نوفمبر 2016

ئەنجامى وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى لە زانکۆکان ڕاگەیندرا

University admission

 لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیەدا، کە ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕیکەوتى (٢٠/١٠/٢٠١٦) لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، تێیدا دەرئەنجامەکانى وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) ڕاگەیندرا.

لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا کە بۆ د.کەریم ساڵح عەبدول سەرۆکى لێژنەى باڵاى وەرگرتن و، د. محمد سابر بەڕیوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.خەتاب شێخانى بەڕیوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ڕیکخرابو، وردەکارى پڕۆسەى وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان ڕونکرایەوە.

لەو چوارچێوەیەداو لەسەرەتایى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، د.کەریم ساڵح عەبدول ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندن وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەستى بەئەزمونێکى نوێ کرد ئەوەش بریتى بو لە وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى بۆ هەندێ لە بەشەکانى زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەوەش بریارى پێویست دەرچو، لەسەر ئەو بنەمایەش دەرچوانى (١٢)ى ئامادەى داواکارییان پیشکەش بەو بەشانە کرد، ئینجا تاقیکردنەوەیان ئەنجام دا کە لە (٤٠) نمرەى لەسەر بو، ئێستا لیستى وەرگیراوان لەلایەن زانکۆکانەوە ئامادەکراوەو ئامادەیە بۆ ڕاگەیاندن. سەرۆکى لێژنەى باڵاى وەرگرتن ئەوەشى ڕاگەیاند لە کۆى (٥٢٠) بەش ئەو پڕۆسەیە لە (١٠٨) بەش جێبەجێکرا، کە بەهۆیەوە (٥٦٨٩) خوێندکار داواکارییان پێشکەش کردو، لە ئەنجامدا (٣٤٢٥) خوێندکار وەرگیران، بۆیە ئەوانەى بەو سیستم و ڕینمایە وەرگیراون مافى پێشکەشکرنیان لە ڕێگەى (زانکۆلای) نامینى و ناتوانن داواکارى پێشکەش بکەن، بەڵام ئەوانەى ناویان دەرنەچو مافیان نافەوتێت و دەتوانن لە ڕێگەى (زانکۆلاین) داخوازییەکانیان پێشکەش بکەن، لە کۆتایشدا د.کەریم ساڵح سوپاسى هەموو زانکۆکانى کوردستانى کرد بۆ هەماهەنگى و دڵسۆزییان لەو پڕۆسەیەدا.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د.محمد سابر وردەکارى زیاتر پرۆسەکەى ڕونکردەوەو وتى: هەوڵمانداوە وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى بەپڕۆسیەکى شەفاف بڕوات، بۆیە لە ئێستاوە دەتوانن لە ڕێگەى وێب سایتى زانکۆلاین (https://regayzanko.com/) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە، هیواشى خواست ئەو بابەتە بێتە جێگەى ڕەزامەندى هەمولایەک بەتایبەت ئەوانەى پێشکەشکشیان کردوە، چونکە بەڕێژەیەکى زۆر ئارەزوى خوێندکاران لە وەرگرتنیان ڕەچاو کراوە.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەیەدا ئەوە ئاشکرا کرا، کە لە ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٣/١٠/٢٠١٦) زانکۆلاین بۆ ماوەى (١٠) ڕۆژ کارا دەکرێ بۆ ئەوەى خوێندکاران داوا پێشکەشبکەن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧).

بۆ ئەوانەى کە تا ئێستا یوزەر نەیم و پاسۆردیان وەرنەگرتوە دەتوانن لە ئێستاوە لە ڕێگەى وێب سایتى زانکۆلاین (https://regayzanko.com/) لە ئۆپشنى (چونە ژورەوە بۆ وەرگرتنى وشەى تێپەڕ) دواى وەڵامدانەوەى حەوت پرسیار پاسۆرد و یوزەرنەیمى تایبەت بەخۆیان دەگاتە دەستیان.