نوفمبر 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا توێژینەوەکانى زانکۆ دەبەستێتەوە بەکیشەو پێداویستى و بابەتەکانى کۆمەڵگە

logo.jpg

 لە پێناو بەستنەوەى توێژینەوەکانى زانکۆ بەبازارو کێشەو گرفتەکانى کۆمەڵگە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەزگاو دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئاگادار دەکات ئەو بابەتە دەستنیشان بکەن کە بەلایانەوە گرنگە توێژینەوەى زانستى لەبارەوە بکرێت.

جیاواز لە ساڵانى ڕابردو و لە چوارچێوەى ئەو گۆڕانکارییانەى لە بوارى خوێندنى باڵا بەڕێوەیەن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوە ڕون دەکاتەوە، کە لەگەڵ کردنەوەى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2016-2017)، ئاگادارى سەرجەم دەزگاو دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کۆمپانیا تایبەتەکان و ڕێکخراوە پیشەییەکان دەکات، ئەو بابەت و گرفت و کێشە ئابورى، سیاسى، کۆمەڵایەتى، زانستى، کارگێرى، تەکنەلۆجى، پزیشکى و...هەر بابەتێکى دیکە بەگرنگ دەزانن دەستنیشان بکەن، بە نوسراوى ڕەسمى ئاڕاستەى وەزارەتى وەزارەتەکەمان/ فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان بکات، تا بۆ ساڵى خوێندنى (2016-2017) لە کاتى ئامادەکردنى پڕۆژپۆزەڵى توێژینەوە کاری لەسەر بکرێت و لە زانکۆکاندا خوێندکاران توێژینەوەى زانستى لەبارەوە بکەن و ڕێگەى چارەى زانستى بۆ دەستنیشان بکەن. جگە لەوەش دەستنیشانکردنى کێشەو پێداویستى و بابەتەکانى کۆمەڵگە بەرچاونیەک دەدات بەو مامۆستا و توێژەرانەى کە لە زانکۆکان خوازیارن توێژینەوەى زانستى بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە ئەنجام بدەن.

ئامانجى سەرەکى لەم هەنگاوەى وەزارەتەکەمان بەستنەوەى زیاترى توێژینەوەکانى زانکۆیە بەکێشەکانى کۆمەڵگە.

بۆ گەیاندنى بابەت و کێشەو پێداویستیەکانى کۆمەڵگە، دەزگاو دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کۆمپانیاکان دەتوانن لە ڕێگەى ئەم ئیمەیلەوە (sartip.xales@mhe-krg.org) سەرجەم پێشنیازەکانین بگەێننە وەزارەتەکەمان