نوفمبر 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆچى دوایى زاناى گەورەى گەلەکەمان پرۆفیسۆر (د.عيزەدین مستەفا رەسول) ڕادەگەیەنێت

وه‌زاره‌ت + د.عزالدین مسته‌فا + پرسه‌

بەداخ و پەژارەیەکى زۆرەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆچى دوایى مامۆستاو زاناى گەورەى گەلەکەمان پرۆفیسۆر (د.عيزەدین مستەفا رەسول) ڕادەگەیەنێت.

پرۆفیسۆر (د.عيزەدین مستەفا رەسول) کەیەکێک بوو لەو زانستخوازە ماندوانەى تێکۆشانێکى بەرزو پڕ بایەخیان هەبوە لەبوارى توێژینەوە و داهێنان، کە بەرهەمە زانستیەکانى گەواهیدەرى ئەوەن، بۆیە بە لەدەستدانى کەلێنێکى گەورە لەبوارى توێژینەوە و نووسین دەخاتە نێو زمان و ئەدەبیاتى کوردى.

ئاشکرایە لاى هەمووان پرۆفیسۆر (د.عيزەدین مستەفا رەسول) کەسایەتییەکى گەورەو خەزینەیەکى پڕ بەهاى ئەم نیشتیمانەبوو، بۆیە بەشانازی و بایەخەوە لەشەونخونى و ماندوبون و تەمەنی پڕ لە بەخششی زانستى کۆچکردوو دەڕوانین. د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ، لە ساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبوە، لە ساڵی 1939 لای باوکی لە "مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵی دێلێژە"، وەکو گوێگر و پاشان خوێندکار دەستى بە خوێندن کردووە.

ساڵی 1951 لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، دوای تەواوکردنی خوێندنى بەشى زمان، لە باکۆ لەڕێککەوتى 24/6/1963 پلەی دکتورای وەرگرتووە، و ساڵی 1979 چووەتەوە مۆسکۆ، لەوێ درێژەى بە خوێندن داوە و پلەی پرۆفیسۆری وەرگرتووە، و لە ساڵی 1992 بوو بەئەندامى یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پ.د.عیزەدین مستەفا یەکێک بوو لە دامەزرێنەکانی یەکێتی نوسەرانی کورد، کە ژمارەیان 11 کەس بوون و یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی ئەو یەکێتیە بە قەڵەمی ئەو نووسراوە، دواتر بووەتە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد.

لەمێژووى پڕ نووسین و داهێنان و خزمەت کردنى بە توێژینەوەى زانستى خاوەنى 
86 بەرهەمی ناوازەیە و سەرەتای نووسینیشی لە رۆژنامەی دیوارەوە دەستپێکردووە، هەر بەو بۆنەیەشەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرسەى ماتەمینى لەسەرجەم دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕادەگەیەنێت.

لەخوداى گەورە داواکارین سەبورى هەموو لایەکمان بدات و ڕۆحى مامۆستا و زاناى کۆچ کردووش بەبەهەشتى بەرین شاد بکات.