نوفمبر 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا ئەرکى دارایى تاقیکردنەوەکانى زمان دەگرێتە ئەستۆ

master o ph

بەڕەچاوکردنى بارودۆخى دارایى هەرێمى کوردستان و، لە پێناو ڕەخساندنى هەلى زیاتر بۆ کاندیدانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ هەردو سیمستەرى (زستانە و هاوینە) لەسەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد.

لەو چوارچێوەیەدا، لە نوسراوێکدا بەژمارە (٣٨٥٨) کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٧/٣/٢٠١٨) لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئیمزا کراوە و، رێنمایى ژمارە (٣)ى ساڵى (٢٠١٨)ى پێدراوە، بڕیاردراوە بە"درێژکردنەوەى ماوەى (٦) شەش مانگی دیکە وەک دواین دەرفەت بۆ بەدەستهێنانى مەرجی توانستى زمانى ئینگلیزی بەپێى ناوەڕۆکى رێنمایی ژمارە (٤)ى ساڵى (٢٠١٦)ى خوێندنى ماستەر و بەپێى ناوەڕۆکى رێنمایی ژمارە (٥)ى ساڵى (٢٠١٦)ى خوێندنى دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ هەردوو (سیمستەرى زستانە و هاوینە)ى ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧)، ئەم ماوە درێژکردنەوەیە لە رێکەوتى تێپەربوونى ساڵێک و سێ مانگ بەسەر ڕێکەوتى دەرچوونى فەرمانى زانکۆیی کاندیدان دەست پێدەکات"، هەروەک بەپێى خاڵێکى دیکەى هەموارکراوەکەدا هاتوە "درێژکردنەوەى ئەم ماوەیە تەنها ئەو کاندیدانە دەگرێتەوە کە بەبەڵگە و دۆکیۆمێنت دەیسەلمێنن لە ماوەى ڕابردوو بەشدارى خولى پەرەپێدانى تواناى زمانى ئینگلیزیان کردوە، یاخود یەکێک لە تاقیکردنەوەکانى (IELTS, TOEFL-iBT, TOEFL, Pearson-PTE)ى ئەنجامداوە، بەڵام نمرەى پێویستیان بەدەستنەهێناوە، بە پێچەوانەوە ئەو ماوەیەى سەرەوەیان بۆ درێژناکرێتەوە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەفەرمانى وەزارى ژمارە (٣٢٩) ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٧/٣/٢٠١٨)  بەئیمزاى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە، بڕیاردرا کە زانکۆکان لەو ماوەیەدا کە بۆ کاندیدەکان درێژدەکرێتەوە دەبێ خولى پەرەپێدانى تواناى زمانى ئینگلیزى لە سێنتەرەکانى زمان بۆ سەرجەم کاندیداکان بکەنەوە، بەشێوەیەک بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتەکەمان و، وەزارەتى پەروەردە بەخۆڕایى بێت، لەهەمان کاتدا وەزارەت بڕیاریدا هەر کاندیدێکى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا کە مامۆستا یان فەرمانبەرى هەمیشەیی سەر بە دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بێت، دواى بەشداریکردنى لە  خولى پەرەپێدانى زمان لە سێنتەرەکانى زمان، دواتر نمرەى پێویستى یەکێک لە تاقیکردنەوەکانى (IELTS, TOEFL-iBT, TOEFL, Pearson Academic-PTE)  بە پێى ناوەرۆکى رێنمایی ژمارە (٤)ى ساڵى (٢٠١٦)ى ماستەر و رێنمایی ژمارە (٥)ى ساڵى (٢٠١٦)ى دکتۆرا بەدەستهێنا، ئەوا بۆ لەمەودوا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تێچووى دارایی تاقیکردنەوەى توانستی زمانی ئینگلیزی دەگرێتە ئەستۆ.