نوفمبر 2016

وۆرك شۆپێك بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش دەستی پێكرد

newsitem-1326-15.05.2012-ku_01.jpg

توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی لە كوردستان و زانكۆی (Plymouth)ی بەریتانی دەكرێت
بەئامانجی گەیشتن بەرێكەوتن و ئەنجاممدانی توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی لە كوردستان و زانكۆی (Plymouth)ی بەریتانی، ئەمرۆ سێ‌ شەممە 15/5/2012 وۆرك شوپێك لە هۆڵی كۆنفرانسی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو.

لەو وۆرك شۆپەدا كە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، د.بیریڤان خەیلانی راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ كاروباری توێژینەوەی زانستیو د.نەژدەت ئاكرێی بەڕێوەبەری توێژینەوەو پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو  وەفدێكی زانكۆی (Plymouth)ی بەریتانی بەسەرۆكایەتی ( میك فیلەر)و ژمارەیەك لە توێژەرانی پسپۆران و توێژەرانی زانكۆكە ئامادەیبوون، لە رۆژی یەكەم و مەراسیمی كردنەوەی وۆرك شۆپەكەدا د.بێریڤان خەیلانی وتەیەكی پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان، هیوای خواست وۆرك شۆپەكە ببێتە دەروازەیەك بۆ گەیشتن و بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش، هەر بەو بۆنەیەوە ( میك فیلەر) سەرۆكی وەفدی زانكۆی (Plymouth)ی بەریتانی لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەدا كە لە ئێستادا (25) خوێندكارو قوتابی كورد لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازی كوردستان لە زانكۆكەیان وەرگیراون، خۆشحاڵی خۆشی پیشاندا كە ئەو خوێندكارو قوتابیانە لە قوتابی و خوێندكارە سەركەتووەكانی زانكۆكەیانن، هەروەك ئارەزوی زانكۆكەشی بۆ وەرگرتنی خوێندكارو قوتابی زیاتری كورد بۆ درێژەدان بە خوێندن دووپات كردەوە.

پاشان بەرنامەی كاری وۆرك شۆپەكە دەستی پێكرد، لەو بوارەشدا  گفتوگۆ دەربارەی چۆنێتی ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان زانكۆی (Plymouth)ی بەریتانی و سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی لە زانكۆكانی كوردستان كرا، بەتایبەت لە بوارەكانی (بایەلۆژی، كشتوكاڵ، بایۆمیدیكەڵ)، بۆ ئەو مەبەستەش زانكۆی (Plymouth)ی بەریتانی چەند پرۆژەیەكیان  پێشكەش كرد تا بەهاوبەشی لەگەڵ سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانكۆكان لە كوردستان ئەنجامی بدەن، هاوكات سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەكانی كوردستان كە ئامادەی وۆرك شۆپەكە بوون پرۆژەیان ئامادەكردوە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو وۆرك شۆپەوە پلانێكی درێژخایەن دابرێژن تا لە نێوان پرۆفیسۆرانی هەردوو لا لەلایەك و توێژرانیش لەلایەكی دیكە ئەنجامی بدەن.

واش بڕیارە لە رۆژی دووەمی وۆرك شۆپەكەدا توێژرانی زانكۆكانی كوردستان بەگوێرەی هەرسێ‌ پسپۆڕی (بایەلۆژی، كشتوكاڵ، بایۆمیدیكەڵ) ئامادە بن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەنجامدانی پرۆژە لە چوارچێوەی ئەو پسپۆڕیانە.

بریارە وۆرك شۆپەكە بەئیمزاكردنی گرێبەستێك لە نێوان زانكۆی (Plymouth)ی بەریتانی و سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی زانكۆكان لە كوردستان كۆتایی پێ‌ بێت، بەئامانجی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.