وەزیرى خوێندنى باڵا تاجە گوڵینە لەسەر مۆنومێنتى شەهیدانى 1 ى شوبات دادەنێ

پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ،لە مەڕاسیمى ساڵیادى شەهیدانى 1ى شوبات بەشدارى کرد و  تاجە گوڵینەى خستە سەر مۆنومێنتى تایبەت بە شەهیدانى ئەم رووداوە.

ئەمڕۆ 1/2/2011 کاتژمێر 10 ى بەیانى وەزیرى خوێندنى باڵا بەشدارى مەراسیمى ساڵیادى شەهیدانى 1 ى شوباتى کرد.کە نوێنەرى سەرۆکى هەرێم ، سەرۆکى پەرلەمان و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان ، نوێنەرى سەرۆکایەتى  حکومەت ، وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و چەندین پەرلەمانتارى پەرلەمانى کوردستان ، نوێنەرى کونسولخانەى وڵاتان و نوێنەرى وڵاتانى بیانى لە هەرێم ، هەروەها  چەندین کەسایەتى سیاسى حزبە کوردستانییەکان و  ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و کەسوکارى شەهیدان ئامادە ببون.

دواى دەقیقەیەک وەستان بێدەنگى نواندن بۆ گیانى پاکى شەهیدان، چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز خوێندرایەوە، دواتریش لە لایەن وتەبێژى سەرۆکى حکومەت وتەیەک پێشکەشکرا و ئاماژەى بەوە کرد، کە تیرۆریستان بەم کارەیان ویستیان ، کاروانى خەبات و ئاوادەنى و ئارامى لەم هەرێمە بوەستێنن، بەڵام سەرنەکەوتن، چونکە بە پێچەوانەى نییەتى ئەوانەوە، کاروانەکان بەرەو پێشەوە چوون و دەسکەوتى گرنگ بەدیهات.

دواتر لەلایەن مناڵانى شەهیدەکانەوە، مۆم داگیرسا، ئینجا مەراسیمى   دانانى تاجەگوڵینە لەسەر مۆمومێنتى شەهیدان بەڕێوەچوو، سەرەتا لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمەوە تاجە گوڵینە دانرا، دواتر تاجە گوڵینەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم دانرا. هەر لەم مەڕاسیمەدا تاجە گوڵینەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى و پارتى و پارێزگارى هەولێر و کونسولخانەى وڵاتان لە کوردستان لایەنە سیاسییەکان و کەسوکارى شەهیدان دانرا.