نوفمبر 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا باشترین توێژەرانى ساڵ دیاری دەکات

توێژه‌ری ساڵ

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: وابڕیارە ڕۆژى سێشەممەى داهاتو، لە مەراسیمێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، باشترین (١٠) توێژەرى ساڵ دیاری بکات و ڕێزیان لێ بگرێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لە ئێستادا تیمەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان، سەرقاڵى دیاریکردنى باشترین ئەو توێژەرانەن کە توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بڵاوکردۆتەوە، وتیشى لەم هەڵبژاردنەدا پشت بەو داتایانە دەبەسترێت کە زانکۆکان لەڕێگەى ڕیزبەندى نیشتیمانی زانکۆکانەوە پێشکەشیان کردوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشكرایكرد: پێوەرەکان لەسەر بنەماى ئەو گۆڤارانە دیاری دەکرێـت، کە ئاستیان بەرزە و فاکتەرى کاریگەریان هەیە، دواتریش ئەو توێژەرانەى کە زۆرترین فاکتەرى کاریگەر کۆدەکەنەوە دەبنە (١٠) باشترین توێژەرانى ساڵ بۆ ساڵى (٢٠١٨).

عەباس ئەکرەم زیاتر وتى: وابڕیارە ڕۆژى سێشەممەى داهاتو کە دەکاتە ڕێکەوتى (١١/١٢/٢٠١٨) وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە مەراسیمێکى شایستەدا لە شارى هەولێر، رێز لە (١٠) باشترین توێژەرى ساڵى ٢٠١٨ بگرێت.