د. ئارام محمد قادر: زانکۆى سلێمانى جگە لە ئەرکە زانستییەکانى ، لانکەی گەشەکردنی بیری کوردایەتی و داینەمۆی خەباتی گەلەکەمان بوە

ئاهه‌نگی ده‌رچوانی زانكۆی سلێمانی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێوڕەسمى دەرچوانى زانکۆى سلێمانى ڕایگەیاند: زانکۆی سلێمانی توانیویەتی بەشدارییەکی کاریگەر لە بنیاتنانی سەرمایەی مرۆیی هەرێمەکەمان بکات و لەئاستی ڕیزبەندیی جیهانی (وێبۆمێتریکس) و (QS Ranking)و ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستانیش لە ڕیزی پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان و عیراقدایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١١/٢٠١٩) بە چاودێرى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە یادى ٥١ ساڵەى دامەزراندنى زانکۆى سلێمانى ڕێوڕەسم و ئاهەنگى دەرچوانى خولى ٣٤ى زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچو، کە تیایدا ٤٢٠٠ دەرچو بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: سەربەرزم ئەمرۆ لە شاری سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی ڕۆشنبیری لە کەرنەڤالی دەرچوانی خولی ٣٤ى زانکۆ لەگەڵتاندام. بۆ ئەمەش پیرۆزبایى لە دەرچوان کردو سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کرد.

هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بە ساڵیادى دامەزراندنى زانکۆى سلێمانى کردو وتى: ئەمرۆ (٢٨/١١/٢٠١٩) هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕ بونی (٥١) ساڵ بەسەر دامەزراندنی زانکۆى سلێمانى کە یەکەمین زانکۆیە لەسەر خاکی کوردستان و لەئەنجامی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە ساڵی (١٩٦٨) دامەزرا. بۆ ئەمەش وتى: زانکۆ جگە لە ئەرکە زانستی و مەعریفییەکانی لە پێگەیاندنی خوێندکاران و بەشداری رەسەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا، لە هەمانکاتدا لانکەی گەشەکردنی بیری کوردایەتی و داینەمۆی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە دەرچوانى زانکۆى سلێمانى ئاماژەى بەوە کرد، زانکۆی سلێمانی هەمیشە توانیویەتی تایبەتمەندی زیندویی و کاراییە زانستی و کەلتورییەکانی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەمەش وتى بەڵێنتان پێ دەدەم لەم کابینەیەدا درێغی ناکەم لە خزمەتکردنی زانکۆی سلێمانی و هەمو زانکۆکانی دیکەی هەرێمەکەمان، بۆ پێشکەوتنەکانى زانکۆش وتى: زانکۆی سلێمانی لە ڕوی زانستی و مەعریفییەوە لە گەشەکردنی بەردەوامدایەو لە ئاستی ڕیزبەندیی جیهانی (وێبۆمێتریکس) و  (QS Ranking) و ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان لە ڕیزی پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان و عیراقدایە، هەروەک لە ڕوی توێژینەوەی زانستیشەوە کۆمەڵێک توێژەری کارا لە زانکۆ دەرکەوتون و بەرهەمی توێژینەوەکانیان گەیشتۆتە باشترین گۆڤارە زانستییەکانی دونیا، وتیشى: ئومێدمان هەیەلە ساڵانی ئایندەدا زیاتر بەرەو لوتکە هەڵکشێت و زیاتر لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای نێوەوڵەتی دەرکەوێت و ببێتە یەکێك لە سێننتەرە نایابەکانی زانست و بەرهەمهێنانی مەعریفە لە سەر ئاستی ناوچەکەو جیهان.

لە کۆتایى وتەکەیداو لەبارەى کارەکانى وەزارەت لەماوەى دەستبەکاربونى کابینەى نۆیەم، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لەم کابینەیەدا دەرفەتی خوێندنی زیاترمان بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان ڕەخساند، بە شانازییەوە ئەمساڵ توانیمان زیاتر لە (٪٩٧)ی دەرچوانی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان جێگا بکەینەوەو نزیکەی (٦٠٠) خوێندکاری کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەربگرین. هەروەها توانیمان کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران و خوێندنی تایبەت کەم بکەینەوە، ئەم هەنگاوەمان بۆ فراوانکردنی هەلی خوێندن و چەسپاندنی بنەکامانی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، هەروەها لە ماوەی چوار مانگی ڕابردودا کارمان کردوە بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان هاوڵاتیان و وەزارەت، بەردەوام دەرگامان کراوە بوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێدنکاران.

لە وتەیەکیشدا د. ڕەزا حەسەن سەرۆکى زانکۆى سلێمانى لە وتەیەکدا ئاماژەى بە پێشکەوتنەکانى زانکۆ لە بوارە زانستى و ئەکادیمییەکان کرد بە تایبەت پێشکەوتنى زانکۆ لە نێو ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان و عێراق و جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و چەند سیستم و بەرنامەیەکى دیکە بە ئاراستەى بەرەو پێشبردنى ئاستى زانکۆ، هەروەک کورتەیەکیشى لەبارەى پێکهاتەو بەشەکانى زانکۆ پێشکەش کرد.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی وتاری د.ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كلیك (لێــــــــره‌) بكه‌