نوفمبر 2016

سێنتەرەکانى فێربونى زمانى ئینگلیزى پێویستیان بە پێداچونەوە هەیە

pishwazi weziri xwindni balal le konsli beritanye

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە شارەکانى هەرێمى کوردستان سێنتەرى زۆر بەناوى ناوەندە گرنگە ئەکادیمى و زمانەوانییەکانى بەریتانیا کراوەنەتەوە، بەڵام لە ڕوى کواڵیتیەوە وەک پێویست نین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکى نێوان لەگەڵ (جۆرج شارپ) کونسڵى کۆنسڵگەرى گشتى بەریتانیا لە کوردستان و، (دەیڤید پاردۆ) بەڕێوەبەرى سێنتەرى ڕۆشنبیرى بەریتانى لە ئێراق هات.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٧/١٢/٢٠١٦) بەڕێوەچو، پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا تاوتوێکرا.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرهێنانى کونسڵى بەریتانیاو وەفدى هاوڕێى کرد و وتى: خۆشحاڵم کە گفتوگۆ و پەیوەندى بەردەوامان پێکەوە هەیە، هیواداریشم پەیوەندییەکانمان بەرەو ئاستى فراوانتر ببەین. هەر لە میانەى وتەکانیدا وەزیر خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە شارەکانى هەرێمى کوردستان سێنتەرى زۆر بەناوى فێربونى زمانى ئینگلیزى هەیە، زۆرێک لەو سێنتەرانە بەناوى ناوەندە گرنگە ئەکادیمى و زمانەوانییەکانى بەریتانیا کراوەتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بەو ناوەند و سێنتەرى زمانەوانیانەوە نیە، بۆیە کواڵیتیان لە ئاستى پێویست نیە، بۆ ئەوەش پێشنیازى دۆزینەوەى میکانزمێکى کرد تا لە ڕێگەیەوە ئەو سێنتەرانەى زمان ڕێک بخەنەوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: بۆ جێبەجێکردنى ئەو کارەش پاڵپشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دوپاتکردنەوە.

هەر لەو دیدارەدا وەفدەکەى کونسڵى گشتى بەریتانیا باسیان لە چۆنێتى پتەوکردنى پەیوەندییەکانیان و هەماهەنگیەکانیان بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانیان کرد بەتایبەت ئەوەى پەیوەستە بە فێربونى زمانى ئینگلیزى و تاقیکردنەوەى ئایەڵتس و، دابینکردنى زەمالەى خوێندن بۆ خوێندکارانى ئاوارەی سوریا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەپاڵشتى دارایى یەکێتیى ئەوروپا.

لە کۆتایى دیدارەکەدا کونسڵى گشتى بەریتانیا بانگهیشتنامەى ڕەسمى پێشکەشى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسى ساڵانەى خوێندنى باڵا، کە بڕیار وایە لەسەرەتایى مانگى یەکى ساڵى داهاتو لە لەندەن بەڕێوەبچێت.