پێشنیازى کردنەوەى سەنتەرى (جێندەر) لە زانکۆى سەڵاحەددین

newsitem-1309-29.04.2012-ku.jpg

 د.عەلى سەعید وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پێشنیازى کردنەوەى سەنتەرى (جێندەر)ى لە زانکۆى سەڵاحەددین کرد ، ئەو پێشنیازەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکیدا هات لەگەڵ باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق کە بەئامادەبوونى (کریس باوەر) کۆنسڵى بەریتانیا لە هەولێر لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو.

لەو دیدارەدا باڵیۆزى بەریتانیا خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە لە نزیکەوە سەردانى چەند زانکۆیەکى هەرێمى کوردستانى کردوە و بەرەوپێشچوونى باشیان تیادا بەدیهاتووە، بەتایبەت سەنتەرى جێندەر کە لە بەشى کۆمەڵناسى کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتیەکانى زانکۆى سلێمانى بەهاریکارى زانکۆى (برسیلى) بەریتانى کراوەتەوە، بۆ ئەوەش د.عەلى سەعید وەزیرى خوێندنى باڵا پێشنیازى کردنەوەى هەمان سەنتەرى لە زانکۆى سەڵاحەددین کرد و ئامادەى هەموو جۆرە هاریکاریەکی وەزارەتەکەى پیشاندا.

خواستى نوێکردنەوەى بەرنامەى (دیلێڤى) کە بەرنامەیەکى هاوبەشى نێوان بەریتانیا و هەرێمى کوردستان و عێراقە، بەشێکى دیکەى قسەکانى باڵیۆزى بەریتانیا بوو، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى داواى کرد پرۆپۆزەڵێکى نوێ بەشێوازێکى دیکە ئامادە بکرێت تا ئەو بەرنامەیە نوێ بکرێتەوە.

بەرنامەى تواناسازى و وەرگرتنى ئۆڤەر لە زانکۆکانى بەریتانیا بۆ خوێندکاران و قوتابیانى ماجستێرو دکتۆرا بەشێکى دیکەى دیدارەکەى پێک هێنا، بۆ ئەوەش باڵیۆزى بەریتانیا داواى کرد پێویستى وەزارەتەکان لە بوارە جیاکان ئامادە بکرێن تا هاریکاریان بکەن لە دابینکردنى ئۆفەرى پێویست بۆ خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆکانى بەریتانیا.