نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان، بزوتنەوەى زانستى لە کوردستان چالاکتر کردوە

IMG_0093.JPG

 بەچاودێرى و ئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى گەرمیان دوەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستى تایبەت بەزانستى ماتماتیک بەناونیشانى (بەرەوپێشچونى زانستى ماتماتیک لە بوارى تیورى و پراکتیکیدا) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى بەڕێوەبەرایەتى وەرزش و لاوانى گەرمیان لە کەلار دەستپێکرد.

لەو کۆنفرانسەدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (٢١/٨/٢٠١٦) بەئامادەبونى د.فاروق عبدالکەریم سەرۆکى زانکۆى گەرمیان و سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان و ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و توێژەران دەستیپێکرد، لە سەرەتاى کردنەوەیدا چەند وتەیەک پێشکەشکردا.

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دواى ئەوەى خۆشحاڵى بەئامادەبونى لەو کۆنفرانسە زانستیە دەربڕى، وتى: ئەمرۆ کە لە بۆنەیەکى زانستیدا لە زانکۆى گەرمیان ئامادە دەبم، خۆشحاڵم کە لەسەر بوارێکى هەستیارى زانستە، کە ئەویش زانستى ماتماتیکە، د.یوسف گۆران ڕونیشیکردەوە زانستى ماتماتیک بەداخەوە تا ئێستا لە کوردستان بایەخ پێنەدراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەدڵى زانستەکانى دیکە لە جیهان دادەنرێ، بەڵام ئەم بوارە لە کوردستان لە قەیراندایە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى زانستى ماتماتیک لەگەڵ ئەو سودە زۆرەى هەیەتى بۆ گەشەکردنى زانست، کەچى لە کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ ئەوانەى بۆ خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر ڕو لەو زانستە دەکەن لە کەمبونەوەى بەردەوامدایە، بۆیە خۆشحاڵم ئەمڕۆ کۆنفرانسیک بۆ ئەو زانستە لە زانکۆى گەرمیان دەبەسترێت، هیوادارم ئەم کۆنفرانسە ببێتە پاڵپشتیک بۆ ئەو زانستە تا دواجار ڕۆڵ لە گەشەپێدانى کۆمەڵگە بگێڕێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران ڕونکردنەوەى زیاترى لەبارەى زانستداو وتى: ئەگەر زانست بەشێکى گرنگ بێت لە گەشەپێدانى کۆمەڵگە، ئەوا هاوتەریب لەگەڵ ئەم زانستەدا زمانى ئینگلیزیش ڕۆڵێکى بەرچاوەى هەیە، هەربۆیە لە چەند ساڵى ڕابردودا لە وەزارەتەکەمان هەوڵێکى زۆرمان بۆ بەرەوپێشبردنى زمانى ئینگلزیى داوە، چونکە ئەگەر بمانەوێ دەستەبەرى زانست بکەین، دەبێ دەستەبەرى زمانیش بکەین، چونکە زۆربەى زۆرى توێژینەوە بەرهەمدارەکانى جیهان بەزمانى ئینگلیزى بڵاو دەکرێنەوە، لەبەرئەوە ناتوانین بەبێ دەستەبەرى زمانى زانست ناتوانین زانست پێش بخەین.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى باسى لەکاروپڕۆژەکانى وەزارەت و بەتایبەت ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکان کرد و لەو بارەیەوە وتى: لە وەزارەتەکەمان سەبارەى ئەو قەیرانە داراییەی کە ڕوى لە کوردستان کرد، بەڵام ئێمە بەجەختکردنەوە لەسەر کواڵیتى هەوڵمانداوە گۆڕانکارییەک لە سیستمى توێژینەوەى بکەین، وتیشى ساڵى پار توانیمان یەکەمین ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان ڕابگەیێنین، زانکۆى گەرمیان سەربارى ئەوەى زانکۆیەکى تازەیە، بەڵام یەکێک بوو لەو زانکۆیانەى کە شوێنى خۆى لەو ڕیزبەندییە دیار بو، بۆیە دەستخۆشى لە ئیدارەى زانکۆ دەکەم و، سوپاسى مامۆستایانیش دەکەم. وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: کە ئەمساڵیش لە مانگى ئەیلۆل بۆ جارى دوەم ڕیزبەندى زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنین، د.یوسف گۆران وتى: لەو کاتەوەى دەستمان بەڕیزبەندى زانکۆکان کردوە، ئاستى توێژینەوەو مامۆستا و وۆرک شوپ و  بزوتنەوەى زانستى زیاتر کردوە، بەستنى ئەم کۆنفرانسەش زنجیرەیەک لەو زنجیرانەو، بەشێک لەو پێشبرکیانە، بۆیە ئیستا زانکۆکان بایەخى زۆر بەپەیوەندییەکانیان و توێژینەوەکانیان و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەکان دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى زانکۆکان ڕۆڵیان لە بەرەوپیشبردنى کۆمەڵگەدا هەبێ، هەر ئەو ڕۆڵەش بوو وایکردوە کاتى خۆى سەرکردایەتى کورد بیر لە کردنەوەى زانکۆ لە شارە گەورەکان بکاتەوە، بۆیە ئێستا سەربارى کێشەکان، بەڵام زانکۆکان توانیویانە ڕۆڵیان لە بەرەوپیشبردنى زانست و کۆمەڵگە هەبێ، لە کۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  هیواى خواست زانکۆى گەرمیان بەرەدەوام بن لە بەستنى ئەم جۆرە کۆنفرانسانە.

هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا و لە وتارى سەرپەرشتیارى کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەچۆنیەتى و ئامانج و گرنگى بەستنى کۆنفرانسەکە کرا، ئەوەش ڕونکرایەوە کە بۆ ئەو کۆنفرانسە (٥٣) توێژینەوەى زانستى پێشکەشکراوە و، ڕەزامەندى لەسەر (٢١) توێژینەوە دراوە، کە لەلایەن (٤٤)توێژەرەوە لە (١٠) زانکۆى ناوخۆ و ئێراقى و، (٤) زانکۆى دەرەکیەوە ئامادەکراوە.

 د.فاروق عەبدوالکریم سەرۆکى زانکۆى گەرمیان لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى میوانان و بەشداربوانى کۆنفرانسەکە وتى: ئەم کۆنفرانسە لە چوارچیوەى زنجیرەیەک کاروچالاکى زانکۆکەمان دێ، کە خۆشبەختانە زانکۆى گەرمیان ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) بەساڵێکى دەوڵەمەند لە کۆڕو کۆنفرانس و وۆرک شۆپ و توێژینەوەو کردنەوەى سێنتەرى زمان و سێنتەرى توێژینەوە و  چالاکى زانستى و پەیوەدنى نێودەوڵەتى بەڕێکرد، هەروەک نزیکەى
(١٠٠) توێژینەوەى زانستى لەماوەى ئەو ساڵەدا پێشکەشکراوە، کە ئەوەش  بەڕێژەى (٢٠%بۆ ٣٠%)  لە ساڵى ڕابردو زیاترە، وتیشیى بۆ ساڵى نوێى خوێندن کۆمەڵێک بەشى تازەمان لە بەیانیان و ئێواران کردۆتەوە، کە هەلى خوێندنى زیاتر بۆ دەرچوانى (١٢)ى ئامادەیى دەرەخسێنێت، لە هەمان کاتدا دەبنە سەرچاوەیەکى داهات بۆ زانکۆکان و سەربەخۆى زانکۆکان، لەبەرامبەر ئەو کارو پاڵپشتیان کە لێیان کراوە، سەرۆکى زانکۆى گەرمیان سوپاسى تایبەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد کە پاڵپشتى مادى و مەعنەوى بەردەوامى زانکۆکەیانى کردوە بۆ سەرخستنى پڕۆگرامەکانیان. لە کۆتایشدا هیواى خواست کارو توێژینەوەکان کە لە میانەى کۆنفرانسەکە پێشکەش دەکرێن ڕەنگدانەوەى لەسەر پێشکەوتنى کۆمەڵگە هەبێ.

لە کۆنفرانسەدا کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت بڕیار وایە لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکەوە (٢١) توێژینەوە پێشکەش بکرێ و لەلایەن ئامادەبوانەوەش تاوتوێ بکرێ.