نوفمبر 2016

د. یوسف گۆران: لە پێنج ساڵی ڕابردودا کۆمەڵێک پڕۆژە لە بواری ڕیفۆرمی کەرتی خوێندنی باڵا خرانه‌ بواری جێبەجێکردنەوە

پانێڵی د.یوسف گۆران له‌ پیشانگه‌ و كۆنفرانسی پزیشكی

د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا وه‌زاره‌ته‌كه‌مان توانی کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە لە بواری ڕیفۆرمی کەرتی خوێندنی باڵا بخاته‌ بواری جێبەجێکردنەوە، كه‌ دیارترینیان بریتین لە پڕۆژەکانیی (ڕیزبەندیی نیشتیمانی بۆ زانکۆکانی کوردستان، دامەزراندنی بۆردی متمانەبەخشین، دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی، جێبەجێکردنی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی زانكۆیی، پەیڕەوکردنی سیستمی بۆڵۆنیا و، جێبەجێکردنی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە دامەزراوه‌کانی خوێندنی باڵا) وتیشی: ڕیفۆرمی خوێندنی پزیشکی لە ئەولەویەتی کارەکانمان بوە، لەم بوارەشدا هەنگاوی کردارەکیمان ناوە.

ئه‌م وتانه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی‌ (1/5/2018) له‌میانه‌ی كۆنگره‌ ‌و پیشانگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ ده‌رمانسازى و پزیشكى و پزیشكیى ددان (فارمیدێنت) هات، كه‌ به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك له‌ پرۆفیسۆر و دكتۆر و پزیشك و شاره‌زا و پسپۆڕانى بوارى ته‌ندروستى و پزیشكی‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان‌ له‌ پێشانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر ده‌ستپێكردوه‌.

ده‌ستخۆشی لە ڕێکخەرانی (فارمی -دێنت ٢٠١٩) كرد

له‌ده‌ستپێكی وته‌كانیدا (د.یوسف گۆران) وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌دوای ده‌ستخۆشیكردن لە ڕێکخەرانی (فارمی -دێنت ٢٠١٩) ڕایگه‌یاند: خۆشحاڵم ئەمساڵ توانیتان ئەم ئیڤێنتە بهێننە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هاوكات بەخێرهاتنی هەردوو وەزیری تەندروستی و وەزیری خوێندنی باڵا-ی عیراقی فیدراڵی ده‌كه‌م،  وتیشی: هیوامان وایە لەم کۆڕبەندەدا بتواین بیروبۆچونەكانمان هاوبەش بکەین لەپێناو داڕشتنی نەخشەڕێگه‌ی ڕیفۆرمی تەندروستی و خوێندنی پزیشکی لە سەرتاسەری ئێراق.

هه‌ر له‌ وته‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌ ئه‌ركی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند: وەزارەتەکەی ئێمە بەشدارە لە ئامادەکردنی توانا مرۆییەکانی کەرتی تەندروستی، لە ئێستادا لە شەش زانکۆی هەرێمی کوردستان کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە کاردان، کە بریتین لە (کۆلێجی پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی، پەرستاری و  زانستە تەندروستییەکانی دیکە)، ڕونیشی كرده‌وه‌ لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) بڕیارماندا کۆلێجی پزیشکی لە هەردوو زانکۆی (زاخۆ و گەرمیان) دابمەزرێنین، ڕونیشیكرده‌وه‌ جگە لەو كۆلێجانه‌، لە زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی لە هەرێمەکەمان بواری خوێندنی ڤۆکەیشناڵ و دبلۆمی دوو ساڵی بۆ بەشە تەندروستی و پزیشکییەکان فەراهەم کراوە، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لە چەند زانکۆی تایبەتیش کۆلێجەکانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی و زانستە تەندروستییەکانی دیکە  لە کاردان.

کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە خراونه‌ته‌ بواری جێبەجێکردنەوە

د. یوسف گۆران له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند: لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا وه‌زاره‌ته‌كه‌مان توانی کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە لە بواری ڕیفۆرمی کەرتی خوێندنی پزیشكی بخاته‌ بواری جێبەجێکردنەوە دیارترینیان بریتین لە پڕۆژەکانی (ڕیزبەندیی نیشتیمانی بۆ زانکۆکانی کوردستان، دامەزراندنی بۆردی متمانەبەخشین بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای (زێڤا)ی ئەڵمانی، دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی، جێبەجێکردنی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی زانكۆیی، پەیڕەوکردنی سیستمی بۆڵۆنیا و، جێبەجێکردنی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە دامه‌زراوه‌کانی خوێندنی باڵا)، هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ ڕیفۆرمی خوێندنی پزیشکی لە ئەولەویەتی کارەکانیان بوە، هه‌ر لەو بوارەشدا هەنگاوی کردارەکیان ناوە، ڕونتر له‌و بواره‌ وتی: سەرەتا لە سیستمی وەرگرتن لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی دەستمان پێکرد، چونكه‌ خۆتان دەزانن تا ئێستا وەرگرتن لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە زانکۆکانی ئێراق و کوردستانیش پشتی بە سیستمی (قبوڵ مەرکەزی دەبەستێت) و، کۆنمرەی دوا قۆناخی ئامادەیی تەنها پێوەرە، پێوەرەکانی دیکە (بۆ نمونە چاوپێکەوتن) هیچ ڕۆڵێک لە پرۆسەی وەرگرتندا نابینێت، بۆیه‌‌ ئێمە لەم بارەیەوە لەسەر بنەمای (Relevant Education) بڕیارماندا بۆ وەرگرتن لە کۆلێج و بەشەکانی کۆمەڵەی پزیشکی تەنها نمرەی ئەو وانانە ئەژمار بکەین، کە پەیوەندیدارن بە خوێندن لە بوارەکانی پزیشکی.

به‌ بەرنامەیەکی ستراتیجی پڕۆگرامەکانی خوێندن داڕێژرایه‌وه‌

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌باره‌ی پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ به‌شه‌ پزیشكییه‌كان ئه‌وه‌ی ڕون كرده‌وه،‌ كه‌ لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی ستراتیجی نیشتیمانیدا بڕیارماندا بە داڕشتنەوەی سەرتاسەری سیستم و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی لەسەر بنەمای (Learning outcome)، بەتایبەت لە چوارچێوەی ئەو کۆنسێپت و ستانداردە نێودەوڵەتیانەی کە پێناسەی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی پزیشککارانی ئایندە دەکەن و تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لەسەری کۆکن، د.یوسف گۆران وتی: پزیشکانی ئایندە دەبێت زانا و سکۆلار بن، پراکتیشنەری سەرکەوتو پرۆفێشناڵ بن،  ئاشكراشیكرد، كه‌ پرۆگرامی نوێی خوێندنی پزیشکیدا ده‌بێت تەرکیزمان لەسەر سێ کۆڵەکەی بنەڕەتی بێ، کە بریتی دەبن لە :(Professional Values and behaviors) و، (Professional Skills)  و(Professional knowledge).

له‌‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: لەسەر بنەمای ئەم ئامانجانە توانیمان بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆ و کۆلێجەکانی پزیشکی سیستمی خوێندنی پزیشکی لە سیستمی کلاسیکییەوە بگۆڕین به‌سیستمی(Integrated System Based Approach)، ئاشكراشیكرد پەیڕەوکردنی ئەم سیستمە یارمەتیدەردەبێت بۆ بەرجەستەکردنی هەمو (Learning Outcome)ەکان و، باشتر پزیشککاران ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی نەک تەنها لە بازاڕی کاری نێوخۆیی بە ڵکو لە بازاڕی کاری نێودەوڵەتیشدا توانای کێبڕکی و بەدەستهێنانی هەلی کاریان هەبێت، لە هەمان کاتدا دەرفەت دەڕخسێنێت تا قوتابیان و خوێندکار لەسەرەتای دەستپێکردنی خوێندنەکەیانەوە هەلی ڕاهێنانی کلینیکی و پراکتیکیان بۆ بڕەخسێت.

ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندنی پزیشکی ده‌چێته‌ قۆناخی دوەمی

له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: پرۆگرامی نوێی خوێندنی پزیشکی ئێستا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بێگومان ئەم هەنگاوە بە هاوکاری کۆمەڵێک دامەزراوە و هاوکاری نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت (بە تایبەت زانکۆی لێستەری بەریتانیا، كه‌ هاوکاری سەرەکیمان دەبێت)، پرۆگرامی نوێمان  داینامیک دەبێت و، بەردوام ئەپدەیت دەکرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران وتی: بۆ زانیاری ئێوه‌ فۆکەس گروپی ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندنی پزیشکی بڕیارە لە (٢١)ی مانگی ئایاری ئەمساڵ لەگەڵ زانکۆی لێستەر بچێته‌ قۆناخی دوەمی، ڕونیشیكرده‌وه‌ ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە تەواوکردنی داڕشتنی پرۆگرامەکانی خوێندنی هەر شەش ساڵی کۆلێجی پزیشکی و ڕاهێنانی مامۆستایانی زانکۆکانمان لەسەر جێبەجێکردنی ئەم سیستمە.

له‌باره‌ی ئاسته‌نگه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ د.یوسف گۆران به‌وردی تیشكی خسته‌ سه‌ر ته‌حه‌دییه‌كانی سیستمه‌كه‌‌ و، ڕایگه‌یاند: یەکێک لە تەحەدییاتەکانی بەردەم پەیڕەوکردنی ئەم سیستمە بریتییە لە بونی مامۆستای (فول تایم)، کە هەموو کاتەکانی خۆیان لە نێو دامەزراوەکانی کەرتی گشتیدا بەسەر ببەن، هەروەها ژێرخانی نەخۆشخانەکان و، سیستمی تەندروستی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو پرۆسەیە دەبێت، هاوكات پرسی زانکۆ ئاست نزمەکان و بڕوانامەکانیان هۆكارێكی دیكه‌یه‌.

له‌باره‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری كاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: کارێکی دیکەمان بریتییە لە دامەزراندنی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین بەهەماهەنگی لەگەڵ (دەزگای ناوەندیی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە (زێڤا)، وتیشی: ئەم بۆردە ئەم زانکۆکانمان ئامادە دەکات بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دامه‌زراوەی زێڤای ئەڵمانی.

تاساڵی (٢٠٢٣) هیچ زانکۆیه‌ك نامێنێ متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەهێنابێت

د.یوسف گۆران به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كه‌ی ته‌رخانكرد بۆ لایه‌نی كواڵیتی زانكۆكان و له‌و باریه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پلانی هەیە تا ساڵی (٢٠٢٣) لە ڕێگه‌ی ئەم دەزگا نیشتیمانییە و، بەهاوکاری دامەزراوەی (زێڤا)ی ئەڵمانی هیچ زانکۆیەک و هیچ پرۆگرامێکی خوێندن نەمێنێت، کە متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەهێنابێت، وتیشی بەشێکی دیکەی کارەکانمان تایبەتە بە خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی (پۆست گراجوەیت) لە ڕێگەی دامەزراوەی بۆردی کوردستانی، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، كه‌ بۆردی کوردستانی تەنها دامەزراوەی ڕاهێنان و پێدانی بڕوانامەی کلینیکییە لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنانی بۆ (٩٢٩) پزیشکی هەرێمەکەمان ڕەخساندوە، لە هەمان کاتدا  ئێمە کار بۆ فراوانکردنی پلانی وەرگرتن لە پرۆگرامەکانی بۆردی کوردستانی ده‌كه‌ین، بە جۆرێک هیچ پزیشککارێک نەمێنێتەوە لە هەرێمەکەمان، کە بەیەکێک لە پرۆگرامەکانی ئەم بۆردەدا تێپەڕ نەبووبێت. وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی وڵاتەکەمان بریتییە لە نەبونی سیستمێکی تۆکمە بۆ تۆمارکردن و، کۆکردنەوەی داتاکانی نەخۆشی و، چۆنیەتی شیکردنەوە و سود لێ وەرگرتنیان لە ناو سیستمی تەندروستی، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ وتی: دەبێ ئێمه‌ پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی هەموو ئەو داتایانەی لە ڕێگه‌ی کاری پزیشکییەوە دروست دەبن بەشێوەیەکی زانستی تۆمار بکرێن، چونکە لە ڕێگه‌ی ئەم داتایانەوە دەتوانین پلانی گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی هەرێمەکەمان باشتر دابڕێژین و، کار بکەین بۆ دامەزراندنی (Reference Lab).

ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی پرسێکی گرنگ و هەستیارە

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ سیستمی ته‌ندروستی كرد و ڕایگه‌یاند: بێگومان هەنگاوەکانی ئێمە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سیستم و ژێرخانی تەندروستییەوە هەیە، پرسی ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی پرسێکی گرنگ و هەستیارە و، پێویستی بە گفتوگۆی نێوان هەمو (ستەیک هۆڵدەرەکان)ه‌ لە سەر ئاستی ئێراق و کوردستانیش بەتایبەت (وەزارەتی تەندروستی، خوێندنی باڵا، نەخۆشخانەکان، هەموو پزیشککاران، سەندیکاکانی پزیشککاران، قوتابیان و خوێندکاران)، دەبێت لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نیشتیمانیدا خۆمان بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگه‌ی ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی هەرێمی کوردستان و ئێراق ئامادە بکەین، بەتایبەت کارکردن بۆ بونیادنانی سیستمێکی مۆدێرن و کارا بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی سەرەتایی (Primary Health Care System)، وتیشی لەم ڕێگه‌یەوە دەتوانین بە شێوەیەکی زانستی ڕیکۆردی داتای هەمو تاکەکانی وڵاتەکەمان بکەین و، خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵانی خەڵک بگەیەنین.

ئەم دەرفەتە ببێتە سەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ

له‌ كۆتایی وته‌كانیدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: هیوام وایە ئەم دەرفەتە ببێتە سەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان هەمو ستەیک هۆڵدەرەکان بۆ ئەوەی پێکەوە کار بۆ داڕشتنی چوارچێوەی ڕیفۆرمێکی هەمەلایەنە لەو بوارە بكه‌ین، وتیشی بە خۆشحاڵیەوە وەزارەتەکەمان ئامادەیە بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پڕۆسەیە.