نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: تا ئێستا ڕێژەى (٤٠%) کاندیدانى ماستەر توانیوانە نمرەى ئاستى پێویستى زمانى ئینگلیزى بەدەستبهێنن

xwli zmani engilzi

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەپێى دواین ئامار لە نێوەى یەکەمى ساڵى (٢٠١٧) ڕێژەى (٤٠%) کاندیدەکانى ماستەر توانیوانە نمرەى ئاستى پێویستى زمان بەدەستبهێنن، هەروەک پێشبینى دەکەین لە نیوەى دوەمى ساڵى (٢٠١٧) ڕێژەکە زۆر زیاتر بەرز بێتەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دو شەممە، ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠١٧) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا هات، کە تایبەت بو بەکۆتایهێنان بەیەکەم خولى پەرەپێدانى تواناى زمانى ئینگلیزى.

لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبونى ڕاوێژکاران و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەکان و بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیەکان و، سەرپەرشتیارى سێنتەرى ئەمدیست بەڕێوەچو، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا دواى پیرۆزبایکردن لە بەشداربوانى خولەکە، هیواى خواست بەسود وەرگرتن لە ئەزمونى خولەکە بەشداربوان پەرە بەتوانا ئەکادیمى و کارگێڕییەکانى خۆیان بدەن، هەر لە وتەکەیدا ئەم هەنگاوەى وەزارەتەکەمان لە چوارچێوەى بەرنامەکانمانە بۆ گرنگیدان بەزمانى ئینگلیزى وەک زمانى دوەم و زمانى گەیشتن بەسەرچاوە زانستیە نوێیەکان لە هەمو بوار و پسپۆڕییەکان، وتیشى بۆ ئەوەى بتوانین لەگەڵ گەشەکردنى بەردەوامى زانست بڕۆین و، دەستمان بەسەرچاوە زانستیە ڕەسەنەکان لە بوارە جیاکان بگات پێویستمان بەوەیە نەوەى نوێى مامۆستایان و توێژەرانى زانکۆکانى کوردستان بەباشى زمانى دوەم بزانن، بەتایبەت زمانى ئینگلیزى.

هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ئێستادا وەزارەتەکەمان پرۆژەى گەیشتن بەسەرچاوە زانستیە ئاستەبەرزەکانى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەوەش لە ڕێگەى ئیمزاکردنى گرێبەستى ئەو پرۆژەیە لەگەڵ دامەزراوەى (EBSCO)ى جیهانى، بەوەش لەمەودا توێژەرەکانمان دەتوانن بەشێوەیەککى یاسایى دەستیان بەباشترین توێژینەوە و بڵاوکراوەکانى دونیا بگات، کە لە گۆڤارە ئاستبەرزەکاندا بڵاودەکرێنەوە، وتیشى ئێمە کاتێک دەتوانین بەشێوەیەکى دروست سود لەو سەرچاوانە وەربگرین ئەگەر مامۆستایانمان توانیان پەرە بەئاستى توانستى زمانى ئینگلیزیان بدەن، بەو هۆیەشەوە دەتوانن بەشدارى ڕەسەن لە بەرهەمهێنانى مەعریفە بکەن، د.یوسف گۆران جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گرنگیدان بە پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى بەردەوام دەبێت بەتایبەت لە چوارچێوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا وەک مەرجى پێشوەختى دەستپێکرددنى خوێندنى ئەکادیمى.

هەر لە وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وتى: جێگەى خۆشحاڵیە ککە بەپێیى دواین ئامار لە خوێندنى باڵا تا ئێستا نزیکەى ڕێژەى (٤٠%) ى کاندیدەکانى ماستەر و ڕێژەى (٢٧%) کاندیدەکانى دکتۆرا توانیویانە ئاستى دیاریکراو لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى بەدەست بهێنن، ئەوەش ئەنجامێکى دلخۆشکەر و ئێمە شانازى دەکەین کە لە ماوەى ڕابردودا دەرفەتى گەشەپێدانى زمانى ئینگلیزى بڕخسێنین.

لە کۆتایى وتارەکەشیدا، پێرۆزباى لە دەرچوان کرد و، بەڵێنیشیدا بەردەوامى بەو جۆرە خولانە بدەن لە پێناو بەرزکردنەوەى ئاستى زمانى ئینگلیزى فەرمانبەران. 

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، کریس سەرۆپەرشتیارى سێنتەرى ئیمەدیست-ى ئەمریکى لە کوردستان باسى لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى خولەکەى کرد و، دڵخۆشى خۆى دەربڕى کە توانیان بەسەرکەوتوى خولە بەڕێوەبەرن، هەروەک سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە هەماهەنگى بەردەوامیان بون لە پێناو سەرخستنى خولەکە.

پاشان دیار یوسف میرزا یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى بەناوى بەشداربوانى خولەکە، سوپاسى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.خەتاب شێخانى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، سەرجەم بەڕێوەبەرەکانى دیوانى وەزارەتى کرد بۆ کردنەوە و، سەرەپرشتیکردن و ڕێکخستنى خولى پەرەپێدانى تواناى زمانى ئینگلیزى، هەروەک سوپاسى مامۆستایان و سەرەپرشتیارانى سێنتەرى ئەمدیستى کرد، کە لەماوى ڕابردودا بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى بەشداربوانى خولەکەیان فێرى بنەماکانى زمانى ئینگلیزى کرد، ڕونیشیکردەوە کردنەوەى ئەو جۆرە خولانە سەربارى ئەوەى بۆ لایەنى پەرەپێدانى تواناى ئەکادیمى گرنگە، لەهەمان کاتدا بۆ لایەنى کارگێڕى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بەهاوڵاتیانیش سود بەخش دەبێ، بۆ ئەوەش داواى کرد کردنەوەى ئەو جۆرە خولانە بۆ فەرمانبەرانى وەزارەت بەردەوامى پێ بدرێت.

لە بەشى کۆتایى مەراسیمەکەشدا بڕوانامەى بەشداربون لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، لێپراسراوانى ئامادەبو بەسەر یەکە یەکەى بەشداربواندا دابەش کرا.

دواجاریش د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا بەگرنگیەوە باسى لە خولەکە کرد و، وتیشى تەواوکردنى ئەم خولە دەسکەوتێکى گەورەیە کە لە کوردستان بەدیهاتوە و، لەناوخۆى کوردستان دەتوانرێ ئاستى زمان بەرز بکرێتەوە.

لە چەند مانگى ڕابردودا و، بۆ بەرزکردنەوەی توانای فەرمانبەران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خولێکی پەرەپێدانی توانای زمانی ئینگلیزی کردەوە.

خولەکە لەلایەن ژمارەیەک لە مامۆستا و پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی لە ڕێکخراوی (ئەمدیست) دەوترانەوە و، لە چوارچێوەی خولەکە و لە میانەی پێشکەشکردنی بابەت و لایەنەکانی زمان، فەرمانبەرانی وەزارەت فێری زمانی ئینگلیزی کران.

کردنەوەی ئەم خولە بۆ پەرەپێدانی توانای فەرمانبەران، بەشێکە لە پلانی ستراتیژی وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی و توانای فەرمانبەران بۆ تێکەڵبون و ئاشنابون بەکەلتور و ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتو.