نوفمبر 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا وەرگرتنى زانکۆیى خستە بوارى جێبەجێکرنەوە

Classroom logo.jpg

بەئامانجى ڕەچاوکردنى حەزوئارەزوەکانى خوێندکار و پێدانى سەربەخۆى زیاتر  بەزانکۆکان و، بەفیڕۆنەدانى هەوڵ و تواناکانى مامۆستا و خوێندکار و خەرجیەکى زۆر، بۆ یەکەمین جار لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەبڕیارى ئەنجومەنى وەزارەت، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لە ساڵى نوێى خوێندنەوە سیستمى وەرگرتنى زانکۆیى جێبەجێ دەکات.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەئیمزاى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنمایى ژمارە (١٠)ى ساڵى (٢٠١٦) تایبەت بەوەرگرتنى زانکۆیى بەنوسراوى ژمارە (١١٠٤٣) پەسند کرد.

لەو ڕێنمایەدا خاڵە سەرەکیەکانى سیستمى وەرگرتنى زانکۆیى و ئەو بەشانە دەستنیشان کراوە کە لە ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) خوێندکار بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ وەردەگرن.

بەپێى خاڵى یەکەمى ڕێنماییەکە پلانى وەرگرتنى سیستمى زانکۆیى ڕاستەوخۆ لەلایەن (زانکۆ، کۆلێژ، فاکەڵتى، پەیمانگە، سکوڵ، بەش) ئامادەو جێبەجآ دەکرێ، هەروەک بەپێى ئەو ڕێنماییە خوێندن بەم سیستمە کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیار و بەشەکانى یاسا ناگرێتەوە.

لەهەمان کاتدا و بەپێى خاڵێکى دیکەى ڕێنماییەکە کەمترین نمرەى پیشبڕکێی وانەى پسپۆڕ لەلایەن بەشى زانستى بەپێى تایبەتمەندى و پسپۆڕییەکانیان دیارى دەکرێ، لە ڕێنماییەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو کە دەرچوانى ئامادەیى ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦)، کە کۆنمرەیان لە (٦٠) زیاترە دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن بەو مەرجەى کە تەمەنیان لە (٣٠) ساڵ زیاتر نەبێت، بەهەمان شێوە دەرچوانى ئامادەیى ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراون و کۆنمرەیان لە (٦٠) زیاترە دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن. ڕێنماییەکە جەختى لەسەر ئەوەش کردۆتەوە کە خوێندکار بۆى هەیە تەنها داواکارى پێشکەش بە یەک زانکۆ بکات.

سەبارەت بە وادەى پێشکەشکردن، بەپێى ڕێنماییەکە خوێندکارانى دەرچوى ئامادەیى دەتوانن لە ڕێکەوتى (٢٤/٧/٢٠١٦) تا (٢٤/٨/٢٠١٦) سەردانى تۆمارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى فۆرم و پێشکەشکردنى داوا، هەروەک لە ڕێکەوتى (٢٨/٨/٢٠١٦) تا (١/٩/٢٠١٦) تاقیکردنەوە بەشێوەی (نوسین و زارەکى) ئەنجام دەدرێ و، ڕێژەى (٤٠%)ى وەرگرتن لەسەر ئەنجامى ئەو تاقیکردنەوەیە دەبێت و، ڕێژەى (٦٠%) لەسەر کۆنمرەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى دەبێت و ، لە ڕێکەوتى (١٨/٩/٢٠١٦) ناوى وەرگیراوان لەلایەن زانکۆ وە ڕادەگەێنرێ، هەر خوێندکارێکیش کە وەرگیرا مافى پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان بە ڕێگەى (زانکۆلاین)ەوە نامێنێ.

جێبەجێکردنى ئەم سیستمە نوێیە، کە بۆ ساڵى نوێى خوێندن لە (١٠٢) بەشى زانستى لە زانکۆکان جێبەجێى دەکرێ، لە کۆبونەوەى ژمارە (٤)ى ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى لەسەر درا، کۆبونەوەکە لە ڕێکەوتى (٣١/٥/٢٠١٦) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و  بەئامادەبونى ڕاوێژکارانى وەزیرى خوێندنى باڵا و سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان و  بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو و تایبەت کرابو بەبڕیاردان و دانانى هێڵە گشتیەکانى سیستمى زانکۆیى بۆ وەرگرتن خوێندکارانى دەرچوى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان.

 

 بۆبینینى سەرجەم بەشەکان تکایە لەم وێنانەى خوارەوە بکە......