نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: فێربونى زمانى ئینگلیزی وەک زمانى زانست و سەردەم بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگە گرنگە

خولی په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئێمە وەک میللەتێک کە بمانەوێت دوانەکەوین و، لەگەڵ پێشکەوتنەکان هەنگاو بنێین پێویستە هەمو ئامرازەکان بەدەستبێنین، فێربونى زمانى ئینگلیزیش وەک زمانێکى سەردەم و زمانى زانست بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگە گرنگە و، بۆیه‌ پێویستە ئەو کەسانەى، كه‌ ده‌یانەوێت دانەبڕێن لە پێشکەوتنەکان  هەوڵى فێربونى ئەم زمانە بدەن.

ئەم وتانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى مەراسیمێکى تایبەتدا داهات، کە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (18/12/2018) لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەت بە ئامادەبونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و، سەرجەم بەڕێوەبەرەکان  به‌ڕێوه‌چو و، تیایدا بڕوانامەى کۆتایى هاتنى خولى بەهێزکردنى زمانى ئینگلیزى به‌سه‌ر فەرمانبەرانى به‌شداربوی خولی په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی دابەشکرا.

لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەکیشدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەمومان دەزانین خولى زمانى ئینگلیزى یەکێک بوە لە بایەخە هەرە گرنگەکانى وەزارەت و، هەمیشە ئێمە کارمان بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى په‌ره‌پێدانی زمانى ئینگلیزى بۆ هەمو لایەک کردۆتەوە و، کار و هەوڵى جدیشمان لەو پێناوە ناوە، چونکە ڕونە زمانى ئینگلیزى زمانى زانست و سیاسەت و بازرگانى و تەواوى لایەنەکانە، کە کار بۆ پێشکەوتنى دەکرێت، وتیشى: ئێمە وەک میللەتێک کە بمانەوێت دوانەکەوین و، لەگەڵ پێشکەوتنەکان هەنگاو بنێین پێویستە هەمو ئامرازەکان بەدەستبێنین ، فێربونى زمانى ئینگلیزیش وەک زمانێکى سەردەم و زمانى زانست بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگە گرنگە، بۆیه‌ پێویستە ئەو کەسانەى بیانەوێت دانەبڕێن لە پێشکەوتنەکان  هەوڵى فێربونى ئەم زمانە بدەن.

بەهێنانەوەى چەند نمونەیەکى دیار کە لەسەرەتاوه‌ هەوڵى فێربونى زمانیان داوە و، دواتر بۆنه‌تە هۆکارێک بۆ دۆزینەوەى کارێکى باش و، ڕەخساندنى ده‌رفه‌تی خوێندنى زیاتر ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى درێژەى بە وتەکه‌یدا و، لەبه‌ر ڕۆشنایى ئەوەشدا گرنگى فێربونى زمانى دوەم بەتایبەت زمانى ئینگلیزى ڕون کردەوە و، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: زمان دەرگایەکە و بەکرانەوەى زۆرشت به‌دەست دێت، بەتایبەت ئێمە كه‌ ئێستا لە چەرخى تەکنەلۆجیاداین و، هەمو پەیوەندیەکانمان بازرگانە گەورەکان و، پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانمان بەو زمانە واتە بەزمانى ئینگلیزیە و ڕونیشە ئەم زمانە زمانى زانست و سەردەمە.

لە کۆتایى وتەکه‌یدا د.یوسف گۆران سوپاسى ڕێکخراوى ئیمیدێستى کرد، کە خولەکەى بەڕێوەبرد، هاوکات دەست خۆشى و پێزانینى ئاڕاستەى بەشداربونى خولەکە کرد و، داواى لێکردن دابڕاو نەبن لە فێربون و، بەردەوامبن و ڕاشیگەیاند: دەبێت ئەم کارانە بەردەوام بن و، هەوڵ بدرێت لە تەواوى زانکۆکان پەرە بەزمان و فێربونى بدرێت.

دواتریش ( كریستۆڤه‌ر لیتۆلی) سەرپەرشتیارى ڕێکخراوى ئیمیدێست لە ئێراق لەمیانه‌ى پێشکەشکردنى وتەیەکدا ڕۆڵ و گرنگى فێربونى زمانى ئینگلیزی ڕونکردەوە و، ئەوەى ڕاگەیاند، کە زمان گرنگە بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و سیاسەت و بازرگانى گه‌شت و خوێندن و زانست.

لەکۆتایى مەراسیمەکەشدا لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى دەرچون و تەواوکردنى خول بەسەر بەشداربوانی خولی په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی  دابەشكرا، كه‌ ژماره‌یان (67) كه‌س بو.

خولى فێربون و بەهێزکردنى زمانى ئینگلیزى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهاوکارى ڕێکخراوى ئیمیدێست بۆماوەى (3) سێ مانگ بەردەوام بو، کە تیایدا بەشێوازێکى مۆدێرن و، لەلایەن مامۆستایانى پسپۆڕ وانە بە فەرمانبەرانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەوترانەوە.