نوفمبر 2016

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە

newsitem-1640-07.11.2013-ku.png

 ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی( ٧/١١/٢١٠٣ ) لە سایتی ئاوێنە بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لەژێر ناونیشانی (داواکردن لە خوێندکاران بۆ ئەوەی ڕوو لە زانکۆی ئەهلی بکەن گاڵتەجاڕییە).دەربارەی ئەم بابەتە وەزارەتمان بە پیویستی زانی ئەم ڕوونکردنەوەیەی لای خوارەوە بخاتە بەر چاوی ڕای گشتیی و خوێنەرانی سایتی ئاوێنە:

1. ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕێکەوتی( ٦/١١/٢٠١٣ ) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکانی لە کۆلێج و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ (٤٧٨٦٠) دەرچووی ئامادەیی داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ وەرگرتن لە کۆلێج و پەیمانگەکانی هەرێم لەوانە (٣٤٠٧١) دەرچووی ئامادەیی وەرگیراون و (١٣٧٨٩) دەچوویش لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن ماونەتەوە.  بەم پێە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کۆلێج و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان توانیویانە (٧٢.٢ ٪) ی دەرچووانی ئامادەیی لەخۆ بگرن، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ئاستێکی بەرزدایە کە ڕێژەی وەرگرتن لەو وڵاتانە لە (٤٠٪) تێناپەڕێت. 

2. بۆ ئەم ساڵی خوێندن وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقی فیدراڵ (١١٨ هەزار) دەرچووی ئامادەیی وەرگرتووە بۆ (١٥) پارێزگای عیراق لە کاتێک دا کە وەزارەتمان لە هەرێمی کوردستان وە بۆ (٣) پارێزگا (٣٤٠٧١) دەرچووی ئامادەیی وەرگرتووە، هەر بۆیە خوێنەران و ڕای گشتیی سەرپشک دەکەین بۆ بەراوردکردنی ئەم ڕێژانە.  

3. لە لێدوانەکەی وەزیری خوێندنی باڵادا بەهیچ جۆرێک داوا نەکراوە کە دەرچووانی ئامادەییەکان ڕوو لە زانکۆ ئەهلییەکان بکەن بەڵکو بەڕێزیان  تەنها باسیان لە ڕێژەی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ تایبەتەکان کردووە کە ئەوانیش دەتوانن بۆ ئەمساڵ  تا (١٠هەزار) دەرچووی ئامادەیی وەربگرن، ئەم زانیاریەش بە هیچ جۆرێک ناچێتە خانەی گاڵتەجاڕییەوە بەڵکۆ تەنها پێدانی زانیارییە دەربارەی ڕێژەی پلانی وەرگرتن لەو زانکۆیانە. 

4. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەوڵی تەواوی داوە کە سوود لەوپەری توانای وەرگرتنی کۆلێج و پەیمانگەکانی هەرێم وەربگیرێت، بێگومان هەموو زانکۆیەکی کوردستان توانای وەرگرتنی سنووردارە، بۆ ئەمساڵیش وەزارەتمان بڕیاری دا کە (٤٠٪) ی توانای وەرگرتن بۆ هەموو کۆلێج و پەیمانگایەک زیاد بکات بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین ژمارەی دەرچووانی ئامادەیی لە ئامێز بگرن،  لە هیچ وڵاتێکی دونیادا هیچ حکومەتێک ناتوانێت هەموو دەرچووانی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگێت بەڵکو زۆرینەی دەرچووان لەدەرەوەی پلانی وەرگرتن دەمێننەوە. 

لە کۆتاییدا چاوەڕێمان دەکرد کە ڕاگەیاندنەکان بەشێوەیەکی زانستییانە بەراوردکاریان بکردایە لە نێوان  ڕێژەی وەرگرتن  هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی دونیا نەوەک بەشێوەی نەگەتیڤ لە ئەنجامەکانی وەرگرتن لە زانکۆو پەیمانگاکانی هەرێم بڕوانن. 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی 

٧/١١/٢٠١٣