کونسڵى چین: سەرۆک مام جەلال بەردى بناخەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و چینى دامەزراند

konsli China

کونسڵى گشتى کۆمارى میللى چین لە هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆک مام جەلال یەکەم کەس بوو، کە بەردى بناخەى پەیوەندییەکانى گەلى کورد و گەلى چین دروستکرد. 

لەو چوارچێوەیەدا و، لە دیدارێکدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ کونسڵى کۆمارى چینى میللى خۆشحاڵى خۆى بە فراوانبونى ئاستى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمارى میللى چین دەربڕى  وتى: مایەى خۆشحاڵیە بۆ هەرێمى کوردستان کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمارى چینى میللى ساڵ دواى ساڵ فراوانتر دەبێ.

لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٥/٦/٢٠١٨) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى د.محمد حسین کەلارى سەرۆکى دەزگاى گشتى سەرپەرشتى دڵنیایى جۆرى و ، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى بەڕێوەچو، گفتوگۆى زیاتر لەبارەى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و، کۆمارى میللى چین کرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، (نى روتشى) کونسڵى نوێى چین ڕایگەیاند: زۆر دڵخۆشم و شانازییەکى گەورەیە بۆ من کە لە کوردستان کاردەکەم، چونکە پەیوەندى نێوان گەلى کورد و کۆمارى میللى چین مێژوییەکى درێژى هەیە و، هەردوولا خاوەن کەلتور و مێژوییەکى قوڵ و هاوبەشن، ئەوەشى ڕاگەیاند: سەرۆک مام جەلال نەک لەلاى گەلى کورد کەسێکى زۆر بەرێز و خۆشەویست بوە، بەڵکو لەلاى گەل و حکومەتى چینیش کەسێکى خۆشەویست بوە، چونکە سەرۆک مام جەلال کەسى یەکەمى دروستکەرى پەیوەندى نێوان بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد و حزبى کۆمەنیستى چینى بوە، بۆیە ئێمە ئەخوازین و کاریش دەکەین بۆ پاراستن و گەشەپێدان و فراوانکردنى ئەو پەیوەندییە.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، کونسڵى گشتى کۆمارى میللى چین وتى: پێشتر کونسڵى گشتى وڵاتەکەمان لە کوردستان پەیوەندییەکى پتەوى لەگەڵ هەرێمى کودستان و بەتایبەت خوێندنى باڵا دروستکردوە، بۆیە منیش درێژەپێدەرى کاروانى ئەو پەیوەندییە دەبین، هەر لە میانەى قسەکانیدا، کونسڵى چین باسى لە کارنامەى حکومەتى وڵاتەکەى کرد بۆ بایەخدان بەخوێندن و لەوبارەیەوە وتى: حکومەتى کۆمارى میللى چین لەم چەند ساڵەى ڕابردودا ژمارەى وەرگیراوانى لە زانکۆکان زیادکرد، لەهەمان کاتدا بایەخى زۆریشى بە بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن داوە، هەربۆیە ئێستا ژمارەیەک لە زانکۆکانمان لە ڕیزبەندى پێشەوەى زانکۆکانى جیهانن.

بۆ ڕەوانەکردنى خوێندکارانى کوردیش بۆ ئەو وڵاتە کونسڵى چین وتى: ئێمە دەمانەوێ بەردەوامبین لەو پڕۆژەیە بۆ ڕەوانەکردنى خوێندکارانى کوردستان بۆ کۆمارى میللى چین، چونکە زۆر گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕى مەعریفى و ئاشنابون بەئاستى پێشکەوتنى یەکتر،وتیشى جگە لە ڕەوانەکردنى خوێندکاران، لەهەمان کاتدا لە چوارچێوەى ئەو سکۆلەرشیپانەى وڵاتەکەمان پێشکەش بەئێراقى دەکات، ژمارەیە سکۆلەرشیپ پێشکەش بەخوێندکارانى هەرێمى کوردستانیش دەکرێ، بۆیە دەخوازین زۆرترین ژمارەى خوێندکارانى کوردستان بۆ خوێندن بێنە زانکۆکانى وڵاتەکەمان. 

لەبەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى بەبۆنەى دەستبەکاربونى وەک کونسڵى نوێى چین لە هەرێمى کوردستان پیرۆزبایى لێکرد، هیواى خواست ماوەى مانەوەى لە کوردستان گرنگ و پڕ دەسکەوت بێ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: بەدڵنیایەوە پەیوەندى نێوان بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد و گەلى چین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى پەنجاکانى سەدەى ڕابردو، شانازى ئەو پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک کۆمارى کۆچکرد و سەرۆک مام جەلال، هەربۆیە هەمیشە ڕێنوێنى کردوین کە گەشە بەپەیوەندییەکانمان بدەین، هەربۆیە کتێکیش کە بوە سەرۆک کۆمارى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و کۆمارى مییلى چینیش فراوانتر بوو، د.یوسف گۆران ڕاشگەیاند: لە بوارى خوێندنى باڵا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى چین لەسەردەمى کونسڵى پێشوەو دەست پێکرد، بۆیە سوپاسى دەکەین بۆ دروستکردنى ئەو پەیوەندییە، هەربۆیە سەردان و دیدارى بەردەواممان هەبوو و پڕۆژەى بەردەوامیشمان هەبوو، ، وتیشى بەهیواین ئێوەش درێژەپێدەرى و گەشەپێدەرى ئەو پەیوەندییە بن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ئێستادا دوو پڕۆژەمان لەگەڵ کۆمارى میللى چین هەیە، یەکەمیان لەگەڵ کونسڵگەرى چینە، کە بەهۆیەوە ساڵانە گروپێک لە خوێندکارە پێشەنگەکانى زانکۆکانى کوردستان ڕەوانەى ئەو وڵاتە دەکرێن، وتیشى تا ئێستا دوو گروپ لە خوێندکاران سەردانى ئەو وڵاتەیان کردوە، جگە لەوەش لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى ڕێککەوتنمان هەیە، ئەوەش تا ئێستا گروپێک سەردانى ئەو وڵاتەیان کردوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى خوێندکاران لە گەڕانەوەیاندا بەگەشبینی و سەرسامیەوە باسى پێشکەوتنە زانستى و ئابورى و تەکنەلۆجیەکانى کۆمارى میللى چینیان دەکرد، لە کۆتایشدا د.یوسف گۆران ئامادەیى وەزارەتەکەى پیشاندا لە چوارچێوەى پڕۆگرامى کورد سکۆلەرشیپ، پرۆگرامێکى تایبەت بۆ خوازیارانى کۆمارى میللى چین دابین بکەن بۆ ئەوەى بتوانن لە کوردستان فێرى زمان و ئەدەبى کوردى و دیراساتى ئیسلامى بخوێنن.

لە کۆتایى دیدارەکەدا، لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسنامەى وەزارەت و لۆگۆى وەزارەت و چەپکێ گوڵ پێشکەش بە (تان بانگلین) کونسڵى گشتى کۆمارى چینى میللى و، نوێنەرى کۆمپانیاى هواوى کرا.

لە ساڵى (٢٠١٧) لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێکەوتنامەیەک لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کۆمپانیاى هواوى ئیمزا کرا، کە تایبەتە بە ڕەوانەکردنى(١٠) خوێندکارى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران لە بوارى گەیاندن و تەکنەلۆژیاى زانیارى، کە ساڵانە لەسەر ئەرکى کۆمپانیاى هواوى بۆ ماوەیەک دەچنە کۆمارى میللى چین و، ساڵى ڕابردو یەکەمین گروپى ئەوخویندکارانە لە زانکۆکانى سەردانى ئەو وڵاتەیان کرد.

بەهەمان شێوە لە ساڵى (٢٠١٦)دا لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە کەلتورى و زانستیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى میللى چین، کونسڵگەرى کۆمارى میللى چین ڕەزامەندیان نیشاندا کە ساڵانە گروپێک لە خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان سەردانى ئەو وڵاتە بکەن و، دامەزراوە زانستى و کەلەپورى و کەلتورییەکانى ئەو وڵاتە بەسەر بکەنەوە، بۆ ئەوەش تا ئێستا دوو گروپ لە خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان سەردانى کۆمارى میللى چینیان کردوە.