نوفمبر 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ ڕێکخەرى گشتى ڕێکخراوى ئایرێکس کۆبۆوە

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیر له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ئایرێكس

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پەیوەندییەکى بەهێز لە نێوان خوێندکارانى زانکۆ و سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکانى کوردستاندا هەیە و، دەمانەوێت پسپۆڕى و تواناکان لەگەڵ پێداویستى بازاڕى کارى کوردستان بگونجێنین.

ئەو ڕاگەیاندنەی د. ئارام محمد قادر لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ خاتو لۆرا مەیسن ڕێکخەری گشتی کاروبارەکانی ڕێکخراوی ئایرێکس لە عێراق هات، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی (١٠/١٢/٢٠١٩) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو.

لە دیدارەکەدا، کە بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، خاتو لۆرا کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکیەکانی داهاتوى ڕێکخراوەکەیان پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک تیشکیشى خستە سەر ئەو بەربەست و ئاستەنگانەى کە هاتونەتە پێشیان لە ئەنجامدانى کارەکانیان، لە هەمان کاتدا تیشکى خستەسەر کار و پلان و بەرنامەکانیان بۆ ساڵى داهاتو.

لە بەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر دواى ئەوەى دەستخۆشى لەو کاروچالاکیانە كرد، کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردو لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامیانداوە، وتیشى بەردەوامبون لەسەر سێنتەرەکانى بەکارخستن لەلاى ئێمە گرنگە، چونکە پەیوەندییەکى زۆر لە نێوان وەرگرتنى خوێندکاران و سێنتەرەکانى بەکارخستن هەیە، ئەوەشى ڕاگەیاند: "ئێمە دەمانەوێ لە زانکۆکان توانا دروست بکەین، بۆیە دەمانەوێ ئەو توانایه‌ بەڕێگەى حەز و ئارەزو بێ، بۆ ئەوەى بتوانین توانایەک دروست بکەین تا بتوانێ کار بدۆزیتەوە و کار بکات.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: سیاسیەتمان کرانەوەیە بۆ ئەوەى ئەو پەیوەندیانە بخەینە خزمەتى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و، پێشخستنى ئەم سێکتەرە گرنگە، بۆ ئەمەش وتى: کارەکانتان لەماوەى ڕابردو بۆ ئێمە جێگەى دڵخۆشیە، ئەولەویەتى کارى ئێمەش جگە لە پلانى چوار ساڵى کارکردن و ستراتیژى وەزارەته‌كه‌مان، لە کارنامەکە ڕونکراوەتەوە.

د. ئارام محمد وتیشى: دیدگا و ڤیژنى کارکردنمان بۆ زانکۆکان ئەوەیە، بتوانین ئاستى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانمان لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى زانستى دیار و بەرچاو بێت، بۆ ئەمەش کار دەکەین پەیوەندى نێوان بازاڕى کارى کوردستان و زانکۆ و دامەزراوەکانمان بەهێز بکەین و، بەپێى پێداویستیەکانى بازاڕى کوردستان پسپۆڕى بەرهەم بێنین.

لە کۆتایى دیدارەکەدا پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان و ئاستى گەشەسەندنى پرۆگرام و بەرنامەکانى نێوان هەردولا گفتوگۆى لەبارەوە کراو تاوتوێکران.