د. یوسف گۆران: بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیى لەسیستمی تەندروستی کوردستان، دەبێ سیستمی خوێندنی پزیشکی دابڕێژینەوە

ئاهه‌نگی ده‌رچوانی خولی ده‌رچوانی پسپۆڕیه‌ پزیشكیه‌كان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردو هەنگاوی گەورەمان لە بواری ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندنی پزیشکی لە کۆلێجە پزیشکییەکان لە زانکۆکانی کوردستان ناوه‌ و، هەوڵمانداوە بە وردی پێداچونەوە بەپڕۆسەی خوێندن و فێرکردنی نەوەی تازەى پزیشکانی وڵاتەکەمان بکەین، بۆ ئەوەى سیستم و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و، ڕاهێنانی پزیشکی لەگەڵ گۆڕانکارییە زانستی و تەکنۆلۆجییەکانی دونیا هاوتەریب بکەین.

ئەم جەختکردنەوەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى پێشکەشکردنى وتارێک هات، کە ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (١٨/١٢/٢٠١٨) لە ڕێورەسمى دەرچونى خولى پێنجەمى ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان پێشکەشیکرد.

لەو ڕێورەسمەدا، کە هەریەک لە وەزیرى تەندروستى و، سەرۆک زانکۆکان و بەڕێوەبەرى گشتى و ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستا و خوێندکاران و قوتابیان و کەسوکاریان ئامادەیبون، ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان خولى پێنجەمى دەرچونى سازکرد و، تیایدا بڕوانامەی پسپۆڕی لە (٢٥) بواری جیادا بەخشرایە (١٠٨) پزیشکی وڵاتەکەمان.

دەرچوان بەشێکى گرنگن لەسەرمایەى مرۆیى

لە سەرەتاى وتەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بەشانازییەوە ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕی لە (٢٥) بواری جیادا  دەدرێتە (١٠٨) پزیشکی وڵاتەکەمان، کە دڵنیام ئەم پزیشکانەش هاوشانی دەرچوانی پێش خۆیان دەبنە بەشێکی گرنگ لە سەرمایەی مرۆیی هەرێمەکەمان.

 

ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان دەرفەتی خوێندن و، ڕاهێنانی بۆ (٩٢٩) پزیشک ڕەخساندوە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان (بۆردی کوردستانی)  یەکێکە لە دامەزراوە نیشتیمانییە گرنگەکانی وڵاتەکەمان و، لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ  دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنانی بۆ (٩٢٩) پزیشکی هەرێمەکەمان ڕەخساندوە، ئێمە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی تەواوی پێشکەوتن و، پەرەپێدانی ئەم دامەزراوەیە دەکەین، هیوامان وایە کواڵیتی خوێندن و ئاستی ڕاهێنان و بەها و کاریگەری توێژینەوە زانستییەکان  بەجۆرێک لەم دامەزراوەیە پیش بخەین، کە بتوانین لە ئایندەی نزیکدا متمانەی نێودەوڵەتی بۆ تەواوی پرۆگرامەکانی خوێندن و، ڕاهێنانی بۆردی کوردستانی بەدەست بهێنین.

د. یوسف گۆران وتیشى پلانمان هەیە، کار بکەین بۆ فراوانکردنی پلانی وەرگرتن لە پرۆگرامەکانی بۆردی کوردستانی بە جۆرێک هیچ پزیشکێك نەمێنێتەوە لە هەرێمەکەمان، کە بەیەکێک لە پرۆگرامەکانی ئەم بۆردەدا تێپەڕ نەبووبێت، چونکە ئێمە باوەڕمان وایە کە پزیشککارانی وڵاتەکەمان دەبێت دەرفەتی  گەشەکردن و، بەرەوپێشچونی زانستی و کلینکیان بۆ بڕەخسێت و، هەمیشە زانیاری و کارامەییەکانیان لەگەشەکردنی بەردەوامدا بێت و بەئاگا بن لە پیشکەوتنە زانستییەکانی بواری پزیشکی.

هەروەک وتیشى ئەمساڵ لە هەنگاوێکی بوێرانەدا وەزارەتەکامان بڕیاریدا بە لابردنی میچی تاقیکردنەوەکانی بۆردی کوردستانی بۆ هەمو ئەو کاندیدانەی، کە لە پرۆگرامە جیاکان وەرگیراون، چونکە ئێمە باوەڕمان وایە هاوتای سیستمەکانی ڕاهێنانی پزیشکی لە وڵاتانی دونیا،  نابێت هیچ پزیشککارێک لە پرۆسەی فێربون و ڕاهێنانی بەردەوام لەپاش بەجێ بمێنێت، ئەگەر پزیشکێک لە بوارێکی تایبەتدا گرفتی هەبێت دەبێت دەرفەتی ڕاهێنانی زیاتری پێ بدرێت بۆ ئەوەی گرفتەکانی چارەسەر بکات، نەوەک بکرێتە دەرەوەی پرۆگرامەکان.

بوارەکانی توێژینەوەی پزیشکی گرنگى زیاترى پێبدرێت

هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەشێکی گرنگی پرۆگرامەکانی بۆردی کوردستانی بریتییە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە بوارە پزیشکییەکان، هیوامان وایە بوارەکانی توێژینەوەی پزیشکی و، (بایۆمێدیکەڵ ڕیسێرچ) زیاتر گرنگی پێبدرێت، وتیشی لێتان ناشارمەوە پرسیاری گەورە هەیە (لەسەر ئاستی پەبڵیک) دەربارەی سیستمی تۆمارکردنی نەخۆش و، کۆکردنەوەی داتاکانی نەخۆشی و، چۆنیەتی شیکردنەوە و، سودلێوەرگرتنیان لە ناو سیستمی تەندروستی هەرێمەکەمان، ئێمە دەبێت کار بکەین بۆ دروستکردنی سیستمێکی تۆکمە بۆ تۆمارکردنی هەمو نەخۆشیک و، هەمو ئەو داتایانەی کە لە ڕێگه‌ی پراکتیزەکردنی کاری پزیشکییەوە دروست دەبن، چونکە لە ڕێگه‌ی ئەم داتایانەوە دەتوانین پلانی گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە پزیشکییە تەندروستییەکانى هەرێمەکەمان باشتر دابڕێژین.  د. یوسف گۆران وتیشى دەبێت بۆردی کوردستانی لەم بارەیەوە ڕۆڵ و پلانی هەبێت، دەبێت هاوکاری تەواوى دامه‌زراوه‌كانی وەزارەتی تەندروستی بن، بۆ ئەوەی پرسی داتای تەندروستی بەشێوەیەکی زانستی ئەدرێس بکرێت و، پلانی گونجاوی بۆ دابڕێژرێت، سەرەنجام داتاکانی کەرتی تەندروستی داتای ڕاستەقینە و، پاک و پوخت بن و ببنە کەرەستەی توێژینەوەکانی ئێوە.

ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی پرسێکی گرنگ و هەستیارە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا دوپاتیکردەوە  گەشەپێدانی خوێندن و، ڕاهێنان و توێژینەوە لە بواری پزیشکی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سیستم و ژێرخانی تەندروستییەوە هەیە، پرسی ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی پرسێکی گرنگ و هەستیارە و، پێویستی بە تێگەیشتن و ماندوبون و قوربایدانە، بەتایبەت ئەم ئەرکە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئەستۆی پزیشککارانی وڵاتەکەمانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامه‌زراوه‌كانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، داواکارم کە بۆردی کوردستانی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆلێجەکانی پزیشکی پشتیوانی  وەزارەتی تەندروستی بکەن جێبەجێکردنی نەخشەڕێگه‌ی ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی هەرێمەکەمان، بەتایبەت کارکردن بۆ بنیادنانی سیستمێکی مۆدێرن و کارا بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی سەرەتایی (Primary Health Care System کە لەم ڕێگه‌یەوە دەتوانین بە شێوەیەکی زانستی ڕیکۆردی داتای هەمو تاکەکانی وڵاتەکەمان بکەین و، خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەیەنین.

دەبێت پزیشکانی ئایندە ئامادەبکەین بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستمی تەندروستی

لەبارەى ماوەى چوار ساڵى ڕابردو و هەنگاو و ڕیفۆرمەکان، د. یوسف گۆران وتى بە شانازییەوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردودا هەنگاوی گەورەمان ناوە لە بواری ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندنی پزیشکی لە کۆلێجە پزیشکییەکانی زانکۆکانی کوردستان، هه‌روه‌ك هەوڵمانداوە بە وردی پێداچونەوە بە  پرۆسەی خوێندن و فێرکردنی نەوەی نوێی پزیشکانی وڵاتەکەمان بکەین، کارێک بکەین کە ئاستی خوێندن لە کۆلێجەکانی پزیشکی لە زانکۆکانی کوردستان لە ئاستێکی جیهانی ستانداردا بێت، سیستم و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی لەگەڵ گۆڕانکارییە زانستی و تەکنۆلۆجییەکانی دونیا هاوتەریب بکەین.

زیاتر وتى: ئەرکی ئێمەیە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆکان و کۆلێجەکانی پزیشکی ئەوەیە، کە سیستمی خوێندنی پزیشکی بە جۆرێک دابڕێژینەوە، کە لە ڕوی زانستی و کەلتوریی و ئیتیکییەوە پزیشکانی ئایندە ئامادە بکات بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستمی تەندروستی وڵاتەکەمان، بە خۆشحاڵییەوە توانیمان لە بەشێکی زۆری کۆلێجەکانی پزیشکی لە زانکۆکانی کوردستان پرۆگرامی  (Integrated System Based Approach) بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەبارەى پەیڕەوکردنى ئەم سیستمەش ڕایگەیاند: پەیڕەوکردنی ئەم سیستمە لایەنی بیرکردنەوە و تێڕوانینی ڕەخنەگرانە  و، داهێنەرانە لە پرۆسەی فێربون دا بەهێز دەکات و، تێگەیشتنی زانستی قوڵتر دەکات و، باشتر پزیشککاران ئامادە دەکات بۆ چارەسەرکردن گرفتە تەندروستییە ئاڵۆزەکان، لە هەمانکاتدا دەرفەت دەڕخسێنێت کە قوتابیان و خوێندکاران لەسەرەتای دەستپێکردنی خوێندنەکەیانەوە بە دونیای کلینیکی ئاشنا بن و، هەلی ڕاهێنانی پراکتیکی چڕتر دەکات.

ئەرکی گەورەمان لە پێشە و دەبێت پێکەوە ئەم ئەرکانە هەڵبگرین

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەى ئەرکەکانى داهاتو وتى: هەرچەندە ئێوە ئەمڕۆ بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕی وەردەگرن، بەڵام وەک دەزانن پرۆسەی فێربون لێرەدا کۆتایی پێ نایەت، بە تایبەت زانستی  پزیشکی لە ژێر کاریگەری توێژینەوە و پێشکەوتن و ئاوێتەبونی تەکنۆلۆجییەکان لە سەدەی بیست ویەکدا زۆر بە خێرایی گەشە دەکات چاوەڕوانی گواڕانکاری مەزنی لێدەکرێت، بۆیە پێشکەوتنەکانی نانۆتەکنۆلۆجی و (ستێم سێڵ) و ئیدتکردنی جینەکان و (3D Print) (ثری دی پرنت) لە دیارترین خەسلەتەکانی پێشکەوتنی زانستی پزیشکین لە سەدەی بیستویەکن.

هەر بۆیەش وتى، بێگومان دەبێت لە ڕێگه‌ی توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی و، ئەنجامدانی توێژینەوەی بەردەوام و، پرۆگرامەکانی فێرکردنی پزیشکی بەردەوام (CME)  دەبێت هەوڵ بدەن لە بوارە زانستییەکان دانەبڕێن و، لەم ڕوەوە داواکارم بۆردی کوردستانی و کۆلێجەکانی پزیشکی پرۆگرامی زانستی بەردەوامیان هەبێت.

سوپاس بۆ وەزارەتى تەندورستى و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى کوردستانى

لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی لە سەرجەم دەرچوانی ئەم خولە کرد و، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، هەروەک دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان کرد بۆ هەوڵ و ماندوبونەکانیان و، سوپاسی یەکە بە یەکەی مامۆستاکانى کرد بۆ پێگەیاندنی ئەم پۆلە پزیشکە پسپۆڕە. هەروەک سوپاسی وەزیری تەندروستی و هەموو دامه‌زراوه‌كانی وەزارەتی تەندروستی کرد، کە وەزارەتی تەندروستی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە سەرخستنی پرۆگرامەکانی بۆردی کوردستانی.

هەر لە رێورەسمى دەرچونى خولى پێنجەمى ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان وتارى هەریەک لە د. رێکەوت حەمە رەشید وەزیرى تەندروستى و پرۆفیسۆرى یاریدەدەر د.سەلیم زەنگە پێشکەش کراو، تیایدا باسیان لەم خولەى دەرچوان کرد، کە تیایدا (١٠٨) پزیشک لە (٢٥) پسپۆرى جیا لە فاکەڵتییەکانى (هەناو ، نەشتەرگەرى، پاثۆلۆجى، پزیشکى ددان، تیشک) بڕوانامەیان وەرگرت.

وەزیرى خوێندنى باڵا سێ یەکەمى ئەنجومەنى کوردستانى خەڵاتکرد

لەبەشێکى دیکەى رێورەسمەکەدا لەلایەن سەرۆک و یاریدەدەرانى سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان بڕوانامەى دەرچون پێشکەش بە دەرچوان کراو، د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سێ یەکەمه‌كانى سەر ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانى خەڵات کرد و، هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکى داهاتو بۆ خزمەتکردن بۆ کۆمەڵگەى کوردستان بۆ خواستن.

ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان خاوەن (٩٢٩) ڕاهێنراوەو لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا (٢٨٤) پزیشکى پسپۆرى پێگەیاندوە و، بۆ ساڵى ٢٠١٨-٢٠١٩ (١٠٧) ڕاهێنراو وەرگیراون،  هەروەها پرۆگرامى پسپۆڕیەکانیش لە ئێستادا ئەنجومەنەکە خاوەن (٢٦) پرۆگرامى پسپۆڕى جیاوازە.