دەمانەوێ سود لە ئەزمونى ئەمریکا وەربگرین بۆ ڕوبەڕوبونەوەى توندڕەوى

Emrika-img-node.3411-01.png

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ئێستادا چوار وەزارەت کار لەسەر بونیادنانى بیرى میانڕەوى و ڕوبەڕوبونەوەى بیرى توندڕەوى دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا هاوشێوەى ئەزمونى وڵاتە سەرکەوتوەکانى دیکە، وتى: پێویستى زۆریشمان بەئەزمونى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکایە.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ (کێنگرۆس) کونسڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان هات، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتی (٢١/١١/٢٠١٦) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو.

لەو دیدارەدا، کە د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوانیان کرا.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا، وەفدى میوان سوپاسى جەنابى وەزیر کرد و پشتیوانى خۆى بۆ کارەکانى وەزارەت دوپات کردەوە کە سەربارى قەیرانى دارایى کارى زۆر باشتان لە بوارى خوێندنى باڵا ئەنجامداوە بەتایبەت ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان، کە ئەو پڕۆسەیە هەنگاوێکە بۆ پەرەپێدانى بوارى خوێندنى باڵا و پێشخستنى وڵات.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران دواى ئەوەى بەخێرهێنانى وەفدى میوانى کرد داواى لە کونسڵى ئەمریکا کرد هاریکارى وەزارەت بکەن بۆ بەهێزکردنى تواناکانى زمانى ئینگلیزى، کە ئێستا سیاسەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەو بوارەدا هاندانى مامۆستایان و خوێندکاران بۆ فێربونى زمانى ئینگلیزى.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەدا باس لە پڕۆگرامى هاوبەش کرا بۆ خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، هەروەک ئەوەش خرایەڕو کە ئێستا ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بەرنامەیەکى تایبەتى هەیە بۆ ڕەوانەکردنى (٢٠٠) خوێندکار بۆ ویلایەت یەکگرتوەکانى ئەمریکا بە ڕێگەى پێشکەشکردنى ڕاستەوخۆ.