کۆمیتەى پێداچونەوە بە پرۆگرام و بەشە زانستیەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە دوەمین کۆبونەوەى خۆیدا چەند ڕاسپاردەیەکى دەرکرد.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕ دووشەممە ڕێکەوتى (٢٤/٧/٢٠١٧) بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، پێشنیازى یەکخستنى بەشە هاوشێوەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکان و، دەستنیشانکردنى ڕەگەز و شوێنى نیشتەجێبونى بۆ کارى چالاکى کشتوکاڵى پەسند کرد.
لەو کۆبونەوەیەى کۆمیتەى پێداچونەوە بە پرۆگرام و بەشە زانستیەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵدا، کە بەئامادەبونى د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ڕاگرى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچو، هەریەکە لە ڕاگرى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ ڕاپۆرتى تایبەتیان لەبارەى ئەنجامى پێداچونەوە و چۆنیەتى پەرەپێدانى کۆلێژەکانیان خستەڕو.
لە کۆى ڕاپۆرتەکاندا پێشنیازى گۆڕینى پرۆگرامەکانى خوێندن لە بەشە هاوشێوەکان و یەکخستنیان بەپێى تایبەتمەندیتى و شوێنى جوگرافى هەریەک لە زانکۆکان کرا، هەروەک داواشکرا بۆ گفتوگۆى زیاتر و دەوڵەمەندکردنى پڕۆژەکان و بەشداریپێکردنى تەواوى سەرۆک بەشەکان و، مامۆستایەکى بەئەزمون لە هەریەک لە بەشەکان، وۆرک شۆپێک ڕێبکبخرێت و، تیایدا بڕیار لەسەر دواین پێشنیاز بدرێت و، دواتر لە پڕۆژەیەکدا گەڵاڵە بکرێ تا بڕیارى لەسەر بدرێت .
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشتى تەواوى خۆى بۆ کارەکانى کۆمیتەکە دوپاتکردەوە و وتى: بۆ ئەوەى بتوانین کادیرى پێشکەوتى کشتوکاڵى بۆ وڵاتەکەمان دروست بکەین دەبێ پلانى درێژخایان بۆ بوژانەوەى سەرخانى کشتوکاڵى دابڕێژین، وتیشى لەو پلانەشماندا پێویستمان بە هەڵسەنگاندن و پێداچونەوە بە کارەکان و پرۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ هەیە، بەشێوەیەک دەبێ پڕۆگرامەکانى خوێندن لەو کۆلێژانە دابڕێژینەوە، کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانى سەردەم لەسەرجەم سێکتەرەکانى کشتوکاڵ هاوتەریب بێ، ئاشکراشیکرد لەئەنجامى ئەو ئەرکەدا دەتوانین باشتر کادرى ئەکادیمى و بەسود بۆ بازاڕى کار و بەرهەمهێنان پێ بگەێنین، بەوەش دەتوانین بگگەینە قۆناخى خودبژێوى و ئاسایشى خۆراکیش بۆ گەلەکەمان مسۆگەر بکەین، لەهەمان کاتدا دەرفەتى کاریش بۆ دەرچوانى ئەو کۆلێژانە باشتر لە بازاڕى کاردرا دابین دەکەین.
لە کۆتایشدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە ئەندامانى کۆمیتەکە وتى: پێوستە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێم دیراسەى وردى بارودۆخى دارایى و ئابورى ولایەنى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان بکەن تا بتوانن لەسەر ئەو بنەمایە نەخشە ڕێگەى پلانەکانیان دیارى بکەن، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە دەبێ کۆلێژەکانى کشتوکاڵ تایبەتمەندێتى خۆیان لەڕوى شوێنى جوگرافى و بایەخى بەشەکان بۆ هەر شوێنێک و، ئەو کەسانەى هەڵدەبژێردرێن بۆ بون بە خوێندکار لە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ هەبێ.
لەبەشى کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، د. کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیر و ئەندامى کۆمیتەکە باسى لە ئامادەکارییەکان و پلان و کارنامەى وۆرک شۆپەکە کردو، لە کۆتایشدا بڕیاردرا ڕاگرى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ کارنامەیەکى هاوبەش بۆ گفتوگۆ و بڕیاردران بۆ وۆرکشۆپەکە ئامادە بکەن.