وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند دامەزراوەیەکى زانستى لە ئێران بەسەردەکاتەوە

IMG_5788.jpg

 لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران, ئەمڕۆ سێ شەممە, ڕێکەوتى (٢٦.٤.٢٠١٦), وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, چەند دامەزراوەیەکى زانستیان لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەسەرکردەوە.

یەکەمین وێستگەى دوەم ڕۆژى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان, بەسەرکردنەوەى زانکۆى بایۆتەکنەلۆجی-یان کرد، بەگەیشتنیان لەلایەن د. محمد عەلى سەنعەتى جێگرى سەرۆکى دامەزراوەکەو د. ئەمیر موسەوى سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى زانکۆکەو ئەندامانى بەگەرمى پێشوازى لە وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا.

لە کۆبونەوەیەکدا د. ئەمیر موسەوى سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى زانکۆى بایۆتەکنەلۆجى دواى ئەوەى بەخێرهاتنى وەفدى میوانى کرد, ئینجا کورتەیەکى لەبارەى زانکۆکەیان پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: زانکۆى بایۆتەکنەلۆجى تاکە زانکۆیە لەسەر ئاستى کۆمارى ئیسلامى ئێران کە لە بوارى پزیشکى, کشتوکاڵى و پیشەسازى توێژینەوەى زانستى ئەنجام دەدات, لەهەمان کاتدا ئاماژەى بەژمارەى مامۆستا و ستافى بەڕێوەبردنى زانکۆکەیان کرد و, ئەوەشى ڕاگەیاند: کە زانکۆى بایۆتەکنەلۆجیا سەر بەوەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێرانە. هەر لە قسەکانیدا جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە زانکۆکەیان لە کۆمەڵێک فاکەڵتى و بەشى گرنگ کە بۆ داهاتوى کۆمارى ئیسلامى ئێران گرنگن پێکهاتوە, هیوادارشى خواست پەیوەندییەکانیان لە پێناو خزمەتکردن بەهەردوولا بەردەوام بێت.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى لێکردن: وتى ئێمەش لە هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک سێنتەر و ناوەندى توێژینەوەى گرنگمان هەیە, بۆ ئەوەش نمونەى بەدەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینەوەى زانستى و,  سێنتەرە زانستیەکانى زانکۆکانى (سلێمانى, سەڵاحەددین, کۆیە..) کرد, ئەوەشى ڕاگەیاند: کە لە هەرێمى کوردستان زانکۆیەکى تایبەت بەپزیشکیمان هەیە جگە لەو زانکۆیانەى کە بەشى پزیشکیان هەیە, هەموو ئەوانە وادەکات کە ئێمە دەست بەپەیوەندییەکانمان بکەین بەتایبەت ئاڵوگۆڕکردنى مامۆستا و ئەندامدانى توێژینەوەى هاوبەش و, بەکارهێنانى سێنتەرەکانى یەکتر بۆ خوێندکارانى ماستەرو دکتۆرا, ڕونیشیکردەوە بڵاوکردنەوەى توێژینەوە زانستیەکان و ئەنجامدانى کۆڕ و کۆنفرانس و سمینارى هاوبەش دەبنە هۆکارى زیاترى پەیوەندییەکانمان.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا جەخت لەسەر پێدانى (٦) زەمالەى خوێندن لەلایەن زانکۆى بایلۆتەکنەلۆجیا بەمامۆستایانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دوپاتکرایەوە بۆ ئەوەى لە ماوەى (٦) مانگدا لە سێنتەرەکانى زانکۆى بایۆتەکنلۆجیا توێژینەوەى زانستى ئەنجام بدەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا بڕیاریاندا هاوکارى زانکۆى سلێمانى بکەن بەتایبەت لە دامەزراندنى سێنتەرى توێژینەوەى زانکۆى سلێمانى کە ئێستا لە قۆناغى جێبەجێکردندایە, لەهەمان کاتدا خولى پێویست بۆ ستافى بەڕێوەبردنى سێنتەرى توێژینەوەى زانکۆى سلێمانى لە زانکۆى بایۆتەکنەلۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەنەوە بۆ چۆنێتى بەڕێوەبردنى سێنتەرەکەیان, ئەوەشیان ڕاگەیاند کە خوێندکارانى ماستەرو دکتۆرا دەتوانن سود لە سێنتەرەکانیان بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى وەربگرن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا لێپرسراوانى زانکۆکە بڕیاریاندا هاریکارى کۆلێژى کشتوکاڵى زانکۆى سەڵاحەددین بکەن بەتایبەت لە چۆنیەتى زیادکردنى بەرهەمى گەنم, بۆ ئەوەش جەخت لە ڕاهێنانى مامۆستایان و بەکارهێنانى بەشەکانى سێنتەرەکە کرایەوە.

هەڵسەنگاندنى بلاوکراوەو توێژینەوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان بەشێوازێکى ئەکادیمى لەلایەن زانکۆى بایۆتەکنەلۆجیا گفتوگۆى پێویستى لەبارەوە کرا.

دوابەدواى کۆبونەوەکەش وەفدى حکومەتى هەرێمى کوردستان چەند تاقیگەیەکى لە زانکۆى بایلۆتەکنەلۆجیایان بەسەرکردەوە و, ئاشناى چۆنێتى کارکردنى بەشە جیاکان کران.

لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران, وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى زانکۆى ئەمیر کەبیر بۆ تەکنەلۆجیایان کرد و بەگەرمى لەلایەن د.ئەحمەد موعتەمەدى سەرۆکى زانکۆکەو ژمارەیەک لە ئەندامانى بەڕێوەبردنى زانکۆکە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبونەوەیەکدا د. ئەحمەد موعتەمەدى سەرۆکى زانکۆى ئەمیر کەبیر بۆ تەکنەلۆجیا وتى: ئێمەو کوردستان پەیوەندییەکى قوڵ و دورو درێژەمان هەیە, ئەمڕۆ کە زانکۆکەمان دەیەوێ ئاستى پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆکانى جیهان فراوان بکات, خۆشحاڵیشە کە لەگەڵ ئێوەش هەوڵى گەشەکردنى پەیوەندییەکانمان بدەین, چونکە پێکەوە دەتوانى کارى باش بکەین.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران سەربارى دەستخۆشیکردن لەو کارى کە دەستیان پێکردوە بۆ گەشەکردنى پەیوەندییەکانیان, ئەوەى ڕاگەیاند: کە هەرێمى کوردستان و بەتایبەت وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخۆشحاڵیەوە پێشوازى لە دەستپێشخەریتان دەکات, چونکە هاریکارى و هەماهەنگى زانستى نێوان زانکۆکان دەبنە هۆى ئاڵوگۆڕکردنى ئەزمون و شارەزایى یەکتر, بەوەش دەتوانین هەنگاوى گرنگ بەرەو پیشەوە بنێین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى ئەو بابەت و لایەنانە کرا, کە دەکرێ زانکۆى ئەمیر کەبیر لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەست بەکاروچالاکیە هاوبەشەکانیان بکەن, بۆ ئەوەش دواى ئەوەى گفتوگۆ لەسەرکردنەوەى بەشى ئەندازیارى پزیشکى لە زانکۆى سلێمانى کرا, بڕیاردرا وەفدێکى پسپۆڕى زانکۆى ئەمیر کەبیر سەردانى زانکۆى سلێمانى بکەن بۆ دانانى ڕێوشوینى گونجاو بۆ کردنەوەى ئەو بەشە, هەروەک وەفدەکە گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو بابەتانەش دەکات کە تێگەیشتنى هاوبەش لەسەریان هەبووە.

لەهەمان کاتدا بۆ چۆنێەتى پتەوکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ زانکۆى سەڵاحەددین هەمان وەفدى پسپۆڕ لە زانکۆى ئەمیر کەبیر بۆ تەکەنلۆجیا سەردانى زانکۆى سەڵاحەددین بکات بۆ دانانى ڕێوشوێنێک بۆ چۆنێیەتى کردنەوەى بەشى ئەندازیارى نەوت لە کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەددین.

بەهەمان شێوە وەفدەکە لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى گفتوگۆ لەبارەى دانانى میکانزمێک بۆ کردنەوەى بەشى ئەندازیارى کۆمپیوتەرو نەوت و وزە بکات, لەهەمان کاتدا بۆ کردنەوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا (MBA & DBA) لە بوارى کارگێڕى کار, گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى دەکات.

زانکۆى ئەمیر کەبیر کە ساڵى (١٩٥٨) کراوەتەوە, لە ئێستادا لەگەڵ زانکۆى سلێمانى بەشدارە لە بەرنامەى (ئێرانس مۆس مؤدنس وئیرانس مۆنس پلاس)ى ئەوروپى بەشدارە, هەروەک پێشتریش ڕێکەوتنى لەگەڵ زانکۆى سەڵاحەددین هەبووە, لەم کۆبونەوەیەشدا جەخت لە کاراکردنەوەى ڕێکەوتنامەکە کرایەوە.

بڕوانە وێنەى زیاترى سەردان و بەسەرکردنەوەکان