نوفمبر 2016

بڕوانامەى ساختەى زمانى ئینگلیزى پێشکەش بە وەزارەت و زانکۆکان کراون

logoy wezratt nwe

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت دواى بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەى تاقیکردنەوەى توانستى زمانى ئینگلیزى کاندید و خوێندکارانى خوێندنى باڵا/ماستەر و دکتۆرا دەرکەوت ژمارەیەک لە بڕوانامەکان ساختەن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دواى بەدواداچونێکى ورد و ئەنجامدانى ڕاست و دروستى (صحة صدور) بۆ بڕوانامەى تاقیکردنەوەى توانستى زمانى ئینگلیزى ((TOEFL-iBT, TOEFL-PBT, IELTS, PEARSON-PTE، کە لە ناوەراست و باشورى ئێراق و ناوەوەى هەرێمى کوردستان لەلایەن پێشکەشکاران بەدەست هێنراون بۆ وەرگرتن لە خوێندنى باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2016-2017)، دەرکەوت دەیان لەو بڕوانامانەى توانستى زمانى ئینگلیزى بە شێوەى ساختە بەدەست هێنراون و پێشکەش بە وەزارەت و ژمارەیەک لە زانکۆکان کراون، وتیشى لە ئێستادا کاروبارەکانى ئەم پڕۆسەیە کۆتایی پێهاتوە و، لە ماوەیەکى نزیک کارى پێویست ئەنجام دەدرێت.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: چارەنوسی ئەو کاندید و خوێندکار و قوتابیانەى خوێندنى باڵا کە بەڵگەى ساختەی زمانیان پێشکەش کردوە بەپێى رێنمایی ژمارە (٤)ى ساڵى (2016)ى خوێندنى ماستەر و، رێنمایی ژمارە (5)ى خوێندنى دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧)، کە لە رۆژنامەى فەرمى (وەقایعی کوردستان) بڵاوکراوەنەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، وەک لە ڕێنماییەکاندا هاتوە "هەر پێشکەشکارێک هەر  جۆرە زانیاریەکى نادروست و بڕوانامەى ساختەى توانستى زمانى ئینگلیزى پێشکەش بکات، ئەوا سرینەوەى ناوى لە خوێندن بۆ دەکرێت و، بەرپرسیاریەتى یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ و، بە پێى یاسا و ڕێنماییەکان ڕێککاری یاسایی بەرامبەر دەگيرێتەبەر".