نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: ئێمە حکومەتێکى بچوک، بەڵام چالاکمان ئەوێ

kobwnewe legel zanko taybetekan

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەى ڕۆڵى کەرتى تایبەت لە بەڕێوەبردنى کۆمەڵگە ڕایگەیاند: لە کۆمەڵگە پێشکەتوەکاندا کەرتى تایبەت ڕۆڵى گرنگ و گەورەیان لە بەرێوەبردن هەیە، لە هەرێمى کوردستانیش ژینگەیەکى لەبارەى بۆ کەرتى تایبەت ڕەخساوە، بۆیە ئەخوازین هاوشێوەى کەرتەکانى دیکە، کەرتى خوێندنى باڵا لە کوردستان ڕۆڵێکى زیاتر بگێڕێ.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٨/٢/٢٠١٧) لە میانەى بەڕێوەچونى کۆبونەوەیەکى لەگەڵ سەرۆکى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان هات.

لە کۆبونەوەکەدا، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، د.جەمال کەمال یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، سەرۆک و نوێنەرى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى دۆخى خوێندنى تایبەت لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و، بارودۆخى کەس وکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرا.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، ئەحمەد مام ڕەسول بەڕێوەبەرى گشتى زیندانیە سیاسیەکان لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان وتەیەکى پێشکەش کرد و، لە وتەکەیدا سەربارى نرخاندنى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، زانکۆ تایبەتەکان بۆ هاریکاریکردنى کەس وکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسى، داواشى کرد بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) پێشنیازى بۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد داشکاندنێکى تایبەت بۆ کەس وکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیندانیانى سیاسى بکەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران کارنامەى وەزارەتەکەى بۆ ساڵى نوێ بەئامادەبوانى کۆبونەوەکەى ڕاگەیاندن و وتى: پڕۆژەى بەئەلکیترۆنى وەزارەتەکەمان و زانکۆکان یەکێکە لە کارە گرنگەکانى وەزارەت کە هەوڵدەدەین بەهاوکارى زانکۆکان ئەمساڵ جێبەجێی بکەین، وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى کە باس لە زانکۆکان دەکەین باس لە پەرەپێدان دەکەین، بۆیە دەبێ جیاواز لە دامەزراوەکانى دیکە کار بکەین بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانمان بۆ ئەوەى لە زوترین ماوەدا بتوانین مامەڵەى هاوڵاتیان ڕایى بکەین و، خۆمان لەگەڵ ئاراستە نوێگەرییەکاندا بگونجێنین.

د.یوسف گۆران ڕونیشکردەوە لە هەنگاوى یەکەمدا بەشێک لە خزمەتگوزارییەکان بەئەلیکترۆنى دەکەین، ئەوەش بۆ ئەوەیە پەیوەندییەکان بەپەلە بێت و، ئەرکى هاوڵاتیانیش کەم بکەینەوە بەتایبەت لە شارو زانکۆ و پەیمانگە دورە دەستەکان، لەوەشدا وەک هەنگاوى یەکەم لە دیوانى وەزارەتەوە دەستمان پێکردوەو، چەندین پڕۆپۆزەڵمان بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە وەرگرتوە، بەڵام ئەم  پڕۆژەیەى ئێمە دەستمان پێکردوە تەواو نابێ ئەگەر لە زانکۆکانیش دەست پێ نەکرێ، بۆ ئەوەش زانکۆ و پەیمانگەکانى ڕاسپاردە هەنگاو بەهەنگاو کار بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانیان بکەن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى دیدى ئێمە بۆ زانکۆ تایبەتەکان جیاوازە، ڕونیشیکردەوە ئێمە نامانەوێ زانکۆ تایبەتەکان کۆپى کراوى زانکۆ حکومیەکان بن، بەڵکو زانکۆ تایبەتەکان دەتوانن سیستمى بەڕێوەبردنیان جیاواز بێ.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە حکومەت ئەو دیدەمان هەیە، کە کەرتى گشتى ناتوانێ هەمو ئەرکەکان جێبەجێ بکات، ئەگەر جێبەجێشى بکات ناتوانێ بە کواڵیتیەکى بەرز جێبەجێیان بکات، بۆیە ئێمە حکومەتێکى بچوک، بەڵام چاکمان ئەوێ، ئەمەیە دیدى حکومەت بۆ کەرتى تایبەت.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى لەبەر ڕۆشنایى ئەو دیدەى سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەمان دیدمان بۆ کەرتى خوێندنی باڵا-ش هەیە و، دەمانەوێ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ڕۆڵێکى جیاواز بگێڕن، بەشێوەیەک نەک هەر مەعریفە، بەڵکو ئابورى کوردستانیش بەهێز بکەن، د.یوسف گۆران وتى: چاوەمان لەوەیە زانکۆ و پەیمانگە لە شارەکانى دیکەى ئێراق و وڵاتانى ناوچکەو وڵاتانى دنیا خوێندکار بێنە کوردستان بخوێنن، لەهەمان کاتدا دەمانەوێ خوێندنى باڵا وەک کەرتێکى دیکەى ئابورى، بەهێزى بکەین، چوونکە لە کوردستان ژینگەیەکە لەبار بۆ بەهێزکردنى کەرتى خوێندنى تایبەت هەیە، بەهێزکردنى ئەو کەرتەش بۆ کۆمەڵگەکەمان و بۆ زانکۆکانیشمان پێویستە.