەبى کوردى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ڕونیشیکردەوە پڕۆژەکە ناوێکى کوردى لێ دەنێین و، زانکۆکانیش بەپییى تواناى خۆیان دەتوانن ژمارەى خوێندکاران دیارى بکەن، لەوەشدا کۆبونەوەکە بەگەرمى پێشوازى لە پڕۆژەکە کرد و بەگرنگ و گەورە وەسفیان کرد.

وەرگرتنى بەشێوازى ڕاستەوخۆی زانکۆیى فراوان دەکرێ

لە بەشێکى دیکەى ئەو کۆبونەوەیەدا تاوتوێی چۆنیەتى بەرەوپێشبردنى وەرگرتنى شێوازى ڕاستەوخۆى زانکۆیى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧/ ٢٠١٨) لە زانکۆکان کرا، بە جۆرێک هەمو بەشەکان بگرێتەوە، جگە لە بەشەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، یاسا) کە هەر بە شێوەى وەرگرتنى ناوەندى (قبول مرکزى) دەمێنێتـەوە، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ساڵى پار ئەزمونێکى زۆر سەرکەتومان جێبەجێ کرد، ئەوەش هەم سەرکەوتنە بۆ ئێمە هەم بۆ زانکۆ، کە زۆر کێشەى لە زانکۆکان چارەسەر کرد بەتایبەت لە زۆرى خوێندکار و فشارى بەشە ناوخۆییەکان، د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: سیستمى ناوەندى وەرگرتن جگە لەوەى ڕەچاوى ئارەزوى خوێندکارى تێدا نەدەکرا، لەهەمان کاتدا زانکۆش نەیدەتوانى ستراتیژى کارى خۆیى دابنێ، بۆ ئەمساڵیش وتى: هەر زانکۆیەک کە ئارەزوى دەکات فراوان بکات دەتوانێ داواکەى بەرز بکاتەوە، بەڵام پێویستى بەجۆرێک پێداچونەوە هەیە، چونکە خوێندکار بۆى دەبێ زیاتر لە شوێنێک داوا پیشکەش بکات، چونکە ئەو پڕۆسەیە بۆ سەربەخۆى زانکۆکان زۆر باش دەبێ، لەو چوارچێوەیەشدا کۆبونەوەکە بڕیاریدا بەدو قۆناخ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) بەسیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى وەربگرێ، بەشێوەیەک بۆ هەر خولێک ڕێژەیەک دیارى دەکرێ، هەر بۆ ئەو مەبەستەش کۆبونەوەکە بڕیاردرا لە چەند ڕۆژى داهاتودا لێژنەى باڵاى خوێندن و پلانى وەرگرتن کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەن بۆ دیراسەکردنى پڕۆسەى وەرگرتن و دانانى میکانزمى گونجاو بۆ دیاریکردنى ڕێژەى خولەکان (خولى یەکەم ، خولى دوەم) لەگەڵ وردەکارییەکانى پڕۆسەکە.

زیاتر لە (١٥) هەزار لە خوێندنى ئێواران و سیستمى پارلێل وەرگیراون

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون کورتەیەکى لەبارەى خوێندنى ئێواران و سیستمى پارلێل بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) خستەڕو وتى: لە خوێندنى ئێواران (١٠٣٢٦) خوێندکار لە زانکۆ حکومیەکان وەرگیراون، لەهەمان کاتدا (٢٨٥٩) خوێندکار بەسیستمى پارالێل وەرگیراون، هەروەک (١٩٧٤) خوێندکاریش لە کۆلێژەکانى پەروەردەى بنەڕەتى/ئێواران بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى پەروەردە وەرگیراون، ئەوە جگە لەوانەى تەرقید قەیدکرابون و ئەمساڵ بەسیستمى (پارالێل) لە خوێندنى بەرایى وەرگیراون، ژمارەیەکیش ئەوانەى کە مەرجى گواستنەوەیان تێدا نیە، بەشێوەى سیستمى پارالێل گواستنەوەیان بۆ کراوە و بۆ ژماریەکیش میوانداریان بەسیستمى پارالیل بۆ کراوە و، بەشێوەیەکى گشتى زیاتر لە (١٥) هەزار خوێندکار بەسیستمى پارالێل و، لە خوێندنى ئێواران وەرگیراون.

بەئەلکیترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا

هەر لەو کۆبونەوەیەدا تاوتوێ بەئەلکیترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا کرا، بۆ ئەوەش بەگرنگە زانرا هەنگا و بەهەنگاو دامەزراوەکان بەرەو سیستمى بەئەلیکترۆنى بڕۆن، بەتایبەت لە قۆناخى یەکەمدا تۆمارى زانکۆکان و شێوازى بەڕێوەبردن و، پێشکەشکردنى داواکارى بۆ خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا)، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەى سەرجەم دامەزراوەکان بەئەلکیترۆنی بکرێن، ئەوەش لە پێناو ڕایکردنى کارەکان بەشێوەیەکى مۆدێرن و کارئاسانیکردن بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و هاوڵاتیان.

کورسى تایبەت بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕیندراوەکان دابین دەکرێ

هەر لەو کۆبونەوەیەدا و، لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەکە بڕیاریدا کورسى تایبەت بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە سیمستەرى هاوینەى ئەمساڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دابین بکرێ.

گەڕانەوەى مامۆستایان بۆ زانکۆى کەرکوک

هەر لەو کۆبونەوەیەدا د.یوسف گۆران وتى: ئەمڕۆ ئەتوانین هانى مامۆستا و فەرمانبەرانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەت کەرکوکیان بدەین بۆ گواستنەوەى ڕاژەیان بۆ زانکۆى کەرکوک، چونکە ئێستا دۆخێکى دارایى جیاواز هەیە و، لەهەمان کاتدا ڕیژەى مامۆستایانى کورد لە کەرکوک زۆر کەمە، بۆیە هەر سەرۆک زانکۆیەک دەتوانێ لە زانکۆکەى خۆیەوە دەست پێ بکات، لەبەرئەوەى ئەوە خزمەتێکى نەتەوەیى گەورەیە، بۆیە گرنگە لە ڕێگەى خۆتانەوە هانى ئەو مامۆستایانە بدەن، بەوە دەتوانین زانکۆى کەرکوک ببوژێنینەوە.

زانکۆى چەرمو ئەزمونێکى نوێى بەڕێوەبردن جێبەجێ دەکات

کۆبونەوەکە تاوتوێى داوایەکى زانکۆى چەرمو-ى کرد بۆ جێبەجێکردنى ئەزمونێکى نوێى بەڕێوەبردن، بۆ ئەوەش دواى لەلایەن د.سەڵاح ڕەزا کورتەیەکى لەبارەى ئەزمونە نوێیەکە و شێوازى بەڕێوەبردنى زانکۆکەى بۆ ئەندامانى ئەنجومەن خستەڕو، ئینجا کۆبونەوەکە بڕیاریدا تایبەتمەندى بدرێ بەزانکۆکە وەک مۆدێلێکى نوێى بەڕێوەبردن و گەشەپێدانى زانکۆکە و، لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى-یش وەک ئەزمونێکى نوێ مامەڵەى لەگەڵدا بکرێ و پاڵپشتى بکات.

وەزارەت سەرچاوەى زانستى دابین دەکات

لە بەشێکى دیکەى ئەو کۆبونەوەیەدا، د.یوسف گۆران وتى: لە هەوڵداین بۆ ئەوەى زانکۆکان دەستیان بگات بەسەرچاوە زانستیە گرنگەکان، بۆیە بیرۆکەکەیمان هەیە لەگەڵ خانەکانى بڵاوکراوە جیهانیە گرنگەکان ڕێکەوتنێک بکەین تا خوێندکاران و مامۆستایان بتوانن دەستیان بگاتە ئەو سەرچاوە گرنگانە، بۆیە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە بەتەواوەتى گەلاڵە بو، ئەوە بریارى لەسەر دەدەین، چونکە بەو ڕێگەیە دەتوانین ئاستى زانستى زانکۆکان پێش بخەین و توێژینەوەى باش پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن.

تەندروستى و سەلامەتى

لە بەشى کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، باس لە گرینگیدان بە پڕۆسەى تەندروستى و سەلامەتى و، بابەتى پاشماوەى کیمیاویى و بایۆلۆژى لە زانکۆکان کرا و، بڕیارى پێویستى لەبارەوە درا.