نوفمبر 2016

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێکى گرنگى دەکرد

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت 113

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستپێکردنەوەى خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى کوردستان ڕاگەیاند، بەتایبەت بۆ ئەو بەش و کۆلێژانەى کە پێویستى هەنوکەیى بازاڕى کارى کوردستانن.

 

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (17/6/2019) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت هات كە لە قەزاى دۆکان بەڕێوەچو.

 

کۆتایى ئەمساڵ خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى کوردستان دەستپێدەکاتەوە

لەسەرەتاى کۆبونەوەکە د. یوسف گۆران سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ئاماژەى بە پێویستى دەرکردنى ڕێنمایى تازە بۆ کردنەوەى خوێندنى ماستەر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) دوپاکردەوە و ڕایگەیاند: لە کۆتایى ئەمساڵ بەپێى مەرج و ڕێنمایى تازە دەستپێکردنەوەى خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو بەش و پسپۆڕیانەى پێویستى هەنوکەیى بازاڕى کارى کوردستانن.

 

خوێندكاران به‌پێی پلان و پێداویستى پسپۆڕى دەتوانن لە دەرەوەى وڵات بخوێنن

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا تاوتوێی پلانى زانکۆکان بۆ خوێندنى باڵا ماستەر/ دکتۆرا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پێویستى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان كرا، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران وتی: بەهۆى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر داواکارى بۆ خوێندن لە دەرەوەى وڵات هه‌یه‌، بۆیه‌ دەبێـت لێره‌ به‌دواوه‌ بەپێى پلان و پێویستى زانکۆکان، مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران بۆ خوێندن ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێن، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: هەر کۆلێژ و بەشێک پلانى خۆى بەپێى پێویستى بۆ وه‌زاره‌ت به‌رز ده‌كاته‌وه‌، له‌ وه‌زاره‌تیش لەسەر بنەماى ئەو پلانە ڕەزامەندى دەدرێت، وتیشی ئامانج له‌و كاره‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمە وەک ئەنجومەنى وەزارەت دەمانەوێت بەپێى پێویستى خەڵک ڕه‌وانه‌ی دەرەوەى وڵات بكه‌ین، ئاشكراشیكرد بۆ ئه‌و خوازیارانه‌ی له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ فه‌رمانبه‌رن، داوامان كردوه‌ وه‌زاره‌ته‌كان پلانه‌كانیان بۆ وه‌زاره‌تی پلاندان ڕه‌وانه‌ بكه‌ن، تا دواتر به‌پێی پلان و پێویستی پسپۆڕییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان مۆڵه‌ت بدرێ به‌خوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 

وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ وپەیمانگە حکومى و تایبەتەکان

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ سیستمی وه‌رگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان كرد و وتی: بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران له‌ زوترین كاتدا ده‌ست به‌خوێندن بكه‌ن، به‌تایبه‌ت خوێندكارانی قۆناخی یه‌كه‌م، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگه‌یاند: ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندكاران له‌ كاتی خوێدا كارئاسانیمان بۆ ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆكان، بۆ ئه‌وه‌ش دوای تاوتوێكردنی لایه‌نه‌كانی بابه‌ته‌كه‌و خستنه‌ڕوی  پێشنیازه‌كانی لێژنه‌ی باڵای وه‌رگرتن، كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌یدا:

-     سیستمى کردیتیت بۆ سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکان لە زانکۆکان بەردەوام دەبێت، بە رەچاوکردنى تایبەتمەندیەتى بەشە پزیشکییەکان.

-     بەهۆى ئەوەى زانکۆى چەرمو (بۆلۆنیا پرۆسیس) جێبه‌جێ ده‌كات و له‌ (1/9) ده‌ست به‌خوێندن ده‌كه‌ن، ته‌نها ده‌رچوانی خولی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ و ساڵانی پیشتر وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای خۆیان‌.

 

ڕێکخستنەوەى پەیکەرى کارگێڕى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا

پرسی ڕێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی لە دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەوەرێکى دیکە بوو لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەو بارەیەوە د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فه‌رمانگه‌ی کارگێڕى دارایى ئاماژەى بەوە کرد لەگەڵ وەزارەتى دارایى بەردەوامن لەگفتوگۆکردن، تایبەت بە زانکۆکانیش وتى زانکۆکان تایبەتمەندییان هەیەو هەر یەک لە زانکۆکان پلان و بەرنامەى تایبەت بەخۆیان هەیەو بەرپرسن لە داڕشتنى پەیکەرى کارگێڕى خۆی 

لێژنەى تایبەتمەند ڕوپێوى بۆ زانینى ژمارەکەیان دەکات

لەبارەى پێدانى نازناوى زانستى بۆ ئەوانەى کە کۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە (٦٠%) کەمترە، دواى خستنەڕوى پێشنیازى لێژنەى تایبەتمەند کە پێشوتر بۆ ئەم مەبەستە دیاریکرابو، دواى گفتوگۆ و وەرگرتنى سەرنج و پێشنیارەکان بڕیاردرا دواى زانینى ژمارەى ئەو کەسانە بڕیار لەبارەى ئەم بابەتەوە دەدرێت.

بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى بۆ خوێندکارانى دکتۆرا

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لەو زانکۆیانەى كە خوێندکارى دکتۆرایان هەیە، دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا خوێندکارى دکتۆرا دەبێت توێژینەوەیەک لە (ثۆمسۆن ریۆتەر) بڵاوبکاتەوە، ئەگەر توێژینەوەى لە (ثۆمسۆن ریۆتەر) نەبوو پێویستە دوو توێژینەوە یەکێک لە (سکۆپەس) و ئەوى تریان توێژینەوەیەکى (مەحکەم) بەپێى پێوەرەکانى (نور) تایبەت بە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بڵاوبکاتەوە.

 

بڕیاره‌كانی ترى ئەنجومەنى وەزارەت تایبەت بە کاروبارى زانستى و خوێندکاران

له‌ بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا و لە ته‌وه‌ری تایبه‌ت به‌کاروباری زانستى و  قوتابیان/ خوێندکاران چه‌ند بابه‌تێك تاوتوێكران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.