قۆناغەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکان هەنگاوى گرنگى ناوە

IMG_6005.JPG

 ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان، پڕۆژەیەکی نوێى زانستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، وابڕیارە لە ئەمساڵدا پڕۆژەگە ڕابگەیەنرێت،   لەئێستادا قۆناغەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە هەنگاوى گرنگى ناوەو, لەلایەن زانکۆکانەوە داتاکانى پەیوەست بە پڕۆژەکە ڕەوانەى وەزارەتەکەمان کراوە بۆ ئەوەى کارى لەسەر بکرێت.

لەو بارەیەوە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لە ئێستادا زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانەوە پڕۆسەى کۆکردنەوەو داخلکردنى داتاکانى تایبەت بە پێوەرەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانیان ئەنجامداوەو گەیەنراوەتە بەڕێوەبەرایەتى دڵنیایى جۆرى لە وەزارەتەکەمان.  ئەم هەنگاوە بەشى هەرە گرنگى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانیە کە بەشێوەیەکى زانستى و شەفاف لە ڕێگەى داتابەیسێکى هاوبەش و ڕیپۆرتى زانستییەوە ئەنجامدراوەو ئێستاش وەزارەتەکەمان لەکار لەسەر  قۆناغە کۆتاییەکانى دەکات.

سەبارەت گرنگى پڕۆژەکە، د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ئەوەى ڕایگەیاند: گرنگی جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئاستی زانستی زانكۆكانی كوردستان به‌رز ده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا كێبڕكێیه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی له‌ نێوان زانكۆكان دروست ده‌کات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ زانكۆكان ئاشنایى پێوه‌رە زانستیە نێودەوڵەتییەکان ده‌بن و، باشتر لەنێو نەخشەى ئەکادیمى نێودەوڵەتیدا دەردەکەون.

لەبارەى پێوەرەکانیش ئەو ڕاوێژکارەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: پێوەرەکانی ھەڵسەنگاندنی زانکۆکان هەمەچەشن، لەوانە (ژمارەو ئاستى توێژینەوەکان، ڕێژەى مامۆستاو خوێندکاران، ئاستى جێبەجێکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى خوێندن و فێرکردن، ئاستى ژێرخانى زانکۆکان، پڕۆگرامەکانى خوێندن و ئاستى پەرەپێدانى، بونى سەنتەرەکانى توێژینەوە، ئاستى گۆڤارە زانستییەکان و چالاکى زانستى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى ...  هتد).