نوفمبر 2016

بۆ بەفەرمى دانپێدانانیان، حکومەتى عێراق له‌ ڕێگه‌ی ٢ لێژنه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ژمارەیەک لە زانكۆی هه‌رێمی كوردستان دەکات

کۆبونەوە لەگەڵ لێژنەى حکومەتى عێراقى

هەنگاوەکانى دانپێدانانى بەشێک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى ٢ لێژنەى تایبەتمەندەوە دەستپێکرد و, لەو چوارچێوەیەشدا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێم کۆبونەوە.

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٩/٢٠١٩) وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراق کە لە دوو لێژنە پێکهاتبون، سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانیان لە شارى هەولێر کردو لەگەڵ هەریەک لە (د. خەتاب ئەحمەد شێخانى) بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى و (د. محمد حوسێن)  سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرىو (د. جوان جەلال شەریف) بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان و کاربەدەستانى دیکەى وەزارەت کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە نوسراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراقى بەژمارە (٥١٦٤) لە ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠١٩) کرا کە بڕیارى پێکهێنانى چەند لێژنەیەکى تایبەتمەندى داوە بۆ  هەڵسەنگاندنى پێداویستیەکانى دانپێدانان بە زانکۆکانى (سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ، کوردستان/هه‌ولێر) وەک قۆناخى یەکەم.

هەر لە کۆبونەوەکەدا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم پێشوازییان لەم بڕیارەی حکومەتی عێراقی کرد و بەهەنگاوێکی گرنگیان دانا بۆ ئاساییکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا، کە ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی گرنگە بۆ زیندوکردنەوەی گیانی بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و هاوکاری نێوان هەردولا بۆ خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

هەروەها رۆڵى هەموو ئەو لایەنانەى بەگرنگ نرخێنرا کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لەم پرۆسەیە بەتایبەت رۆڵى بەڕێز سەرۆک کۆمارى عێراق و جێگرى دوەمى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ئەندامانی فراکسیۆنە کوردییەکان لە لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

وابڕیارە لێژنەکانى حکومەتى عێراقدا لەماوەى ئەم هەفتەیەدا سەردانى زانکۆکان بکەن و لەلایەن وەزارەتیشەوە زانکۆکان ڕاسپێردراون بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاری و هاوکاریکردنی لێژنە پسپۆرەکان بەمەبەستی خێرا بەڕێوەچوونی ڕێککارە پێویستەکان.