وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ رێکخراوى( komar)ى سویدى کۆدەبێتەوە

رۆژى سێشەممە 30/3/2010 پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پێشوازیکرد لە رێکخراوى کۆمارى سویدى کەلەلایەن کۆمەڵێک مامۆستاى کورد بە پلەى دکتۆرا و ماستەرەوە سەرپەرشتى دەکرێت.

لەکۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونى ئالان فتوحى سەرۆکى ڕێکخراوى کۆمار و د.گۆڤەند حسێن شێروانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان و د.بێریوان خەیلانى ڕاوێژکار بۆ کاروبارى زانستى لە وەزارەت، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى لە بەتینکردنى پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێم و وڵاتانى ئەسکەندەنافیا کردەووە بە مەبەستى هاوئاهەنگى زیاتر و بەستنەوەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە جیهانى دەرەوە.

دواتر د.دلاوەر عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا رووناکى خستەسەر میکانیزمى درێژخایەنى ناردنەدەرەوەى خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆ بە پاڵپشتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بەئامانجى ئاشنابوون بە ئەزموونى زانکۆکانى دەرەوە و وەرگرتنى ڕاهێنانى زانستى بەسوود و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى.

لەلایەن خۆیانەوە شاندى رێکخراوى کۆمارى سویدى ئامادەیى خۆیان پێشاندا بۆ دروستکردنى پردى پەیوەندى بەهێز لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکانى وڵاتى سوید و دانیمارک، هەروەکو چۆن لە ساڵانى رابردوودا پێشڕە و ڕێنوێنیکەرى چەندان قوتابى و خوێندکارى کورد بوونە لە زانکۆکانى سوید و دانیمارکدا، هاوکات شاندى میوان دوپاتى ئەوەیان کردەوە کە زانکۆ پزیشکیەکانى وڵاتى سوید ئامادەییان تیادایە لەمەڕ لەخۆگرتنى قوتابی و خوێندکاران و ئەکادمیستانى کوردى بەخاترى خزمەتکردن بە ئەزموونى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان