نوفمبر 2016

بەئامادەبونى د.یوسف گۆران (زانکۆى کاسۆلیکى لە هەولێر) کرایەوە

IMG_2302.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: گەنجانى وڵاتەکەمان شایستەى باشترین ئاستى کواڵیتى خوێندنن، بۆیە لە ڕێگەى بەرنامە و پڕۆژەکانمانەوە, بەتایبەت پڕۆژەکانى دڵنیایى جۆرى و ڕیزبەندى نیشتیمانى چاودێرى ڕەوتى خوێندن فێرکردن لە زانکۆکان دەکەین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى ڕێوڕەسمى کردنەوەى (زانکۆى کاسۆلیکى لە هەولێر) هات، کە ئێوارەى دوێنێ سێ شەممە، لە کەمپى زانکۆکە لە شارۆچکەى عەینکاوە بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە نوێنەرایەتى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشدارى تێدا کردبوو، ژمارەیەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، نوێنەرى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان ومامۆستایانى زانکۆ و، نوێنەرى ڤاتیکان و ئەنجومەنى ئەساقیفەى ئیتاڵیاو، ژمارەیەکى بەرچاو لە پیاوانى ئاینى و لێپرسراوانى حکومى ناوچەکە ئامادەیبون، چەند وتارێکى تێدا پێشکەش کرا.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارەکەیدا بەناوى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى دامەزراندنى (زانکۆى کاسۆلیکى لە هەولێر) کرد و، خۆشحاڵى خۆشى دەربڕى بەکردنەوەى دەزگایەکى زانستى و ئەکادیمى نوێ لە هەرێمى کوردستان، ڕاشگەیاند: ئەم هەنگاوە کاریگەرى لەسەر پێشخستنى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان دەبێت، هەروەک دەرفەتێکى گونجاو بۆ گەنجانى کوردستان دەڕەخسێنێت بۆ درێژەدان بەخوێندنى زانکۆیى لە کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە ئاماژەى بە ڕۆلى کەرتى تایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا کرد و وتى: وەزارەتەکەمان باوەڕى تەواوى بەڕەخساندنى هەلى بەشداریکردنى کەرتى تایبەت لە وەبەرهێنان لە بوارى خوێندنى باڵا هەیە، ڕونیشیکردەوە کە نابێت وەبەرهێنان لە بوارى خوێندنى باڵا تەنها بۆ قازانجى کورت خایەن بێت و، وەک کاڵایەکى بازرگانى مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو چاوەڕوانى ئێمە لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە کە بتوانین بەهەنگاوى نوێ و ئەزمونى نوێ، کەلتورى نوێ ئاوێتەى ئەزمونى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان بکەن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بەکردنەوەى ئەم زانکۆیە ژمارەى زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان دەبێتە (١٥) زانکۆ و، یەک لقى زانکۆ، (٩) پەیمانگەى تایبەت، هیواشى خواست ئەو زانکۆ و پەیمانگەیانە شانبەشانى زانکۆ حکومییەکان خزمەت بەهەرێمى کوردستان بکەن.

د.یوسف گۆران کۆتایى وتارەکەى تەرخان کرد بۆ گرنگى کردنەوەى ئەو زانکۆ لە هەرێمى کوردستان و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ کە بۆ یەکەمین جارە لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زانکۆیەک بەناوى زانکۆى (کاسۆلیکى) لێرە دەکرێتەوە، شانازییەکى گەورەیە بۆ ئێمە، لەهەمان کاتدا گوزارشتى ڕاستەقینە لە کرانەوەى هەرێمى کوردستان دەکات، کە وەک هەمیشە کوردستان نمونەیەکى بەرزى پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان بووە، ئومێدیشى خواست ئەو زانکۆیە لە ئاست چاوەڕوانییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا بێت، بەشێوەیەک زانکۆکە هەوڵ بدات بۆ داڕشتنى سیستەمێکى تۆکمەى دڵنیایى جۆرى، هاوکات هەر لە یەکەم ڕۆژى دەست بەکاربونیانەوە کار بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى و، دروستکردنى تۆرى فراوانى پەیوەندییە زانستیە نێودەوڵەتییەکان بکەن لە پێناو گەشەپێدانى ئاستى خوێندن و فێرکردن و توێژینەوە، هەروەک دڵنیایى خۆشى دوپات کردەوە کە سپۆنسەر و لێپرسراوانى زانکۆکە لەو بەرپرسیارێتییە زانستییە تێ دەگەن و، لە کۆتایشدا زانکۆکە بکەنە دامەزراوەیەکى زانستى نمونەیى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە.

لە بەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمەکەدا (مەتران نونزیو گالنتینۆ) ئەمیندارى گشتى ئەنجومەنى ئەساقیفەى ئیتاڵیا و، مەتران بەشار متى وردە سەرۆکى ئەساقفەى هەولێر و، سەرۆکى زانکۆى کاسۆلیکى لە هەولێر و، چەند لێپررسراویکى دیکەى زانکۆکە وتەیان پێشکەش کرد لە وتارەکانیاندا سەربارى سوپاسگوزارییان بۆ سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕونییان کردەوە ئێمە لە کاتێکدا ئەم زانکۆیە دەکەینەوە، کە حوزیرانى ساڵى ڕابردوو مەسحیەکانى موصل و دەشتى نەینەوا ئاوارەو دەربەدەر کران، بەڵام ئێمە لێرە داهاتوو بونیاد دەنێین و، ئەم بونیادنانەش دەبێتە هۆکارێکى گرنگ بۆ مانەوەمان، هیواشیان خواست زانکۆکە ببێتە ناوەندێکى گرنگ بۆ پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییە ئاینى و کۆمەڵایەتى و سیاسی و ئابورییەکان لە هەرێمى کوردستان.

دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتارەکانیش لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژێنەوەى زانستى و، کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆ، زانکۆى کاسۆلیکى لە هەولێر بەڕەسمى کرایەوە.

لەبەسەرکردنەوەى بەشەکانى باڵەخانەکەدا، د.یوسف گۆران پیرۆزبایى لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و، هیواشى خواست زانکۆکە ببێتە ناوەندێکى گرنگ بۆ بەرهەمهێنانى مەعریفە.

 (زانکۆى کاسۆلیکى لە هەولێر)، لەلایەن ئەنجومەنى ئەساقفەى ڕوماوە پشتگیرى دەکرێت، دەبێتە یەکێک لە ئەندامانى نێودەوڵەتى بۆ زانکۆ کاسۆلیکیەکان. ئەو زانکۆیە جگە لە گرتنەخۆى خوێندکارە ئاوارە مەسیحیەکان، لەهەمان کاتدا دەرگاى بەڕوى پێکهاتە جیاکانى کوردستان کراوە دەبێت و، هەموو خوێندکارێک کە ئارەزوو بکات دەتوانن لەو زانکۆیە درێژە بەخوێندن بدات، زانکۆکە زانکۆیەکى (تبشیرى) نابێت، بەڵکو وەک زانکۆ ئاساییەکانى هەرێمى کوردستان دەبێت و، خوێندن تێدا بەزمانى ئینگلیزى دەبێت و، بەنوێترین ستاندارد وانەکان دەوترێنەوە، وەک قۆناغى یەکەم زانکۆکە چوار بەشى لە خۆگرتووە کە بریتین لە بەشەکانى ( کارگێڕى کار، تەکنەلۆژیایى زانیارى، زمان، دراساتى ڕۆژهەڵاتى).