نوفمبر 2016

ڕێبەرى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان دابەشکرا

دواى دوو ڕۆژ لە گەیشتنى ئەنجامەکانى قۆناغى پۆلى ١٢ ئامادەیى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕاستەوخۆ دەستکرا بەدابەشکردنى ڕێبەرى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەسەر پەروەردەى گشتى پارێزگاکان بۆ ئەوەى لەڕێگەى خوێندنگەکانەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشبکرێت.

 ڕێبەرى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى (٢٠١٥-٢٠١٦) لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە (٧٥) هەزار دانەى لێ چاپکراوە، لە ڕۆژانى لە ڕێگەى پەروەردەکانەوە بەسەر سەرجەم خوێندنگەکان دابەش کرا بەمەبەستى گەیشتن بە دەستى دەرچووانى قۆناغى پۆلى ١٢ى ئامادەیى.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە خوێندکاران قوتابیان دەکات بەوردى رێبەرى وەگرتن بخوێننەوە بۆ ئەوەى لەکاتى پڕکردنەوەو پێشکەشکردن فۆرم بۆ زانکۆلاین هەڵە نەکەن و، ڕێنماییەکان بەووردی بخوێنە‌وە و لەبەرچاوی بگرن. چونکە زۆرگرنگە هەڵبژاردنەکانت لەگەڵ ئارەزوو و بارى تەندروستى و تواناى زانستیت بگونجێت. وەرگیرانت لە هەر خوێندنێک بە لەبەر چاوگرتنی ئارەزوو و باری تەندروستی و توانای زانستیت مانای ئەوەیە، کە تۆ هێڵە گشتییەکانى دوا ڕۆژى خۆت دیارى کردوە.

لە ڕێبەرى وەرگرتندا مەرجە گشتی و تایبەتەکانی وەرگرتنى خويندكاران لە زانکۆكانی هەرێم و ڕێنماییەکانى گواستنه‌وه‌ و دابه‌زینی خوێندنی قوتابيان/خويندكاران لە زانکۆكانی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتى پێشکەشکردنی فۆرمی زانكۆ لاین و خشته‌ی زانكۆ‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2015-2016) و هێمای قوتابخانه‌كان/خوێندنگەكان تیادا خراوەتەڕوو.

سەبارەت بە وادەى کاراکردنى (زانکۆ لاین)، عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: دواى گەیشتنى ئەنجامەکانى دەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى لەلایەن وەزارەتى پەروەردە بۆ وەزارەتەکەمان, ڕاستەوخۆ دەستکرا بە پڕۆسەى ووردبینیکردن لە ناوەکانى دەرچوان و خوێندنگەکان بەمەبەستى دڵنیابون لەناوى دوبارەو نەهێشتنى کەموکوڕى لە لیستەکاندا, لە ئێستاشدا پڕۆسەى وردبینیکردن کۆتایى هاتوە.

 وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژیبنەوەى زانستى ئاشکراشیکرد: لەئێستادا دەستکراوە بە دانانى (یوزەرنەیم و پاسۆرد) بۆ سەرجەم دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوەى دواى کاراکردنى (زانکۆ لایەن) خوێندکاران و قوتابیان بتوانن بچنە ناو سیستەمى (زانکۆ لاین) و فۆرمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕ بکەنەوە.

 

سەبارەت بە کاتى کاراکردنى زانکۆ لاین عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند: دواى دانانى یوزەرنەیم و پاسۆرد بۆ سەرجەم خوێندکارانى دەرچو, کە وەزارەتەکەمان لە ڕێگەى پەروەردەى گشتى پارێزگاکان و خوێندنگەکان ڕەوانەى خوێندکاران و قوتابیانى دەکات، وێب سایتى (زانکۆ لاین) بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت و، وەک ئاگاداریەکیش لە دەزگاکانى راگەیاندنیش بۆ دەرچووان بڵاودەکرێتەوە.

بڕوانە ڕێبەرى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان