نوفمبر 2016

د. یوسف گۆران: بڵاوکردنەوەى توێژینەوە زانستیەکان لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەکان بەڕێژەى (٣٣٥%) زیادى کردوە

dhuok konfrnc

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت هەر گۆڕانکارى و وەچەرخانێکى تازە لە بوارەکانى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى بەبێ توێژینەوەى زانستى مەحاڵەو سەرکەوتوو نابێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئاشکراى دەکات لە ئێستادا ژمارەى سێنتەرەکانى توێژینەوە لە زانکۆکانى کوردستان گەیشتۆتە (٧٥) سێنتەر، جگە لەوەش لە دواى ئەنجامدانى پرۆسەى ریزبەندى نیشتیمانى، بەراورد بە سێ ساڵى رابردوو بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بەڕێژەى (٣٣٥%) زیادى کردووە.

ئەم وتانەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى ٢٥/٤/٢٠١٨ بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە وەزیر و پاڕلەمانتار و پارێزگارى دهۆک و نوێنەرى حزب و لایەنە سیاسیەکان لە یەکەمین کۆڕبەندى زانستى سێنتەرى بێشکچى بۆ توێژینەوەى مرۆڤایەتى لە زانکۆى دهۆک بەناونیشانى (سەنتەرێن ڤەکۆڵینێن مرۆڤایەتى ل هەرێما کوردستانا عێراقێ دناڤبەرا کەتوار و هیڤى یا دا) پێشکەشى کرد.

· گرنکى کۆڕبەندى زانستى

لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکى گرنگە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى واقعى ئێستاى سێنتەرى توێژینەوەکانى بوارى زانستە مرۆییەکان و ئاست و کاریگەرى و کارایى توێژینەوەکان و توێژەرانمان، وتیشى لە بەر ڕۆشنایی گۆڕانکاری ئابوری و پەرەسەندنی تەکنۆلۆجی و کاریگەرییەکانی سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی چوارهەم لە سەرتاسەری دونیا زانکۆکان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان، ڕوبەڕوی ئاڵنگارى و بەرپرسیارێتی نوێ دەبنەوە، بە تایبەت لەسەردەمی ئابوری مەعریفەدا توێژینەوەی زانستی زیاتر لە هەر قۆناخێکی مێژویی کاریگەری لەسەر هەموو کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی هەیە، چونکە هەموو گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکیی نوێ لە بوارەکانی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی بەبێ توێژینەوەی زانستیی مەحاڵە سەرکەوتوو بێت و پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لەهەر بوارێکی سیاسی، کارگێڕی، یان بزنس دەبێت لەسەر بنەمای داتا و توێژینەوە و لێکدانەوەی زانستی بێت.

· بەهاى توێژینەوەى زانستى لە دونیادا

لەبارەى بایەخ و بەهاى توێژینەوەى زانستى لە تەواوى دونیادا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لەسەرتاسەری دونیا تا دێت گرنگی زیاتر بە توێژینەوەی زانستی دەدرێت و بودجەی ساڵانەی توێژینەوەی زانستی تا دێت ڕوو لە زیادبونە، هەر بۆ نمونە لە سەر ئاستی جیهان بودجەی توێژینەوە و پەرەپێدان بە پێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی (وێڵد بانک) لە ساڵى ١٩٩٦ دا (٥٢٢) بلیۆن دۆلار بوە، لەساڵى ٢٠٠٩ گەیشتە (١.٣) تریلیۆن و لەساڵى ٢٠١٤ گەیشتە (١.٦) تریلۆین دۆلار و لە ٢٠١٨ پێشبینى دەکرێت بگاتە (٢.١٩) تریلیۆن دۆلار، ئەوەش ماناى ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە توێژینەوەو پەرەپێدان لەسەر ئاستى دونیا رۆژ لەدواى رۆژ روو لەزیادبوونە. هەروەک ڕاشیگەیاند" شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە زانستییەکان لەسەدەى بیست و یەکدا نۆرمێکى نێودەوڵەتى وەرگرتوە، توێژەران لە هەر شوێنێکی دونیا بن پێویستیان بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەیە، هەر بۆیە ئێمەش پێویستمان بەوەیە کەلەگەڵ تۆڕی توێژەرانی نێودەوڵەتی گرێدراو بین، پێویستمان بەوەیە کە گرنگیی تەواو بە زمانی (ئینگلیزی) وەک زمانی دوەم بدەین، چونکە ئەم زمانە لە ئێستادا زمانی گەیشتنە بە سەرچاوە رەسەنەکانی مەعریفەو زمانی لێکگەیشتنی کۆمەڵگەی زانستی و ئەکادیمی نێودەوڵەتییە.

سەبارەت بە کاریگەرى توێژینەوەو رۆڵیان بۆ کۆمەڵگە ، د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەى ئەکادیمی نێودەوڵەتی میتۆدی نوێ و کاریگەر بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی کواڵیتی و ئاستی کارایی و بەشداری توێژەران لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفە، داتا بەیسە جیهانییە دەوڵەمەندەکانی وەک (تۆمسۆن ڕۆیتەرز و سکۆپاس و گۆگڵ سکۆڵەر) لە چاودێریکردنی کارایی و کاریگەری توێژەران و توێژینەوەکانیان ڕۆڵی گەورە دەبینن، و توێژەران لە سەرتاسەی دونیا لە ڕێگەی ڕێکخراوی زانستی هاوبەش و تۆڕی پەیوەندی نێودەوڵەتییەوە پێکەوە بەستراون و ڕوبەڕوی پرس و ئاڵنگارى هاوبەش دەبنەوە.

· لە زانکۆکانى کوردستان ئاراستەیەکی بەهێز بۆ کاراکردنی توێژینەوەی زانستی هەیە

گرنگیپێدانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى، د. یوسف گۆران ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ئێستا لە هەموو کات زیاتر زانکۆکان پێویستیان بە پەیوەندی توندوتۆڵ هەیە لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگەو بازاڕی کار و پیشەسازی و پرۆژەکانی دەستپێشخەری داهێنەرانە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، تەکنۆلۆجی و بەرهەمهێنانی مەعریفی. راشیگەیاند بەداخەوە ئاست و ژمارەی توێژینەوە زانستییەکان لە زانکۆکانماندا هێشتا جێگەی دڵخۆشی گەورە نین، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە کە ژمارەیەک توێژەری ئاست بەرز لە زانکۆکانمان دەرکەوتون و ئاراستەیەکی بەهێز هەیە بۆ کاراکردنی توێژینەوەی زانستی و پراکتیزەکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی.

· کارەکانى وەزارەت بۆ گەشەپێدانى توێژینەوەى زانستى چى بوە؟

لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د. یوسف گۆران ئاماژەى بە کارەکانى وەزارەت کرد بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و وتى: لەساڵى ٢٠١٤ وە کۆمەلێک هەنگاوى کرداریمان ناوە بەم شێوەیە.

· بایەخى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان

هەر لە وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وتى: سەرەتا بە جێبەجێکردنی پرۆسەی ڕیزبەندیی نیستیمانی زانکۆکانی کوردستان دەستمان پێکرد، ئەم پرۆژەیە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی زانستییانەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پێوەر و ستانداردی زانستی و بە کارهێنانی ئەو پێوەرانە بۆ ڕێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان زانکۆکانی کوردستان پرۆسەى ریزبەندى نیشتیمانى پشت بە ٧ پێوەرى سەرەکى و ٤٧ پێوەرى لاوەکى دەبەستێت، لەنێو پێوەرەکانیشدا پشکى شێر بۆ بەرهەمى توێژینەوەى زانستى زانکۆکانە. وتیشى: جێبەجێکردنی پرۆژەی ریزبەندیی نیشتیمانی گۆڕانکاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، کەلتوری کێبڕکێی زانستی تۆخکردەوە و پێوەر و ستاندارد و کەلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەکادیمیای کوردستانەوە.

لە دەرەنجامى کارەکانیشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراى کرد، لەدواى پرۆسەى ریزبەندى نیشتیمانى بەبەراورد کردنى ساڵانى (٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧) بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لە کۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بەڕێژەى ٣٣٥% زیادى کردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى ناوخۆیى بەڕێژەى ١٤٣% زیادىکردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى ١٠٠% زیادى کردووە. هەروەها ئاستى گۆگڵ سایتەیشن بۆ توێژەرانى کوردستان لەنێوان ساڵانى (٢٠١٥ تا ٢٠١٧) بەڕێژەى ٤٠٠% زیادى کردووە.

· دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى

د. یوسف گۆران هەر لە یەکەمین کۆڕبەندى زانستى زانکۆى دهۆک و سەبارەت بەکارەکان زیاتر دواو وتى: لەپێناو پشتیوانیکردنی زیاتری چالاکی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خوێندنی باڵا لە هەرێمەکەمان بە خۆشحاڵییەوە دامەزراندنی (ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستیمان )ڕاگەیاند. رونیشیکردەوە ئەم ئەنجومەنە بریتییە لە دامەزراوەیەکی زانستی ستراتیجی نیشتیمانیی، کار دەکات بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیجی گشتی توێژینەوەی زانستی و هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لە بواری پسپۆڕی جیادا لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی و تەکنۆلۆجی و ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان. لە ڕێگەی ئەم ئەنجومەنەوە هەوڵ دەدەین بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانمان لە کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکاندا کارایی زیاتریان هەبێت و چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەستیارانە بکەینە پرسیاری زانستی و بەتەواوەتی تێکەڵاوی ئەکادیمیا و توێژینەوەی زانستی بکەین. هەروەک وتیشى لە مانگی سێی ئەمساڵیشدا یەکەمین گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستیمان ڕاگەیاند، کە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دینار تەرخان کراوە و لە پرۆسەیەکی زانستی شەفافدا دەدرێتە ئەو توێژینەوانەی کە لە ڕووی ستراتیجی و لە بواری جیاجیادا چارەسەری پرسەکانی هەرێمەکەمان دەکەن.

وتیشى: بە خۆشحاڵیەوە تا ئێستا ٨٠ پرۆپۆزەڵ پێشکەش کراون و لە پرۆسەی هەڵسەنگاندان و هاوکاتیش گرانتێکی دیکەمان ڕاگەیاندوە بۆ ئەو توێژینەوانەی کە پەیوەندیدارن بە سیاسەتی گشتی و ڕیفۆرمی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

· ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ بەناوبانگترین دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستى

هەر لەبارەى کارەکانى وەزارەت و هەنگاوە کردارییەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: وەزارەتەکەمان لە ئێستادا سەرقاڵی ڕێکخستنی گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی گەیشتن بە سەرچاوە و گۆڤار و بڵاوکراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان بۆ توێژەرانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان برەخسێنین، چونکە توێژەرانمان کاتێک دەتوانن بەشداری زیاتر لە بەرهەمهێنانی مەعریفە بکەن ئەگەر خۆیان دەستیان بە نوێترین سەرچاوەی زانستی بگات، وتیشى ئێمە دەمانویست زووتر ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکەین، بەڵام خۆتان دەزانن بە شی هەرەزۆری ئەم سەرچاوانە بە زمانی ئینگلیزین و ئێمەش کاتی زیاترمان پێویست بوو بۆ ئەوەی زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دوەم لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بچەسپێنین.

· گەشەپێدانى توێژینەوەى زانستى شەونخونى دەوێت

هەر لە وتەکەیدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: کارکردن بۆ گەشەپێدان و چالاککردنی جوڵانەوەی توێژینەوەی زانستیی و پاراستنی ئاست و کواڵیتی توێژینەوەکان پرۆسەیەکی دورودرێژەو نەفەس درێژی و شەونخونی و کاری پێکەوەیی دەوێت، هیوادارم هەموومان پیکەوە بتوانین بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزە تێبکۆشین، چونگە خەونی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە توێژەران و پرۆسەی توێژینەوە ببەستینەوە بە چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکانی وڵاتەکەمان و ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان ببنە بنەمای نەخشەڕێگەی چاکسازی و گەشەکردنی هەمەلایەنەی هەرێمەکەمان.

· راسپاردەکانى کۆڕبەند بەهەند وەردەگیرێن

لەکۆتاییدا وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دەستخۆشی لە ڕێکخەرانى کۆڕبەندەکە کردو، داواى لە سەرپەرشتیاران کرد کە بەوردی سەرنج و تێبینی و پێشنیازەکان دۆکیومێنت بکەن و دواتر بۆمان بنێرن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین کار لەسەر جێبەجێکردنیانن بکەین.

لەبەشێکى دیکەى یەکەمین کۆڕبەندى زانستى زانکۆى دهۆک، د. موسلیح دهۆکى سەرۆکى زانکۆى دهۆک لە وتەیەکدا هیواى خواست ئەم کۆڕبەندە بەبەشدارى مامۆستاو لێکۆلەرو رۆشنبیران و لایەنە سیاسیەکان، ببێتە هۆکارێک بۆ هەماهەنگى لەنیوان سێنتەرەکان و دانانى بەردى بناخەى کارى پێکەوەى لەنێوان کۆمەڵگەو سەنتەرەکانتى لێکۆلێنەوەى زانستى. وتیشى پێویستە سەنتەرەکان رۆڵى خۆیان ببین لە دروستکردنى بڕیارى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و کاریگەرییان هەبێت لەتەواوى بوارەکاندا.

هەر لە کۆڕبەندەکەدا پانێڵێک لەبارەى (رۆڵى حکومەت بۆ پشتیوانى کردنى سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى و ڕێگەکانى سوود وەرگرتن لێیان) بۆ هەریەک لە (د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د. پشتیوان سادق وەزیرى پەروەردە و خالید دۆسکى وەزیرى رۆشنبیرى و د. شێرزاد نەجار راوێژکارى ئەنجومەنى وەزیران بۆ کاروبارى خوێندنى باڵا و فەرهاد ئەتروشى پارێزگارى دهۆک) رێکخرا.

یەکەمین کۆڕبەندى سێنتەرى بێشکچى بۆ توێژینەوەى مرۆڤایەتى بۆ ماوەى دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و واش بڕیارە لەماوەى دوو رۆژى کارەکانیدا ٩ پانێڵى جیا جیا بەبەشدارى کەسایەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى و مامۆستایانى زانکۆ و ناوەندە بڕیار بەدەستەکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش بکرێت، کە تیایدا باس لە رۆڵى حکومەت بۆ پشتیوانى سەنتەرەکان و چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە سەنتەرەکان و رۆڵى سێنتەرەکانى توێژینەوە لە ئاڕاستەکردنى بریارى سیاسى و ئابورى و پەرەپێدانى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان سێنتەرەکان و بابەتى دیکەى جیا پێشکەش دەکرێن.