نوفمبر 2016

پيرۆزبايی وه‌زيری خوێندنی باڵا به‌بۆنه‌ی هاتنى ساڵی نوێ

jenabi weziri xwindni balal

مامۆستايانی به‌ڕێز...

خوێندكارانی خۆشه‌ويست...

فه‌رمانبه‌رانی ئازيز...

به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی (٢٠١٧)ه‌وه‌ پيرۆزبايی گه‌رم له‌ يه‌كه‌ يه‌كه‌تان ده‌كه‌م، به‌هيوام ساڵی نوێ ساڵی به‌ده‌يهێنانی ئاواته‌ له‌ مێژنه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و، كۆتايی هاتنی قه‌يرانه‌كان و، ساڵی ده‌سكه‌وتی زانستی و مه‌عريفی زانستخوازان بێ.

هه‌ر به‌و بۆنه‌يه‌وه‌ به‌پێويستی ده‌زانم، سوپاستان بكه‌م، كه‌ هه‌موان پێكه‌وه‌ سه‌رباری قه‌يرانی دارايی و زۆری ئاسته‌نگه‌كان، به‌ڵام له‌ هه‌وڵه‌كانتان به‌رده‌وام بون و، توانيتان درێژه‌ به‌پڕۆسه‌ی خوێندن له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن بده‌ن و، ڕێگه‌تان نه‌دا پرۆسه‌ی خوێندن په‌كی بكه‌وێ، دڵنيام ئه‌و په‌رۆشيه‌تان بۆ خوێندن و گۆشكردنی نه‌وه‌كانمان به‌زانست و زانياری نوێ، ڕويه‌كی ديكه‌ی جوانی كوردستانی ده‌رخست، كه‌ وه‌ك چۆن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی خه‌بات و مقاوه‌مه‌ت به‌رامبه‌ر به‌تێرۆرستانی داعش سه‌ركه‌وتنيان تۆماركرد و، بوونه‌ جێگه‌ی شانازی گه‌لانی دنيا، به‌هه‌مان شێوه‌ ئێوه‌ش به‌ چه‌كی زانست و زانياری ڕێگه‌تان نه‌دا هه‌ڕه‌شه‌كانی تێرۆرستان سه‌ربگرێ، به‌ڵكو هۆڵه‌كانی خوێندنتان به‌ وشه‌ی خۆشه‌ويستی و لێبورده‌يی و پێكه‌وه‌ژيان و زانست ئاوه‌دانكرده‌وه‌ و، درێژه‌تان به‌پڕۆسه‌ی خوێندن دا.

له‌ كۆتاييدا جارێكی ديكه‌ پيرۆزبايتان لێ ده‌كه‌م و، به‌هيوام ساڵی ئاينده‌ بۆ مامۆستايان و خوێندكاران و فه‌رمانبه‌ران و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ساڵێكی باشتر بێ و چرای زانستمان گه‌شتربێ، له‌هه‌مان كاتدا ئێمه‌ش له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زانست و، ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و شايسته‌ داراييه‌كانی مامۆستايان و فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام ده‌بين.

 

د.يوسف گۆران

وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی

٣١/١٢/٢٠١٦