نوفمبر 2016

یەکەمین خولى ڕاهێنانى سەنتەرى پێداگۆجى هەولێر کۆتایى هات

كۆتایهاتنی یه‌كه‌مین خولی پێداگۆجی

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ١٠/١٢/٢٠١٩ بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و یاریدەدەر و نوێنەرى سەرۆکى زانکۆکان و مامۆستایان و دەرچوانی خولى یەکەمى پێداگۆجى،  ڕێوڕەسمى دەرچونى یەکەم خولى ڕاهێنانى پێداگۆجى سەنتەرى پێداگۆجى هەولێر/ بنکەى زانکۆى سەڵاحەددین/ هه‌ولێر، لەهۆڵى سەنتەرى ڕۆشەنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین بەرێوەچو.

لەمیانەى پێشکەشکردنى وتەى بەخێرهێناندا (د.ئەحمەد دزەیى) سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین/ هه‌ولێر سوپاسى ئامادەبوانى کرد و ڕایگەیاند: پێداگۆجى گۆڕانکارى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لەچوارچێوەى ئەو پڕۆژەیەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داهات بەناردنى ژمارەیەک مامۆستا بۆ وڵاتى فینلاند، بۆ ئەوەش وتى: ئێمە وەک زانکۆى سەڵاحەددین سودى زۆرمان لەو پڕۆژەیە بینیوە و، سەربەرزین بەدەرچونى پۆلێک مامۆستا، دڵنیاین ئەوەى لێرە فێریبون لەهۆڵەکانى خوێندن ڕەنگ دەداتەوە.

د.ئامانج سەعید نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى پێشکەشکردنى وتارى وەزیرى خوێندنى باڵادا ڕایگەیاند: لەدڵەوە سوپاسى یەکە بەیەکەى سەرۆکى زانکۆکان دەکەم بۆ هەوڵەکانیان و هەڵبژاردنى باشترین مامۆستایانى زانکۆکانیان بۆ ئەو پڕۆگرامە و ناردنیان بۆ وڵاتى فینلاند و، پشتیوانى و پاڵپشتى بەردەوامیان و دانانى ئەو پڕۆژەیە وەک پڕۆژەیەکى سەرکەوتووى خۆیان، هاوکات سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ هاوکارى پاڵپشتى بەردەوامى لەسەرکەوتنى پڕۆژەکە.

د.ئامانج سەعید هەر لە وتەکەیدا بە وردى هەنگاوەکانى بیرۆکە و دەستپێکردن و ناردنى مامۆستایان لە زانکۆکانى حکومى و بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکان بۆ وڵاتى فینلاند و داڕشتنى پڕۆگرامێکى کوردانەى پێداگۆجى لەلایەن ئەو مامۆستایانە بەیارمەتى پسپۆڕانى زانکۆى هامکى فینلەندى بۆ ئامادەبوان ڕونکردەوە، هاوکات تیشکى خستەسەر گرنگى پڕۆژەکە لەڕوى گۆڕانکارى لە سیستمى وانەوتنەوە لەزانکۆکان، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: یەکێک لەپێداویستیەکانى گۆڕانکارى لەخوێندن ئەوەیە، دەبێت دەرچوان بەجۆرێک ئامادە بکرێن تەنها لەژێر یەک لایەنى کارامەیى ڕانەهێندرێن، بەڵکو دەبێت هەمەلایەنە دەرچوان ئامادە بکرێن و، توانا و لێهاتوییەکانیان لەدواى دەرچون لە زانکۆ و کۆمەڵگە ڕەنگ بداتەوە.

دواتر لەپانێڵێکدا، کە بەسەرپەرشتى د.کارمەند عەبدوڵا بەرپرسى پێداگۆجى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، دەرچوانى خولى یەکەمى پێداگۆجى ئەزمون و بۆچونى خۆیان لەبارەى پڕۆژەکە خستەڕو، هاوکات بەبەیاخەوە باسیان لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە لە ناوەندەکانى خوێندن له‌ زانکۆكانی هەرێمى کوردستان كرد.

 لەکۆتایى ڕێوڕەسمەکەشدا، لەلایەن ئامادەبوانەوە بڕوانامەى ده‌رچون پێشکەش بە (94) به‌شداربوانی یەکەم خولى ڕاهێنانى پێداگۆجى سەنتەرى پێداگۆجى هەولێر بنکەى زانکۆى سەڵاحەدین کرا، کە بۆ ماوەى ٦ به‌ڕێوه‌چو.