نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: کاردەکەین تا کوردستان بکەینە ناوەندێکى نێوه‌ده‌وڵه‌تی بۆ خوێندنى باڵا لە ناوچەکەدا

كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زانکۆى (ڤارۆنیش)ى ڕوسیا

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى ئارامە و, ژینگەیەکى لەبارەى بۆ خوێندن و پێشکەوتن هەیە, بۆیە کاردەکەین تا کوردستان بکەینە ناوەندێکى نێوده‌وڵه‌تی بۆ خوێندنى باڵا لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ سێشەممە, ڕێکەوتى (٦/١١/٢٠١٨) د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە (د.ردیونف ڤلادیمیر ڤالنتینوفیتش) لە زانکۆى (ڤارۆنیش)ى ڕوسیا و، ڕاگرى پەیمانگەى خوێندنى نێودەڵەتى.

لە دیدارێکدا، کە د. ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و, د.موفق خالید سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین و, د.محمد سەعدون لە سێنتەرى خوێندنى سەربازى لە زانکۆى(ڤارۆنیش) ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکان کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و, لەسەرەتاى دیدارەکەدا, (د.ردیونف ڤلادیمیر ڤالنتینوفیتش) خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە دەربڕى و وتى: سەرسامم بەو پێشکەوتن و دۆخە ئارامەى لە کوردستان هەیە, وتیشى دەزانین دۆخى خوێندنى باڵا لە کوردستان لە چ ئاستێکى پێشکەوتودایە و, پێگەیەکى دیاریشى لەسەر ئاستى خوێندنى باڵا-ى ئێراق هەیە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا, (د.ردیونف ڤلادیمیر ڤالنتینوفیتش) کورتە باسێکى لەبارەى مێژوى دامەزراندنى زانکۆکەیان و ئەو بەش و کۆلێجانە کرد کە لە زانکۆکەیان هەیە, وتیشى زانکۆکەمان پەیوەندییەکى نێودەوڵەتى فراوانى لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەتایبەت لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە, وتیشى ئامانجەمان لەم سەردانە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان.

لە بەرامبەردا, د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان وتى: وەک پێشتر ڕامانگەیاندوە وەزارەتەکەمان دەرگاى بەڕوى ئەو زانکۆیانە کراوەیە کە لە ڕیزبەندى زانکۆ پێشکەوتوەکانى دونیان, هەر لەمیانەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لەو کاروچالاکى و پەیوەندیانە کرد کە وەزارەتەکەى لەگەڵ وڵاتانى دونیا هەیەتى, ڕونیشیکردەوە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پەیوەندى باشیان لەگەڵ زانکۆکانى روسیا هەیە بەتایبەت لە بوارى توێژینەوە, وتیشى هانى زانکۆکانمان دەدەین پەیوەندییەکانیان لەگەڵتان فراوان بکەن.  

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا, د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى ئارامە و, ژینگەیەکى لەبارەى بۆ خوێندن و پێشکەوتن هەیە, بۆیە کاردەکەین تا کوردستان بکەینە ناوەندێکى نێوده‌وڵه‌تی بۆ خوێندنى باڵا لە ناوچەکەدا, هەر لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک لە زانکۆ ئاستبەرزەکانى جیهان لقیان لە کوردستان کردۆتەوە و, سەدانى ستافى زانستى نێودەوڵەتى لەو زانکۆیانە وانە دەڵێننەوە, بۆ ئەوەش هانى نوێنەرى زانکۆى (ڤارۆنیش)ى ڕوسى دا, کردنەوەى لقێکى زانکۆکەیان لە کوردستان کارى لەسەر بکەن, وتیشى وەزارەت لەچوارچێوەى ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا کارئاسانى تەواوتان بۆ دەکات بەو مەرجەى بەهەمان کواڵیتى و ستافى زانستى زانکۆى دایک بێ, هیواشى خواست کاربکەن بۆ کردنەوەى بەشى زمانى ڕوسى لە یەکێک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.