ئاگادارییەک بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى

main 01_r3_c2.png

 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەێنێت، خوێندکارانى دەرچوى دوانزەى ئامادەیى دەتوانن سەردانى وێبسیاتى (زانکۆلاین) بکەن بۆ دڵنیابون لە ڕاستى و دروستى نمرەکانیان.

عەباس ئەکرەم دزەیى وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەشێوەیەکى ڕەسمى لە ڕێکەوتى (٢٦/٩/٢٠١٦) لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئەنجامەکانى خولى دوەمى دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى گەیشتۆتە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، بۆ ئەم مەبەستەش لە پێناو کاراکردنى پڕۆسەى (زانکۆلاین) و، گەڕانەوەى ناوی خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتەکەمان ئاگادارى دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى دەکات، بۆ دڵنیابون لە کۆنمرەى پۆلى (١٢) و، هەژمارکردنى نمرەى قۆناغەکانى (١٠) و (١١)یان، لە ئەمڕۆ ڕێکەوتى (28/9/٢٠١٦) بەدواوە دەتوانن سەردانى وێبسایتى (زانکۆلاین) بەناونیشانى  (regayzanko.com) بکەن، هەروەک داواى لە دەرچوانی دوانزەى ئامادەیى دەکەین، ئەگەر هەر خوێندکارێک هەڵە لە کۆنمرەکانیان هەبو، با بەزوترین کات پێویستە سەردانى (بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکانى لە وەزارەتى پەروەردە) بکات بۆ چاککردنى هەڵەکانیان و، دواتر ڕاستى نمرەکانیان بگەێننە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى خولى یەکەم و دووەم دەتوانن بە ژمارەى ئەزمونەکانى قۆناغى دوانزەى ئامادەییان بچنە ناو سیستمى (زانکۆلاین) بۆ دڵنیابون لە کۆنمرەکانیان، وتیشى ئەم ئاگادارییە تەنها بۆ دڵنیابونى خوێندکاران و قوتابیانە لە ڕاستى و دروستى نمرەکانیان، بەهیچ جۆرێک پەیوەندى بە هەڵبژاردن و دیاریکردنى (بەش و کۆلێژ و زانکۆکان) و، پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نیە، بەڵکو کاراکردنى (زانکۆلاین) لە کاتێکى دیکەدا ڕادەگەێنین.