نوفمبر 2016

لە کارنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران دەکرێت

كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك زانكۆ تایبه‌ته‌كان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەى لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکانى کوردستان، وەک بەشێک لە کارنامەى کارکردن پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران/قوتابیانى ڕاگەیاند، ئامانج لە دامەزراندنى ئەم سندوقە، هاوکارى و پشتیوانى خوێندکاران و ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترە بۆیان.

ئەو ڕاگەیاندنەوەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (٢٩/٧/٢٠١٩) لەمیانى کۆبونەوەیەک هات لەگەڵ سەرۆک زانکۆ تایبەتەکانى کوردستان، بە مەبەستى وەرگرتنى ڕاو و پێشنیازى زانکۆ تایبەتەکان بۆ ئامادەکردنى پلانى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت ڕێکخرابوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم لەگەڵ ئێوە کۆدەبمەوە بۆ ئەوەى گیانى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوانماندا قوڵبکەینەوە، و مەڵۆیەکى تر بخەیەنە سەر خزمەتى خوێندنى باڵاى کوردستان، وتیشی: زانکۆ تایبەتەکان هاوبەشێکى گرنگى گەشەپێدانى خوێندنى باڵا و کۆمەڵگەى ئەکادیمى کوردستانن، بەشداری دەکەن لەپەرەپێدانى تواناو پێگەیاندنى نەوەى تازە لە هەرێمەکەمان و بەشدارن لە ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ رۆڵەکانى ئەم وڵاتەمان، بۆیە دەبێت لە ئاست چاوەڕوانى خەڵکى کوردستاندابن.

کەرتى تایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا رۆڵى زیاترى دەبێت

د. ئارام محمد زیاتر ئاماژەى بەگرنگى کەرتى تایبەت کردو وتى: باوەڕمان وایە کە وەبەرهێنانى کەرتى تایبەت لەبوارى خوێندنى باڵا دەبێت رۆڵ و پێگەى زیاترى هەبێت و پشتیوانى باشتر بکرێت، بۆ ئەمەش وەک وەزارەتەکەمان زەمینەى هاوکارى و هەماهەنگیتان بۆ دەڕەخسێنین، چونکە ئامانجى سەرەکیمان خزمەتکردنە بەکەرتى خوێندنى باڵا لە کوردستان، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە زانکۆ تایبەتەکان کرد له‌چوارچێوه‌ی یاسا و بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی گرنگى زیاتر بە کوالێتى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانیان بدەن و ئەو سیستم و پرۆگرامە نێودەوڵەتیانەى لە زانکۆکان کار بۆ جێبەجێ کردنیان کراوە پەرەى زیاترى پێبدرێت، بەتایبەت جێبەجێکردنى بۆڵۆنیا پرۆسێس و بەجیهانی کردنى زانکۆکان و ببنە مۆدێلێکى نوێى سیستمى خوێندنى باڵا لە هەرێمەکەمان.

پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران دەکرێت

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا لەگەڵ سەرۆک زانکۆ تایبەتەکان، د. ئارام محمد وەک بەشێک لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران/قوتابیانى ڕاگه‌یاند، بۆ ئەمەش وتى: ئامانج لە دامەزراندنى ئەم سندوقە، هاوکارى و پشتیوانیکردنى خوێندکاران و قوتابیانە بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆیان، ڕوونیشی كرده‌وه‌: كه‌ ئەم سندوقە بەبەشدارى حکومەت و کەرتى تایبەت لەنێویشیاندا زانکۆ تایبەتەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى هاوکار دەبن پێکدێت،و لەڕێگەى ئەنجومەنێکەوە کارەکانى ڕاییدەکرێت، وتیشى: لە داهاتودا ئالیەتى گونجاو بۆ کارەکانى ئەم سندوقە لەڕووى کارگێڕى و دارایى ئامادەدەکرێت، کە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکى تەواو شەفاف و زەماناتى حکومییەوە کارەکانى بەڕێوەدەبردرێن.

بۆ کۆکردنەوەى پێشنیازى زانکۆ تایبەتەکان لێژنەیەک پێکهێنرا

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ئامادەکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردن ئاماژەى بەوەکرد، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانى راسپاردوە بەرنامەی كارەكانی وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەین بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بۆ ئەمەش وتى: بەمەبەستى دانانى پلانى ستراتیژى و درێژخایەن و پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان لەڕوى کوالێتى و گەشەکردنى توێژینەوەى زانستى، خەون و ئومێدى زۆرمان هەیە، بەڵام دەبێت توانا مادى و مرۆییەکانى وڵاتەکەمان لەبەرچاو بێت و ئەو پرۆژەو پلانانە جێبەجێ بکەین کە گرنگ و هەنوکەین و پێداویستیەکانى بازاڕى کارى کوردستان پڕدەکەنه‌وە، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وتى: دەمانەوێت زۆرترین دەرفەت و هەل بڕەخسێنین بۆ ئەوەى پەیوەندى نێوان زانکۆ و بازاڕى کار بچێتە قۆناخێکى دیکەو بەشەکانمان بەپێى پێداویستى بازاڕى کارى کوردستان بێت.

لەبارەى درافتى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د. ئارام محمد ڕایگەیاند: ئەم دڕافتەى ئامادەکراوە بە بیرو بۆچوون و تێبینى زانکۆ تایبەتەکان زیاتر دەوڵەمەند دەکرێت، بۆ ئەمەش لێژنەیەک لە زانکۆ تایبەتەکان پێکدێت بۆ ئەوەى پێشنیازو بیرو بۆچونى زانکۆکان کۆبکاتەوەو لەناو دڕافتەکەی وه‌زاره‌ت جێگەى بۆ بکرێتەوە.

 

کارنامەى چوار ساڵى کاکردن گفتوگۆى لەبارەوەکرا

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا هەریەک ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و سەرۆک زانکۆ تایبەتەکان، ڕاو پێشنیازى خۆیان لەبارەى خاڵە سەرەکییەکانى دڕافتى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشکەشکرد.